پۆلیسی بەریتانیا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەکوشتنی دوو کورد بڵاودەکاتەوە
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی- کاوە ڕەش، بەریتانیا
پۆلیسی بەریتانیا لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا ئەنجامی لێکوڵینەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە لەسەر کوشتنی دوو کوردی کەمئەندام کە لەشاری بریستۆڵی بەریتانیا دەژیان، ئەمەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستانیان بەجێهیشت بەرەو هەندرەران.
ڕۆژنامەی ئیندیپێندیتی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە کامیل ئەحمەد، پیاوێکی کەمئەندامی کوردەو لەساڵی ٢٠١٢، لەکوردستانی عێراقەوە بەهیوای ژیانێکی ئارام و سەلامەت گەیشتۆتە بەریتانیا. وەک خۆی ئاماژەی پێداوە بەهۆی زوڵم و ستەم و ئەشکەنجەوە، وڵاتەکەی بەجێهێشتوەو لەشاری بریستۆڵ گیرساوەتەوە، بەڵام داواکاری مافی پەنابەری و مانەوەی ڕەتکرابۆوە.
کامیل لەتەمموزی ٢٠١٦ کوژرا، ئەویش دوای سێ ساڵ و هاوشێوەی کوشتنی کوردیکی دیکەی کەمئەندامی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەناوی بێژەن ئیبراهیمی، کەئەویش ئێرانی بەجێهیشت و لەبەریتانیا گیرسایەوە.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیانی، ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بڵاویکردۆتەوە، هەریەکە لەشارەوانی شاری بریستۆڵ و پۆلیسی ئەوشارە ڕووبەڕوی لێپێچینەوەو سزا کرانەوە بەهۆکاری کەمتەرخەمی لەسەر کەیسی کوشتنی بێژەن ئیبراهیمی. لەنێویاندا چوار پۆلیس لەکارەکانیان دوورخرانەوە، دوو پۆلیسی دیکەش سزای زیندانیکردنیان لەلایەن دادگاوە بۆ بڕاوەتەوە.
بێژەن ئیبراهیمی دوای چەندین سکاڵای بۆلای پۆلیس و شارەوانی شارەکەی کە دژ بەدراوسێکانی و کەسانی ڕەسیزمەوە تۆماری کردبوون، لەتەمەنی ٤٤ ساڵیدا بەدەستی دراوسێکەی بەناوی لیی جەیمس کوژرا، گوایە بێژەن کەسێکی منداڵباز بوە، بەڵام دواتر گوتویەتی ئەو بەهەڵە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.
لەدوا بەدواداچون و لێکوڵینەوەی فەرمی پۆلیسدا لەسەر کەیسی ئەو دوو کوردە، کەهەردوکیان کەمئەندام بوون و دانیشتوی شاری بریستۆڵی بەریتانیا بوون، پۆلیس ئەوەی بۆ ڕوونبۆتەوە کە هەردوو کوشتنەکە، هۆکارەکەی پەیوەستە بۆ ڕق و نەژادپەرستی، ئەمە سەرباری کەمتەرخەمی لایەنی شارەوانی و دەزگای پۆلیس و بریکاری فەرمانگەکانی کەمئەندامان و کۆچبەران.
هەردوو قوربانیەکە بەر لەکوشتنیان بەدەستی ڕەگەزپەرستەکان، چەندین جار سکاڵایان لای پۆلیس تۆمارکردوە، لەسەر مەترسی هەبون لەسەر ژیانیان.
بێژەن ئیبراهیمی، بەپێچەوانەی کەمال ئەحمەدەوە، کەڕەوشی پەنابەریەکەی جیاوازە، بەوەی کەئەو مافی مانەوەشی هەبووە، بەڵام پۆلیس و دەزگا بەرپرسەکان کەمتەرخەمیان نواندوە بەوەی نشوستیان هێناوەو نەیانتوانیوە ژیانی ئەو بپارێزن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرت و سکاڵایانەی بێژەن بەر لەکوشتنی دابووی بەپۆلیس و ئێستا پۆلیس ئاشکرایکردوە، هەمووی پەیوەستە بەهەڕەشەو سوکایەتیپێکردن لەلایەن کەسانی نەژادپەرستەوە.
سەرباری ئەوەش، پۆلیس وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵ سکاڵای قوربانیەکان نەکردوە.
بونی ڕەوشی خراپی پەنابەرانی بێ مافی مانەوە بەتایبەت ئەوانەشی کەمئەندامن، وایکردوە ئەوان نەتوانن بەپێی داواکاری و ئارەزووی خۆیان بتوانن شوێنی نیشتەجێبون هەڵبژێرن و داوای جێگۆڕکێ بکەن.
رۆژنامەنوسێکی ڕۆژنامەی ئیندیپێندیتی بەریتانی لەچاوپێکەوتنێکدا کە لەساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ کەمال ئەحمەد ئەنجامیداوە، باسی نائومێدی و نەهامەتیەکانی دەکات، کە لەبەریتانیا چی بەسەرهاتوە. هەروەک خۆی دەڵێ، ژیانی ئەوێ بۆ ئەوی کەمئەندام، لەئازارو ئەشکەنجەی زیندانی ئەبوغرێب دەچێت کە کاتێک لەعێراق بوە تێیدا زیندانی کراوە، سەرباری ئەوەش بەریتانیا مافی پەنابەری ڕەتکردۆتەوە.
زۆرێک لەخەڵکی کاتێک دێنە ناو سێکتەری داواکاری پەنابەریەوە، کەمئەندامن یاخود لەمیانەی گەشتی کۆچکردنیان لەڕێگاوە بەهۆکارەکانی گواستنەوە کەمئەندامبوون .
ڕۆژنامەوانەکە دەڵێ، لە ئەنجامی بەدواداچون دیمانەی چەند پەنابەرێکدا، بۆی دەرکەوتوە کەسیستەمی وەرگرتنی پانەبەری بۆ ئەوانەی مافی مانەوەیان ڕەتکراوەتەوە، وەک ئازاردانی دەروونی وایە بەتایبەت ئەگەر پەنابەر کەمئەندام بێت.
ڕۆژنامەوانەکە دەڵێ، دیدارم لەگەڵ چەند کەسێک کردوە کە نائومێدبوون لەداواکاری پێدانی پەنابەریدا، یەکێک لەوان بەهۆی خۆهەڵدانەوە لەپردێکی بەرز تووشی برینداربونی جەستەی بووە، هەرەها گرفتارو پەرێشانی درێژخایەن تەنگی پێهەڵچنیوە. یەکێکی دیکەش بەهۆی نوستنی بەردەوامی لەسەر کورسی پارکەکان توشی ئازاری شان و پشت هێشان بۆتەوە.
ڕێکخراوە خۆبەخش و هاریکاریەکانی پەنابەران، سکاڵاو ناڕەزای دەردەبڕن دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرە کەمئەندامەکان، بەوەی کەمترین هاوکارییان دەکرێ، لەڕووی خەرجی و شوێنی نیشتەجێبون. بەهۆی نەبوونی مافی مانەوەی پەنابەر ناتوانێت ئەو شوێنە هەڵبژێرێت کەخۆی ئارەزوو دەکات لێی بژی یاخود نزیک بێت لەهاوڕێ و کەسوکاری.
بەڵکو لەو شارو ناوچانە نیشتەجێیان دەکەن، کەنرخی خانوو تێچو ژیان هەرزانە. لەوکاتەوەی مەرگەساتی کامیل و بێژەن ڕوویداوە چەندین کۆمەڵەو ڕێکخراوو گروپ، گەشەیان سەندوەو سوربونی خۆیان ڕاگەیاندوە تا بتوانن مافی یاسایی بۆ قوربانیەکان وەربگرن. هەرەها بتوانن بەرگری لەژیانی مرۆڤانەی ئەو کەسانە بکەن، کەپێویستان بەکۆمەککردن هەیە لەهەموو بوارەکاندا.
ئەوان دەڵێن، جیگای شانازییە تائێستا 18 ڕێکخراو ئامادەی هاریکاریی و هەماهەنگی خۆیان نیشانداوە، بۆ باشکردنی سێکتەرەکانی پەنابەری، بەتایبەت بۆ پەنابەرە کەمئەندامەکان کە لەناویاندا گروپی کەمئەندامان هەن.