له‌سلێمانى زانکۆى نێوده‌وڵه‌تى قه‌یوان کرایه‌وه‌

قوباد تاڵه‌بانى: له‌ خۆم و حکومه‌ته‌مان راده‌بینم به‌ڵێنى باشتربوونى دۆخى دارایى و ئابوورى کوردستان بده‌ین

قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌کاتى کردنه‌وه‌ى زانکۆى قه‌یوان

6 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتى
ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانى زانکۆى نێوده‌وڵه‌تیى قه‌یوان کرایه‌وه‌ و له‌ وتارێکدا جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"له‌ خۆم و حکومه‌ته‌مان راده‌بینم به‌ڵێنى باشتربوونى دۆخى دارایى و ئابوورى کوردستان بده‌ین".
زانکۆى UTM یه‌کێکه‌ له‌ باشترین زانکۆکانى مالیزیا له‌ به‌شه‌کانى ته‌کنه‌لۆژیا و ئه‌ندازیاریی. له‌ساڵى 1930 وه‌ک قوتابخانه‌یه‌کى ته‌کنه‌لۆژیا ده‌ستى به‌کار کرد. دواى 15 ساڵ بووه‌ ئه‌کادیمیایه‌کى ته‌کنه‌لۆژیا و له‌کۆتاییشدا له‌ساڵى 1975 کرایه‌ زانکۆ. ئێستا یه‌کێکه‌ له‌ باشترین زانکۆکانى مالیزیا له‌و بواره‌دا و هه‌موو ساڵێکیش له‌ لیستى باشترین زانکۆکانى جیهان ناوى هه‌یه‌.
زانکۆى قه‌یوان بۆ خوێندنى 2018-2019 خوێندکار وه‌رده‌گیرێت و خوێندنیش به‌زمانى ئینگلیزیه‌.
 مامۆستا و ستافه‌کانى زانکۆکه‌ به‌ رێژه‌ى 50٪ بیانى ده‌بن، کوالێتییه‌که‌شى له‌لایه‌ن زانکۆى نێوده‌وڵه‌تى UTM چاودێریی، هه‌ڵسه‌نگاندن و گه‌ره‌نتى ده‌کرێت. 
هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م پرۆگرامه‌کانى خوێندنیش له‌ زانکۆى قه‌یوان - UTM له‌لایه‌ن زانکۆى نێوده‌وڵه‌تى UTM -ى مالیزیاوه‌ داده‌نرێت.

له‌کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌وانیدا له‌کاتى کردنه‌وه‌ى زانکۆى قه‌یوان قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند: "بێجگه‌ له‌ کێشه‌ سیاسییه‌ نێوخۆیى و ده‌ره‌کییه‌کان، به‌هۆى چه‌ند هۆکارێکى وه‌کو دابه‌زینى نرخى نه‌وت و شه‌ڕى داعش و هاتنى ئاواره‌یه‌کى زۆر، کوردستان که‌وته‌ به‌رده‌م قه‌یرانى جۆراوجۆره‌وه‌، که‌ کاریگه‌ریى راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنى کوردستان و جێبه‌جێکردنى به‌شێکى زۆرى به‌رنامه‌کانى حکومه‌ته‌که‌مان هه‌بوو".
قوباد تاڵه‌بانی، ئاماژه‌ى به‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان کرد و وتى "به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئێستا به‌شێکى زۆرى ئه‌و کێشانه‌ خه‌ریکن چاره‌سه‌ر ده‌بن، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى چاکسازى کارگێڕى و داراییه‌کانمان، که‌م که‌م خه‌ریکه‌ ده‌چینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ستراتیژییه‌ى که‌ داماننابوو، بۆیه‌ ئێستا له‌ خۆم و حکومه‌ته‌مان راده‌بینم به‌ڵێنى وه‌به‌رهێنانى زیاترو باشتربوونى دۆخى دارایى و ئابوورى کوردستان و  به‌رده‌وامبوونى چاکسازییه‌کانمان بده‌ین".

جێگرى سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان باسى کێشه‌ کولتوورییه‌کانى کرد و گوتی: " له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ گرنگى پێویست به‌ زانسته‌کانى وه‌کو بیرکارى و زانستى مرۆڤایه‌تى و زمان و مێژوو و جوگرافیا نه‌دراوه‌ و ئه‌مانه‌ نه‌بوونه‌ به‌ خه‌ونى تاکى کوردی، له‌برى ئه‌وه‌، سیاسه‌ت و ململانێ سیاسییه‌کان جێگه‌ى هه‌موو ئه‌مانه‌یان گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌م که‌شوهه‌وا سیاسییه‌ ناته‌ندروسته‌ى ئێستاش، ئه‌نجامى ئه‌و راستییه‌یه‌، تاکه‌ چاره‌سه‌ریش ریفۆرمکردنى سه‌ره‌تاسه‌ریى په‌روه‌رده‌ و خوێندنه‌".
هاوکات ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ که‌  ته‌نیا له‌ڕێگه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنه‌وه‌ ده‌توانن وڵات پێشبخه‌ن و به‌هێزى بکه‌نه‌وه‌، "وا بکه‌ین، پزیشک، پارێزه‌ر، سیاسته‌مه‌دار و نووسه‌ر، وه‌رزشوان و مامۆستا، ئه‌ندازیار و کرێکار و هونه‌رمه‌ند و خاوه‌نکار و فرۆشیار دروست بکه‌یت تا هه‌موویان خاوه‌ن که‌رامه‌تى پارێزراو و خه‌ونى خۆیانبن، چونکه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک خه‌ونى خۆى به‌رزترین و پیرۆزترینه‌ و نابێت هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ سه‌رقاڵ بکرێت به‌کێشه‌ و ململانێ سیاسییه‌کان".
جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم هیواى خواست زانکۆى نێوده‌وڵه‌تى قه‌یوان (UTM) وه‌کو مۆدێلێکى نوێى زانکۆى پیشه‌یى و ته‌کنۆلۆژى خزمه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکات و بتوانێت به‌شێوازێکى نوێ و سه‌رده‌میانه‌ و به‌ به‌هاى به‌رزى ئه‌کادیمی، خزمه‌تگوازرییه‌کان پێشکه‌ش بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار