جەنگی سوریا کۆتایی هات و ئەمریکا دۆڕا
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی- فۆرین پۆلیسی
سەرەتای مانگی پێشوو هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئاڵای خۆیان لەشارۆچکەی دەرعای باشوری سوریا هەڵکردو ئاهەنگیان گێڕا. هەرچەندە خوێنڕشتن جارێ کۆتایی پێنەهاتوە، بەڵام هەڵکردنی ئەم ئاڵایە سومبولێکی بەرچاوبوو چونکە هەر لەو شارۆچکەیە بوو لە ٣/٦/٢٠١١دا شۆڕش هەڵگیرسا، شۆڕشێک کە لەکۆتاییدا کپکرا.
شەڕی ناوخۆی سوریا کەهەموو وڵاتی گرتەوەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاڕادەیەک ئەوروپاشی نائارامکرد بەم نزیکانە کۆتایی پێدێت. بەشار ئەسەد، ئەو سەرکردەیەی دەوترا «درەنگ یان زوو» هەر دەڕوخێت، لەسەرپێ مایەوە بەیارمەتی ڕوسیا و ئێران و حیزبوڵاو دژی گەلەکەی خۆی.
واشنتۆن تائێستا هێندە سەرقاڵی هەرا ناوخۆییەکانی بوە کاتی نەبوە بیر لەوە بکاتەوە کە لەئێستادا نزیکەی ٥٠٠ هەزار سوری کەمتر لەجیهاندا هەن بەبەراورد بەو ڕۆژەی کە حەوت ساڵ لەمەوبەر دەستەیەک کوڕی گەنج لەسەر دیوارەکانی دەرعا نوسییان «گەل داوای ڕوخاندنی ڕژێم دەکات». بەڵام ئێستاو دوای یەکلابونەوەی جەنگی سوریا جێگای خۆیەتی کەبپرسین لەئێستادا پێگەو هۆکاری هەبونی ئەمریکا چیە لەم ڕۆژهەڵاتە ناوەڕاستە نوێیەدا. یەکەم کاریش کە دەبێت ئەمریکا بیکات وەلانانی ئەو مێشکە چەقبەستوانەیە کەپلان و ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دادەنێن لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەبەشێک بوون لەو بێ سەروبەرەیی و داڕوخانەی سوریا.
شۆڕشی سوریا لەکاتێکی زۆر گونجاودا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد، کاتێک بوو کە لەوە دەچوو ویست بۆ ئازادی لەهەموو لایەکەوە سەریهەڵدابێت. زۆر زوو دوابەدوای ڕوخانی دەسەڵاتی سەرۆکە چەقبەستوەکانی تونس و میسر، جوڵانەوەی گەلی سوریا لەدەرعاوە دەستیپێکردو پەرەیسەند. هەر ئەمەبوو بیرکردنەوەی دیپلۆمات و یاسادانەرو تاشیکەرەوە و ڕۆژنامەنوسەکانیشی تێکدا کەنەیانتوانی جیاوازی لەنێوان ئەسەدەکان و بین عەلیەکاندا بکەن و لەجیاوازی پێکهاتەی ڕژێمی سوریاو میسر تێبگەن.
لەبەرئەوەی پلانداڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا چاوەڕێیان نەدەکرد سەرۆکە سوریەکە زۆر لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەمریکا دەستەوەستان بوو کاتێک ئەسەد بڕیاریدا ستراتیژێکی کاریگەرو دیار بەکاربێنێت کە بەسەربازیکردنی شۆڕشەکەبوو. دوای ماوەیەک، میلیشیا جیاوازەکان و جیهادیەکان و هێزە لۆکاڵیەکان بەپاڵپشتی ڕوسیا هەموو لە کێبڕکێدابون بۆ دەسەڵات و ئەمەش کارەکەی بۆ ئەمریکا تەواو قورسکرد کە لەم میانەیەدا بەرژەوەندیەکانی بدۆزێتەوە. واشنتۆن ئیدانەی خوێنڕێژیەکەی کرد، هاوکاری بۆ ئاوارەکان ناردو بەدوودڵی پاڵپشتی هەندێک لەهێزە شۆڕشگێڕەکانی کرد، هاوکات بۆردومانی دەوڵەتی ئیسلامی دەکرد، بەڵام جگە لەمە بەشێوەیەکی گشتی دورەپەرێز لەجەنگی سوریا وەستابوو.
گەر هەر کەسێک وابزانێت ئەمە تەنها ئەجێندای باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بوو بۆ هاتنە دەرەوە لەکێشمەکێشمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا بابزانێت کەئەجێندای سەرۆکەکەی دوای خۆی جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە. تەنها جیاوازی ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ سورە لەسەرئەوەی دوای بەزاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، سوریا بەتەواوی بداتە دەست ڕوسیا. کاتێک لاشەکان لەسەر یەک کەڵەکە دەبوون، واشنتۆن تەنها ئەوەندەی کرد کەدڵگرانی خۆی بەیان بکات بەرانبەر ئەم دۆخە دۆزەخییەی لە سوریا دەگوزەرا.
زۆرێک لەڕاوێژکاران و پلاندانەرانی ئەمریکا کەپێیانباشبوو وڵاتەکەیان دەستوەرنەداتە ڕوداوەکانی سوریا یان دەستوەردانەکانی کەمبکاتەوە ڕاستگۆبون لەگەڵ خۆیان و قەناعەتیان بەو بڕیارەیان هەبوو. ئەوان سەیری پڕۆسەی ئازادی ٢٠٠٣ی عێراقیان کردو دەیانبینی چۆن ناوچەکەی نائارامکرد، هێزی بەخشیە ئێران، پەیوەندیەکانی لەگەڵ دۆستەکانی ئەمریکای تێکداو هاوکات توندوتیژی توندڕەوەکانی زیادکرد، ئەمەش هەموو هەژمونی ئەمریکای لەناوچەکە کەمکردەوە. بەڵام ئەوانەی باوەڕیان وابوو نەیانزانی کە دەستوەرنەدان لەڕوداوەکانی سوریا هەمان ئامانجی هەبوو: نائارامی ناوچەکە، بەهێزبونی ئێران، تێکدانی پەیوەندیەکان لەگەڵ دۆستەکانی ئەمریکاو هاوکات زیادبونی گروپە تیرۆریستیەکان. بڕیاری دەستوەرنەدان لەڕوداوەکانی سوریا ڕەنگە سیاسەتێکی باشبوبێت، بەڵام ئەم بڕیارە باجەکەی کەمبونەوەی پێگەی ئەمریکابوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمریکا ئامادەنەبوو هێزە بێهاوتاکەی بەکاربهێنێت بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە ڕەنگە خراپ نەبوبێت، لەکۆتاییدا کەس نایەوێت عێراقێکی تر دوبارەبێتەوە. بەڵام لەغیابی واشنتۆندا مۆسکۆ هاتەپێشەوە وەک هاوپەیمانێکی باشترو پڕ پەیمانتر بۆ وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تائێستا بەس سوریەکان ئەم ئۆڤەرەی ڕوسیایان قبوڵکردوە، بەڵام لەئێستادا لەوەدەچێت ویستێکی زۆر هەبێت بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ ڕوسیادا، جەنگی سوریاش یەکێکە لەهۆکارە دیارەکانی ئەم ویستە.
سوریا لەئێستادا چەقی سراتیژی ڕوسیایە بۆ دووبارە خۆسەپاندن وەک هێزێکی جیهانی. هەژموونی ڕوسیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕۆژهەڵاتی دیمەشقەوە تاهەرێمی کوردستانی عێراق و ئێران دەکشێت و لەباشوری دیمەشقەوە تامیسرو بەڕۆژئاوادا تالیبیا دەکشێت.
ئیسڕائیل و تورکیاو وڵاتانی کەنداو هێشتا وەک سەرکردەیەک لەئەمریکا دەڕوانن، بەڵام لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن بەرژەوەندیەکانیان سەقامگیربکەن لەگەڵ ڕوسیا. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زۆرجار لەبەرەی پوتین دەبیندرێت؛ سەرۆکەکانی تورکیاو ئێران لەجەنگی سوریادا لەگەڵ ڕوسیا هاوبەرەن، مەلیک سەلمانی مەملەکەتی سعودیە بۆ یەکەمجار لەئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا سەردانی مۆسکۆی کرد، ئیماراتیەکانیش پێیانوایە کە ڕوسیا دەبێت «لەسەر مێزی گفتوگۆبێت» لە بابەتە گرنگەکانی ناوچەکەدا. ماوەی ٢٥ ساڵ زەمەنی ئەمریکابوو کە هەرخۆی بەتەنها مەیدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدەستبوو ناوچەکەی بەشێوەیەک کۆنترۆڵکردبوو کەجێبەجێکردنی دەسەڵاتی خۆی ئاسانکردبوو. ئەمە کۆتایی پێهات.
لەکۆتاییدا، بارودۆخی سوریا ئەوە نیشاندەدات کەئەمریکا بەبێباکی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت و ئەو بەرژەوەندیانەی بەرپرسانی ئەمریکا ساڵانێکی زۆر بەگرنگیان دادەنان لەناوچەکە گرنگیان کەمیکردوە. بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نەوت و ئیسرائیل بوە، هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆشی لەناوچەکە لەبەر ئەم دوو بەرژەوەندیەی بوە. بەڵام لەئێستادا ئەمریکیەکان دەپرسن، گەر ئەمریکا دەبێتە سێیەم بەرهەمهێنی نەوت، ئیدی بارەگا سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ دەبێت کەنداوی عەرەبی بتەنن؟ دوای دوو جەنگی بێئەنجام لە ١٧ ساڵی پێشوودا کەس ناتوانێ قەناعەت بە ئەمریکا بکات کەڕژێمەکەی ئەسەد کێشەی ئەوانە.
بابەتی ئیسرائیل کەدوەم بەرژەوەندی ئەمریکا بوە ئێستاش بابەتێکی پڕ قسەوباسە، بەڵام زیاتر لە ٧٠ ساڵی مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەوەی سەلماندوە کەئەو وڵاتە دەتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەربکات. هەردوو سەرۆک، ئۆباما و ترەمپ، کاریان لەسەر ئەجێندای کشانەوە کردو هەردوو سەرکەوتوو بوون.
لەئێستادا کاتی ئەوە هاتوە مێزگردێک لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. دوو ڕای جیاواز هەن، یەکێکیان دەڵێت کەبەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دەیسەپێنن کە ئەو وڵاتە ڕۆڵێکی کارای لەناوچەکەدا هەبێت. ڕاکەی تریش پێیوایە بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەمریکا دەکرێت بەدەستبهێندرێت بێ جەنگی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی ئاشتی و کۆبونەوەکانی جنێڤ. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەئێستادا لەنێوان ئەم دوو ڕایەداو لەنێوان بێباکی و ترس لەگۆڕانکاریدا تیاماوە. لەم بارودۆخەشدا سوریاو ڕوسیاو ئێران بەردەوامدەبن لەبردنەوە.
وەرگێڕان لەئینگلیزیەوە: یاد قوربانی