نێرگەلە؛ بۆمبی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان 

سەرەڕای زۆریی باج‌و رەسمی گومرگی، حكومەتی هەرێم دانیپێدا دەنێت بەفەرمی بەشێك لەتووتنەكەی هاوردە دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی دانبەوەدا دەنێت، ئامێری نێرگەلە بەقاچاغ داخڵ دەكرێت، بەڵام بەشێك لەتووتنەكەی بەفەرمی هاوردەی هەرێم دەكرێت و باج و رەسمی گومرگی لەسەر وەردەگیرێت.
‌نێرگەلەكێشان لەم چەند ساڵانەی دواییدا لەهەرێمی كوردستاندا بووەتە دیاردە بەتایبەت لەنێو تووێژی گەنجانداو مەترسییەكانیشی لەسەر تەندروستی مرۆڤ لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕەوە دەخرێتەڕوو.
نێرگەلە ئامێرێكە لەچەند بەشێك پێكهاتووەو بەشی ژێرەوەی شووشەیەو بڕێك ئاوی تێدایەو لەبەشی سەرەوەش بەشی هەڵگری تووتن هەیەو سیم بەكاردێت تا خەڵوزەكەی لەسەر دابنرێت و تووتنەكە گەرم دەكات و هەڵمی ئەو تووتنە گلسرینی كراوە دەگوازێتەوە بۆ ناو ئاوەكەو لە رێگای سۆندەیەكەوە كەسی بەكاركێش هەڵیدەمژێت.
مێژووی نێرگەلە پەیوەستە بە (رووەكەكانی نارجیل)ەوە كە بریتییە لەگوێزی هیندی كە ناوو ئاوەكەی دەردەهێنراو دەكرا بەئامێرێكی تایبەت بەكێشانی دووكەڵ، چونكە گوێزی هیندی دوو كونی تێدایە، یەكێكیان تووتنی لەسەر دادەنراو لەسەر تووتنەكەش پارچەیەك خەڵوزی ئاگرین، لەكونەكەی دیكەشەوە قەسەبێكی تێدەكرا بۆ ئەوەی دوكەڵەكەی لێوە هەڵمژرێت.                                                                                      سەرەتاكانی بەكارهێنانی نێرگەلە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی فارسی كۆن و هیندستان و ئەمە پێش سەدەیەك لەمەوبەر.
نێرگەلە ئەمڕۆ لەهەموو وڵاتانی عەرەبیدا بڵاوبووەتەوە بەتایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسر، لەوڵاتە ئەوروپییەكانیشدا وەك فەڕەنساو بەڕیتانیاو هەروەها روسیاو چەند وڵاتێكی دیكە بەربڵاوە، بەڵام زۆرترین بەكارهێنان و گرنگیپێدانی لەسەردەمی عوسمانییەكاندا بۆ كراوە بەجۆرێك كە لەو سەردەمەدا رێز لەكەسێك بگیرابا ئەوا سێتێكی نێرگەلەیان پێدەبەخشی ئەمەش وایكرد كە نێرگەلە سیمای شارستانیبوون و كەشخەیی وەربگرێت.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت لەگومرگە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستاندا ئامێری نێرگەلە هاوردەی هەرێم ناكرێت، بەڵكو تووتنەكەی بەفەرمی دێت.
ساماڵ عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت، لەگەڵ دروستبوونی دیاردەی نێرگەلەكێشان  لەم چەند ساڵانەی دوایدا لەنێو گەنجاندا، لەبەر بەرپرسیارێتی تەندروستی هاووڵاتیان یاسای گومرگی هەرێم و پێناسەی گومرگی هەرێمی كوردستان رێگە بەهاتنە ناوەوەی ئامێری نێرگەلە نادات و قەدەغەكراوە.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان وتیشی: « قاعیدەی ئەو نێرگەلانەی دێنە هەرێمی كوردستانەوە بە دوو رێگا دێن، یان بەشێوەی قاچاغ دێن یان لە رێگای بەغداوە، چونكە هیچ بازگەیەكی گومرگی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیدا نییە».
هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد تووتنی نێرگەلەش بەشێكی زۆری كەنزیكەی سێ لەسەر چواری لەباشووری عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستان و بەشێكی كەمی لەدەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە داخڵ دەكرێت.
«گومرگی یەك تۆن، توتنی ئاسایی 400 دۆلارە و لەو بڕەش 50 دۆلار بۆ سندوقی شێرپەنجە و 50 دۆلار بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی رەسمی وەردەگیرێت، بەڵام گومرگی یەك تۆن توتنی معسل بۆ نێرگەلە 700 دۆلارەو 50 دۆلار بۆ سندوقی شێرپەنجەیەو 50 دۆلاریش بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی وەردەگیرێت»، بەرێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی وای وت.
پزیشكێكی پسپۆڕ كێشانی نێرگەلە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكانی ئایدزو سیل
 دكتۆر سەنگەر محەمەد جاف، پسپۆڕی تەندروستی گشتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» زۆرێك لەگەنجان وەك چاولێكەری و هەندێك جاریش وەك ئالوودەبوویەك پەیوەستی نێرگەلەكێشانن لەكافتریاكانداو ئەوەش هۆكارە بۆ خراپی تەندروستییان، چونكە كێشانی نێرگەلە بۆ ماوەی 45 خولەك یەكسانە بەكێشانی 200 جگەرە».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەو پێكهاتانەی لەنێرگەلەدا بەكاردەهێنرێن ناتەندروستن، بەتایبەت دوكەڵی تووتنەكە هۆكاری زۆر كێشەی تەندروستییە لەكۆئەندامی هەناسەداو دەبێتەهۆی تێكچوونی گەشەی ئاسایی و هۆرمۆناتی گەشە تێكدەدات.
هاوكات دەشڵێت: « نێرگەلە دەبێتە هۆی چەندین گرفتی تەندروستی و باوترینیان: بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان، وەك: نەخۆشی سیل و ئایدز و كۆرۆنا،  كە دەبێتە هۆی هەوكردنی رێڕەوی هەناسە لەدەمەوە تا سییەكان و شێرپەنجەی سییەكان و شێرپەنجەی دەم و پوك و شێرپەنجەی بۆری هەناسە».
بەوتەی ئەو پزیشكە، دوكەڵی نێرگەلە سەرووی سێ هەزار پێكهاتەی ماددەی كیمیاییەو باوترین ماددەی كیمیایی بریتییە لەنیكۆتین و ماددەی تار(قیر)و یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، رێژەی نیكۆتین بەگوێرەی تووتتنەكە  دەگۆڕێت، بەڵام یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن پەیوەندی بەخەڵوزەكەوە هەیەو تاخەڵوزەكە زیاتر بێت، یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنەكەش زیاتر دەبێت.
«كێشانی نێرگەلە توانای سێكسی پیاوان كەمدەكاتەوە و بۆ خانمانیش زیانی گەورەی هەیە بەتایبەت بۆ ئەو خانمانەی كە پلانی سكپڕییان هەیەو پێوستە بەهەموو شێوەیەك دووربن لێی»، دكتۆر سەنگەر وای وت.
نێرگەلەكێشێك: بێكاری هۆكارێكە بۆ ئەوەی نێرگەلە بكێشم
بەپێی رێنماییە تەندروستییەكانی حكومەت، هیچ كافتریایەك رێگەی پێنادرێت نێرگەلە بدات بەكەسێك كە تەمەنی لەخوار 18 ساڵییەوە بێت.
محەمەد ئەحمەد، گەنجێكی دەرچووی زانكۆیەو بەهاوڵاتى  وت: « نێرگەلە دەكێشم زیاتر كاتی پێ بەڕێدەكەم و هەندێ كاتیش چێژی لێدەبینم و زیاتر بەهۆی بێكارییەوەیە».
سەرپەرشتیاری كافتریایەك پێیوایە نێرگەلەی فرێش و ئاسایی تەنها رازاندنەوەكەی جیاوازی هەیەو توتنەكەی یەك شتە.
حامید چراغی، سەرپەرشتیاری كافتریایەك لەشاری سلێمانی وتی:»نرخی نێرگەلە بەپێی شوێن دەگۆڕێت و نێرگەلەی فرێش گرانترە لەنێرگەلەی ئاسایی چونكە میوەو رازاندنەوەی لەگەڵدایە و دوكەڵ و تووتنەكەی  زیاترە».
بەشێوەیەكی گشتی نرخی نێرگەلە لەپێنج بۆ حەوت هەزار دیناردایەو گرانترینیان كە بەشێوەی فرێش دەگاتە 40 هەزار دینار بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری كافتریایەك.
وتیشی:» نێرگەلەی فرێش كە نرخەكەی گرانترە زیاتر بۆ ریكلام و دەرخستن و سناپ كردنە و تێیدا جوانكاری بۆ نێرگەلەكە كراوە، گەرنا لەڕووی تامەوە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ نێرگەلەی ئاساییداو تەنها میوەكە جیاوازیانەو جیاوازیەكی كەمیش لەخەڵوزەكەیاندا هەیە، بەجۆرێك كە نێرگەلەی ئاسایی ٥٠ گم خەڵوزی تێدەكرێت، بەڵام نێرگەلەی فرێش ٧٠ گم خەڵوزی تێدەكرێت».
هەرچەندە لەچەند ساڵی رابردوودا تەنها گەنجان و پیاوان دەچوونە كافتریاكان، بەڵام لەئێستادا ئافرەتانیش هاوشێوەی پیاوان روویان لەكێشانی نێرگەلە كردووە،
«موشتەرییەكان پیاوان و ئافرەتان لەخۆدەگرێت بەتایبەت لەكاتی رۆژاندا، بەڵام لەشەواندا زیاتر موشتەرییەكان پیاوانن و لەئێستادا رێژەی ئافرەتانی نێرگەلەكێش زیادی كردووە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار