رۆژنامه‌نوسێکى ئیسپانى چیرۆکى تیرۆرکردنى رۆژنامه‌نوسان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌گێرێته‌وه‌

ریکاردۆ ڤییلانۆڤا، گه‌ڕایه‌وه‌ کۆبانى تا چاوببڕێته‌ چاوى دوو ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ره‌که‌ى داعش

ئه‌لێکساندا کۆتێ) و (ئه‌لشافیع ئه‌لشه‌یخ) له‌ ژێر چاودێرى ئه‌مریکیه‌کاندا ده‌ستبه‌سه‌رن

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی
ڕیکاردۆ ڤیلانۆڤا، ڕۆژنانوسێکى ئیسپانیه‌ و له‌ ساڵى 2011دا ده‌چێته‌ سوریا بۆ ڕوماڵکردنى شۆڕشى سوریا دژ به‌ به‌شار ئه‌سه‌د، به‌ڵام له‌ کۆتایى 2013دا له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام (داعش) ده‌ستگیر ده‌کرێت.
رۆژنامه‌نوسه‌ ئیسپانییه‌که‌، چیرۆکى ده‌ستگیرکردنى و گه‌رانه‌وه‌ى بۆ کوبانێ بۆ ده‌زگاى میدیایى بى بى سى ده‌گێرێته‌وه‌ و ده‌ڵێت:"هه‌شت مانگ له‌ زیندانێکى داعشدا و له‌گه‌ڵ 18زیندانیى تردا که‌ زۆربه‌یان ڕۆژنامه‌نوسى بیانیبون به‌سه‌ر ده‌بات، چوار ئه‌ندامى داعش که‌  هه‌ر چواریان پێکه‌وه‌ له‌ ڕۆژئاواى شارى له‌نده‌نه‌وه‌ هاتون و په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ کردوه‌ و به‌ "The Beatles" ناویان ده‌رکردووه‌، که‌ 27که‌سیان سه‌ربڕیوه‌".
به‌پێى زانیارییه‌ ناره‌سمییه‌کان پێشبینى ده‌کرێت ریکاردۆى ئیسپانى، له‌لایه‌ن حکومه‌تى ئیسپانیاوه‌ له‌به‌رانبه‌ر پاره‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ئازاد کرابێت پاش هه‌شت مانگ له‌ ده‌ستگیرکردنى.

ڕیکاردۆ ڤیلانۆڤا، ڕۆژنانوسێکى ئیسپانی

ریکاردۆ له‌درێژه‌ى گێرانه‌وه‌ى چیرۆکه‌که‌یدا بۆ بى بى سى ئاماژه‌ به‌ دوو "تیرۆرست" ده‌کات که‌ له‌ به‌ریتانیاوه‌ چونه‌ته‌ ناو داعشه‌وه‌و بونه‌ته‌ هۆى کوژرانى چه‌ندین رۆژنامه‌نوسى بیانى.
ریکاردۆ ده‌ڵێت:"له‌ چوار داعشه‌ به‌ریتانییه‌که‌ دانه‌یه‌کیان له‌ 2015دا به‌ بۆردمانێکى فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌کان گیان له‌ده‌ستده‌دات و دانه‌یه‌کى تریان له‌ زیندانێکى تورکیادایه‌. دوانه‌که‌ى تر به‌ ناوه‌کانى (ئه‌لێکساندا کۆتێ) و (ئه‌لشافیع ئه‌لشه‌یخ) دوابه‌دواى ئه‌وه‌ى له‌ لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌ له‌ ڕۆژائاوا ده‌ستگیر ده‌کرێن ئێستا له‌ زیندانێکى نادیاردا و له‌ ژێر چاودێرى ئه‌مریکیه‌کاندا ده‌ستبه‌سه‌رن.
کاتێک ڕیکاردۆ ده‌زانێت که‌ دوان له‌ زیندانیکه‌ران و ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ره‌کانى ده‌ستگیرکراون له‌ ڕۆژائاوا ده‌یه‌وێت بڕواته‌وه‌ بۆ سوریا تا بیانبینێت.
کوینتین سۆمه‌رڤیل که‌ بۆ ده‌زگاى میدیاییBBC  کارده‌کات ده‌ڕوات تا چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ دوو تیرۆرسته‌که‌ بکات و ڕیکاردۆش ببینێت کاتێک زیندانیکه‌ره‌کانى ده‌بینێته‌وه‌.
ڕیکاردۆ پێشتر له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌یBBC   داده‌نیشێت و پێى ده‌ڵێت: "ته‌نها ده‌مه‌وێت چاو ببڕمه‌ چاویانه‌وه‌". ئه‌و وه‌ک زۆرێک له‌ گیراوانى جه‌نگ زۆر حه‌ز ناکات بیره‌وه‌ریه‌کانى بگێڕێته‌وه‌ به‌س ده‌ڵێت که‌ ڕۆژانه‌ ده‌هاتن و له‌و 19زیندانیه‌ لێیان هه‌ڵده‌بژارد و ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌دان و لێیان ده‌کوشتن، دواى کوشتنیشیان ڤیدیۆیان ده‌گرت و ڤیدیۆکانیان پشان ده‌داینه‌وه‌. 
له‌ میانه‌ى گیراوه‌کاندا ڕۆژنامه‌نوسى به‌ریتانى و ئه‌مریکى و یابانى و ڕوسى تیابوه‌ و یه‌کێکیان که‌ له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌کى داعشدا کوژرا و بڵاوکرایه‌وه‌، جه‌یمز فۆڵیى ڕۆژنامه‌نوسى ئه‌مریکیبوو که‌ له‌گه‌ڵ ڕیکاردۆدا زیندانى بووه‌. 
دواى ئه‌وه‌ى ڕیکاردۆ ده‌چێته‌ کۆبانى و داوا له‌ هێزه‌ کوردیه‌کان ده‌کات تا چاوى پێیان بکه‌وێت ئه‌وان ڕازى ده‌بن و له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌ى BBCدا ده‌چنه‌ ئه‌و زیندانه‌ى دوو داعشه‌ به‌ریتانیه‌که‌ى لێ زیندانیکراوه‌.
سه‌ره‌تا ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌ى BBC  ده‌چێته‌ ژوره‌وه‌ بۆ لاى (کۆتی) و (ئه‌لشه‌یخ)، ئه‌وان زۆر به‌ بێباکى له‌گه‌ڵى داده‌نیشن و ڕه‌تى ده‌که‌نه‌وه‌ ئه‌وان هیچ یه‌کێک له‌و تۆمه‌تانه‌یان کردبێت که‌ ده‌درێته‌ پاڵیان و ده‌ڵێن: "هاتینه‌ ناو داعش تا خۆمان بمانپارێزن له‌و ئاژاوه‌یه‌ى ئه‌وکاتى سوریا".
ئه‌لشه‌یخ به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسه‌که‌ قسه‌ ده‌کات و یارى به‌ ته‌زبیحه‌که‌ى ده‌کات، کاتێک ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌ باسى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى گروپه‌که‌یان ده‌کات که‌ له‌ 2015دا کوژرا و پێشبینى ده‌کرێت سه‌ربڕى زۆرێک له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌کان بێت، کۆتى ده‌ڵێت"ئه‌و هاوڕێم بوو و له‌ ناوه‌ڕاستى ڕه‌قه‌ کوشیان، ده‌یانویست وا له‌ ئێمه‌ش بکه‌ن."

له‌ میانه‌ى قسه‌کانیاندا ڕیکاردۆ دێته‌ ژوره‌وه‌ و ته‌ماشایان ده‌کات، به‌ وته‌ى ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌ى BBC  هه‌ڵسوکه‌وت و ده‌موچاوى دوو تیرۆرسته‌که‌ ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێن چیدى نامانه‌وێت قسه‌ بکه‌ین و دواى بینینى ئه‌و وه‌ڵامى هیچ پرسیارێک ناده‌نه‌وه‌ و مایکرۆفۆنه‌کانیان فڕێ ده‌ده‌ن.
ڕیکاردۆ به‌رده‌وام سه‌یریان ده‌کات، له‌ کۆتاییدا دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێت کۆتا وێنه‌یان بگرێت، به‌ڵام یه‌کێک له‌ تیرۆرسته‌کان هه‌ڵده‌ستێت و هه‌وڵ ده‌دات په‌نجه‌ره‌که‌ دابخات، به‌ڵام ڕیکاردۆ وێنه‌که‌ى خۆى ده‌گرێت. 

ئه‌و له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێت: "جه‌یمز و ستیڤن و ده‌یڤد و ئاله‌ن و پیته‌ر، هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ لایه‌ن ئه‌م چوار تیرۆرسته‌وه‌ کوژران مرۆڤى گه‌وره‌بون، ئه‌وان ڕوو به‌ ڕووى مه‌رگ بونه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مان کاتێک شارى ڕقه‌ رزگارکرا ئه‌و دوو تیرۆرسته‌ یه‌که‌م که‌سبون که‌ ڕایانکرد."

تا ئێستا نازانرێت ده‌ستگیرکردنى ئه‌و دوو"تیرۆرسته‌" که‌ به‌ ره‌گه‌ز به‌ریتانین و لاى کوردانى رۆژئاوا ده‌ستگیر کراون چاره‌نوسیان چى لێ ده‌کرێت له‌به‌رانبه‌ر تیرۆرکردنى رۆژنامه‌نوسه‌ بیانییه‌کاندا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار