سه‌مه‌د محه‌مه‌د: ئه‌و پاره‌یه‌ى له تازه‌کردنه‌وه‌ى ساڵانه‌ى ئۆتۆمبیل وه‌رده‌گیرێت، تائێستا چاومان پێنه‌که‌وتوه
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى مه‌عروف مه‌جید
حاکم سه‌مه‌د محه‌مه‌د سه‌رۆکى ده‌سته‌ی ژینگه باس به کێشه گرفته‌کانى ژینگه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و هۆکارى سه‌ره‌کى پیس بونى ژینگه ده‌خاته ئه‌ستۆى حکومه‌ت.
حاکم سه‌مه‌د له دیمانه‌یه‌کى هاوڵاتى دا ئاماژه به‌وه‌ده‌کات ئه‌و بره پاره‌یه‌ى له تازه‌کردنه‌وه‌ى ساڵانه‌ى ئۆتۆمبیل وه‌رده‌گیرێت به‌ناوى ژینگه‌وه تا ئێستا هیچی نه‌دراوه به ده‌سته‌ى ژینگه.
هاوڵاتى: هه‌رێمى کوردستان له ئێستادا ده‌توانێ به ده‌سته‌یه‌ک کاره‌کانى ژینگه رایی بکات یان پێویستبوو وه‌زاره‌تێک یان ئه‌نجومه‌نێکى سه‌ربه‌خۆیی تایبه‌تى هه‌بوایه؟
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: به‌دڵنیاییه‌وه ده‌سته‌یه‌ک به‌م پێکهاته‌یه‌ى ئێستاوه ، وه‌ک ده‌سته‌ى پاراستن و چاککردنى ژینگه، ناتوانێ به‌سه‌ر گرفته ژینگه‌ییه‌کاندا زاڵ بێت ، که رۆژ له دواى رۆژ کێشه‌و گرفته ژینگه‌ییه‌کان زیاتر و کاریگه‌رییه خراپه‌کانیان رونتر ده‌رده‌که‌ون .
به شێوه‌یه‌کى گشتى هه‌یکه‌لى حکومه‌تى هه‌رێم پێویستى به پێداچونه‌وه‌یه‌کى گشتى و ریشه‌یی هه‌یه ، پێویسته ئه‌و ده‌سته‌و فه‌رمانگانه‌ى کار بۆ ژینگه ده‌که‌ن له چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تێکى گه‌وره و به‌هێز و خاوه‌ن بریار کۆبکرێنه‌وه ، نییه‌تى حکومه‌ت هه‌رێم بۆ پرسى ژینگه زۆر له‌وه زیاتره تاکو ئێستا به کرده‌یی کراوه، وه ئه‌نجومه‌نى پاراستنى ژینگه له ئێستادا پێویستى به ده‌ستکارى کردن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى به‌هێز و کاریگه‌ر بێت.
هاوڵاتى : بچوککردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت بۆ ده‌سته چى واتایه‌ک ده‌به‌خشێت؟ ئایه ئه‌مه به‌که‌م سه‌یرکردنى ژینگه نییه؟ یاخود بوونى وه‌زیرێک به پێویست نازانیت بۆ ئه‌وه‌ى کێشه ژینگه‌ییه‌کان بگه‌یه‌نێته ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران؟
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: بچوککردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت بۆ ده‌سته کاریگه‌رى نه‌گه‌تیڤى هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌ندێک له کاره‌کان و قورسایی ده‌سته، چونکه سه‌رۆکى ده‌سته به‌شدارى کۆبونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ناکات ، تا له‌وێ به‌رگرى بکات له ژینگه و بابه‌ته ژینگه‌ییه‌کان و هه‌روه‌ها داکۆکى بکات له بابه‌ته ژینگه‌ییه‌کان و بیان خاته ناو بریاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ندێ بابه‌ت پشتگیرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى پێویسته، ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ت بوایه ئه‌وا وه‌زیره‌که‌ى زیاتر ده‌یتوانى ئه‌و پاڵپشتییه به ده‌ستبهێنێت، وه له ئێستاوه هه‌وڵمان داوه له کابینه‌ى داهاتوودا ژینگه وه‌زاره‌تێکى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێت.
هاوڵاتى: هۆکرى چییه ته‌نها له پێنج شوێن فه‌رمانگه‌تان هه‌یه‌و له شار‌و شارۆچکه‌کانى تر هیچ فه‌رمانگه‌یه‌کتان نییه؟
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: تاوه‌کو ئێستا له هه‌رێمدا ته‌نها له هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیداره‌کانى راپه‌رین و گه‌رمیان، فه‌رمانگه‌مان هه‌یه که پێویسته له چه‌ندین شوێنى تر فه‌رمانگه بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌هۆى دۆخى قه‌یراناوى هه‌رێم نه‌مانتوانیوه ئه‌وه بکه‌ین ،وه پێویستیش ناکات له هه‌موو شار و شارۆچکه‌کان فه‌رمانگه‌مان هه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه کاره‌کانمان چاودێرى کردنه. شێواز زۆره بۆ چاودێرى کردنى و سود بینین وه هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تر ئیشى ژینگه مه‌یدانییه نه‌ک له چوارچێوه‌ى ئۆفیس و چوار دیواردا .
هاوڵاتى : له رووى لێپرسینه‌وه و ده‌سته چى ده‌سه‌ڵاتێکى هه‌یه به‌رامبه‌ر سه‌رپێچییه ژینگه‌ییه‌کان؟
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: به گوێره‌ى یاسای ژماره هه‌شتى ساڵى 2008 ده‌رچووه ، کۆمه‌ڵێک سزاى دیارى کردووه، به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ى که پێشێلکارى ده‌که‌ن به‌رامبه‌ر ژینگه، وه‌کو ئاگادار کردنه‌وه راگرتنى کاره‌که، لێسه‌ندنه‌وه‌ى مۆڵه‌تى کارکردن، داخستن، سزادان و غرامه‌کردن و به‌ندکردن، ئه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ن که ده‌سته ده‌توانێ ئه‌نجامى بدات.
هاوڵاتى: له هه‌رێمى کوردستان سندوقێک هه‌یه به‌ناوى سندوقى ژینگه‌یی تا چه‌ند کارایه؟
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: سندوقى ژینگه به گوێره‌ى ماده‌ی ژماره 10 له یاسای ژماره 8ى پاراستن و چاککردنى ژینگه، رێنمایی ته‌واوى بۆده‌رکراوه و دامه‌زاوه، ئه‌و سندوقه کارده‌کات و ئه‌و پارانه‌ى له سزادان کۆده‌کرێنه‌وه ده‌خرێنه ناو ئه‌و سندوقه‌وه ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ندان جار داوامان کردووه له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتى سه‌رفکردنى بدات به ده‌سته بۆ ئه‌وه‌ى له پێناو خزمه‌تکردنى ژینگه کارى پێبکه‌ین، تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتمان پێنه‌دراوه بۆیه ئه‌م سندوقه نه‌خراوه‌ته خزمه‌تى ژینگه‌وه .
هاوڵاتى : برێک پاره به‌ناوى ژینگه له‌کاتى تازه‌کردنه‌وه‌ى ساڵانه‌ى ئۆتۆمبیل له شۆفێران وه‌رده‌گیرێت ئه‌و پاره‌یه بۆ خزمه‌تى ژینگه و ده‌درێت به ئێوه؟.
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: ئه‌و بره پاره‌یه‌ى له تازه‌کردنه‌وه‌ى ساڵانه‌ى ئۆتۆمبیل وه‌رده‌گیرێت به‌ناوى ژینگه‌وه تا ئێستا یه‌ک تاکه دینارى نه‌دراوه به ده‌سته‌ى ژینگه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆ خزمه‌تى ژینگه به‌کار نه‌هاتووه، خه‌ڵکیش واده‌زانن ئه‌وه ده‌سته‌ى ژینگه‌یه پاره‌یان لێوه‌رده‌گرێت، بۆیه ته‌نها به‌دناوییه‌که بۆ ده‌سته ماوه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته ئه‌و پاره‌یه بۆ ژینگه سه‌رف بکرێت .
هاوڵاتى: له هه‌رێمى کوردستان به پله‌ی یه‌ک کێ هۆکارى پیسبوون و تێکدانى ژینگه‌یه ، حکومه‌ت به‌رپرسان، که‌رتى تایبه‌ت، هاوڵاتیان؟
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: هه‌مویان هه‌ر یه‌که‌و به رێژه‌یه‌ک کاریگه‌رییان هه‌یه ، هۆکارى سه‌ره‌کى پیس بونى ژینگه بۆ حکومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونکه ئه‌و ده‌توانێت به یاسای و به‌هێز رێگرى بکات له زۆربه‌ى پێشێلکارییه‌کان و و سزادانى ئه‌و که‌س و کارگانه و کۆمپانیایانه‌ى ژینگه پیس ده‌که‌ن و تێکى ده‌ده‌ن، وه هۆکارێکى تر نزمى ئاستى هۆشیارى خه‌ڵک یه‌کێکه له کێشه گه‌وره‌کانى ژینگه و هۆکارى سه‌ره‌کى پیسبونى ژینگه‌یه .
هاوڵاتى: بونى چه‌ندین پاڵاوگه‌ى نه‌وت له کوردستان تاچه‌ند هۆکارن بۆ پیسبونى ژینگه، ئایا مۆڵه‌تى فه‌رمیی کارکردنیان هه‌یه ؟
سه‌مه‌د محه‌مه‌د: ئه‌و پاڵاوگانه‌ى له هه‌رێمدا هه‌ن هیچیان رێگه پێدراونین و مۆڵه‌تیان وه‌رنه‌گرتووه، زۆربه‌یان له‌سه‌ر زه‌وى کشتوکاڵى دانراون، کاریگه‌رى خراپیان له‌سه‌ر هه‌رسێ ره‌گه‌زى ژینگه( هه‌وا ئاو خاک) دروست کردووه، هیچ سه‌ڵامه‌تییه‌ک فه‌راهه‌م نه‌کراوه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى له‌وێ کار ده‌که‌ن، کوالێتى به‌رهه‌مه‌کانیان خراپه، تاکه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه دابخرێن، رێگه به چه‌ند پاڵاوگه‌یه‌کى ستاندارى جیهانى پێشکه‌وتوو بدرێت ،ئێمه له رێگه‌ى داواکارى گشتییه‌وه داوامان دژى هه‌موو پاڵاوگه نایاساییه‌کان جوڵاندووه.
بۆیه‌که‌مجار حکومه‌تى هه‌رێم بریارى دا له ساڵى 2008 وه‌زاره‌تێک به‌ناوى ژینگه‌وه دروست بکات، دواى چوار ساڵ حکومه‌ت بریارى دا وه‌زاره‌ته‌که بچوک بکاته‌وه بۆ ده‌سته ، دواى چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سته‌یه‌دا حکومه‌ت بیرى له‌وه کرده‌وه جارێکى تر بیکاته‌وه به وه‌زاره‌ت و له هه‌مان کاتدا ئه‌و ده‌سته‌یه وه‌زیرێکى هه‌رێم بۆ کاروبارى ژینگه و سه‌رۆکى ده‌سته‌یه‌ک سه‌رپه‌رشتى ده‌کرد، له ئێستادا ده‌سته‌ى پاراستن و چاککردنى ژینگه وه‌کو سه‌رجه‌م ده‌سته‌کان و وه‌زاره‌ته‌کانى تر‌ى حکومه‌ت ته‌نها کار به‌رێکه‌رن و ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌نجامى بده‌ن، بۆیان ناکرێ و به ده‌ست چه‌ندین کێشه و گرفتى ئیدارى و ته‌کنیکییه‌وه ده‌ناَڵینن.