پاداشتی سێ مانگی كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا لەدهۆك نادرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
حكومەتی هەرێم جگە لەمووچەیان پاداشتێكی بۆ ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانەی دابین كردووە كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن، بەڵام تائێستا پێییان نەدراوە .
عەبدولستار ئەحمەد، كارمەندی تەندروستی لە بەشی تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا كەهەر 2019 و سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا لەسەر كارەكەی بەردەوامە بە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لە 2019 سەرۆكی حكومەت پاداشتێكی تایبەت بۆ ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانە دابین كرد كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن، لە مانگی نیسانی 2019 ئەو بڕە پارەیەیان وەرگرت، وتیشی:» مانگانە 500 هەزار دینار بوو، بەڵام بەداخەوە لە 2021 كەمكرایەوە بۆ 300 هەزار دینار «
عەبدولستار ئەحمەد ووتیشی « پاداشتەكانی مانگی 11 و 12 ساڵی 2020بە ئێمە نەدراوە و خوڕاوە، دواتر لە 2021 پاداشتەكەی من و تەواوی كارمەندان كەمكرایەوە ، هی من 200 هەزار یان بڕی ، سەرەتا 500 هەزار دینارم وەردەگرت ئێستا بووە بە 300 هەزار دینار ، چەند جارێك پرسیارمان كردوە كوا پارەی ئەو دوو مانگە بە ئێمە دەڵێن پارە نیە»
«جارێك سەرۆكی حكومەت سێ ملیار دینار و جارێكی تر 905 ملیۆن دینار بۆ ئەو كارمەندانە دابین كرا كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن ، پرسیاری ئەو پارەمان كرد دیسان ووتیان بۆ هەندێك شتی تر خەرجكراوە، ژمارەیەك خێرخواز و كەسایەتی و رێكخراوەكان پارەیان بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دابین دەكرد بەڵام بۆئێمە خەرج نەكراوە ، نازانین ئەو پارەیە بۆچ شوێنێك رویشتووە و چوون خەرجكراوە « عەبدولستار ئەحمەد وا دەڵێت .
سەباح عەلی ، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « بەدواداچوونمان كردوە بۆ ئەو بابەتە دەڵێن پارە نەماوە بۆ ئەو كارمەندانە خەرجی بكەین كە بڕی پێویستی پارەكە بۆ ئەو كارمەندانە دابین كرابوو، بەڵام دیارنەماوە «