سەرۆکی ئۆكرانیا: فڕۆکەمان پێبدەن یان روسیا بوەستێنن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆكرانیا لە وتارێکی ڤیدیۆییدا وێڕای داواکردنی چەکی قورس، بانگهێشتی سەرکردەکانی جیهانی کرد بۆ ئەوەی دەستوەردان لە جەنگدا بکەن و گوشار بخەنە سەر روسیا بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی وتی: "روسیا هەوڵدەدات هەموو ئەو کەسانەی لە ماریوپۆل ماون، لەنێو ببات. تەنیا دوو رێگا هەن بۆ راگرتنی ئەمە؛ هاوبەشەکانمان بەشێوەیەکی خێرا و دەمودەست چەکی قورسی پێویستی وەکو فڕۆکەی جەنگیمان پێبدەن بۆ ئەوەی گوشار بخەینە سەر داگیرکەران لە ماریوپۆل و ئابڵووقەی لەسەر هەڵبگرین، یان ئەوەتا رێبازی گفتوگۆ بگرینەبەر، لەوەشدا، دەبێت رۆڵی هاوبەشەکانمان یەکلاکەرەوە بێت".
قسەکانی زیلینسکی لە کاتێکدان، ماریۆپۆل نزیکە لەوەی بکەوێت، زۆربەی شارەکە کەوتووەتە دەست ووسیا و ئەو سەربازە ئۆکراینیانەشی لە شارەکەدا ماون، لەلایەن هێزەکانی روسیاوە گەمارۆدراون.
رۆژی شەممە روسیا رایگەیاند کە بە نزیکەیی دەستی بەسەر تەواوی شارەکەدا گرتووە و داوای لە سەربازانی ئۆکراینی کرد خۆیان بەدەستەوەبدەن، کاژێر 6:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممەی بە کاتی مۆسکۆشی وەکو دوا وادە بۆ دانان. هاوکات داواشی لێکردن کە تاوەکو کاژێر 13:00ـی هەمان رۆژ بەتەواوی باڵەخانەکان چۆڵ بکەن.
