بافڵ تاڵەبانی دواى خهرجکردنى دهرماڵهى خوێندکاران پهیامێکى بڵاوکردهوه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێكدا كە بەبۆنەی خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران لەلایەن حكومەتەوە، بەڵێندەدات بە خوێندكاران لەگەڵیاندا دەنیشێت و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی لەپێناو ریفۆرم لە خوێندن و پێشخستنی خوێندنی باڵا و فەراھەمکردنی کەشێکی لە بارتر.
لە سەرتای پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیدا هاتووە: خۆشحاڵم کە دەرماڵەی (پشتیوانی دارایی) خوێندکاران خەرجدەکرێت، ئەمە مافێکی رەواتانە و ئەرکی حکومەتە ژیانێکی باشتر بۆ ئێوە، کە نەوەی ئێستا و داھاتوون، مسۆگەر بکات.
دەشڵێت: لام روونە لە چ بارودۆخێکی سەختدا دەژین و لە خەمی داھاتووتانن، چەند پەرۆشی تەواوکردنی خوێندن و چاو لە ئاسۆن بۆ داھاتووتان. رێگرییەکان ھەرچییەک بن من برا و پشتیوانتانم و لەگەڵتانم بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانتان و رەوینەوەی خەمەکانتان.
هاوسەرۆكی یەكێتی بەڵێنبە خویندكاران دەدات سەرەڕای ئەرکەکانی لە بەغدا، بە زووترین کات دەگەڕێتەوە لەگەڵیاندا دادەنیشێت بۆ گوێگرتن لە داواکارییە زانستییەکانیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین لەپێناو ریفۆرم لە خوێندن و پێشخستنی خوێندنی باڵا و فەراھەمکردنی کەشێکی لە بارتر بۆتان تا وەک خوێندکارێکی ئازا و ئازاد خۆتان تەرخانبکەن بۆ خوێندنەکەتان. دڵنیابن لەگەڵتانم و بەجێتان ناھێڵم، خەمی من خەمی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی پڕ زانیاری و زانستە کە داھاتووی کۆمەڵگەکەمان بە باشترین شێوە بنیادبنێنەوە.
