پەرلەمانی كوردستان؛ 30 ساڵە نەبووەتە پەرلەمان
پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ: پەرلەمان لەگێژاوی دەسەڵاتی رەهاو ئۆپۆزسیۆنی ساختەدایە
3 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
پاش 30 ساڵ لەتەمەنی پەرلەمانی كوردستان هێشتا نەبووەتە ئەو پەرلەمانەی كەنوێنەرایەتی راستەقینەی هاووڵاتیان بكات و بەرهەمەكەی خانەنشین بوونی 530 پەرلەمانتار بووە لەچوار خولدا بێجگە خولی پێنجەم كەهێشتا ماوەكەیان تەواو نەبووە.
رۆژی 19ی ئایاری 1992، یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رۆژی پێنجشەممە 19ی ئایاری 2022 دەگاتە 30 ساڵ.
پەرلەمان ئەو دامەزراوەیەیە لەهەر وڵاتێكدا كە لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ دانانی یاساو چاودێریكردنی حكومەت، پەرلەمان وشەیەكی فەڕەنسییەو بەواتای ئاخاوتن دێـت و لەزمانی كوردیدا ئەنجومەنی نیشتیمانیشی پێدەوترێـت.
پەرلەمانی كوردستان ئەم ئەرك و دەسەڵاتانەی هەیە كە دەرچواندنی یاسا، بڕیاردان لەسەر رێككەوتننامەكان و یەكلاكردنەوەی كێشەی چارەنووسی گەلی كوردستان و دەستنیشانكردنی پەیوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی مەڵبەندی و ناولێنانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و متمانەدان بەئەنجومەنی وەزیران و كێشانەوەی متمانە لێیان، هەروەها پەسەندكردنی بودجەی گشتی و نەخشەكێشانی گەشەپێكردن و بڕیار لەسەریان و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن.
مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران
پەرلەمانی كوردستان لەچوار خولیدا، 530 پەرلەمانتاری خانەنشین بووە بەشێوەیەك لە خولی یەكەمدا 170 پەرلەمانتارو لەخولی دووەمدا 121 و لەخولی سێیەمدا 120 و هەروەها لەخولی چوارەم 119ی دیكە خانەنشین بوون.
مووچەی پەرلەمانتاران هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینارەو مووچەی خانەنشینانی پەرلەمانتاران شەش ملیۆن و 560 هەزار دینار بووە، تا ئەوكاتەی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە راگەیەندرا، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوتی لێدەكرا یان چەند مانگێك نەدەدرا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، پەرلەمانتارانیش لەسەدا 50%ی مووچە یا خانەنشینییەكەیان وەرگرتووە.
بەپێی یاسا، پەرلەمانتار بە رێژەی لەسەدا 80% مووچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەكرێت كە دەبێت 15 ساڵ خزمەتی كەمتر نەبێت و تەمەنی 45 ساڵ بێت بەپێی یاسای چاكسازی.
لەئێستادا مووچەی پەرلەمانتار هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینارەو كە خانەنشین دەبن لەنێوان دوو ملیۆن و 300 هەزار دینار تا چوار ملیۆن و 100 هەزار دەبێت ئەوەش بەپێی ساڵی خزمەت و تەمەنیان دیاری كراوە.
پەرلەمان شوێنی نوێنەرایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستانە كە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە چوار ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت و لەهەر خولێكدا سەد كەس هەڵدەبژێردرێت و پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و ئەمەنیش 11 كورسی كۆتایان بۆ دیاری كراوە.
پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ: موزایەدەو خیانەتكاری هەیە
پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم دەربارەی پەرلەمان بۆچوونەكانیان زۆربەی نەرێنییەو پێیانوایە دەسەڵاتی جێبەجێكار پەرلەمانی لاواز كردووەو پاش سی ساڵا نەیتوانیوە لەئاست خواست و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستاندا بێت.
سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت، چونكە هەمیشە زۆرینە لەدەسەڵاتدایەو ئەم خولەی پەرلەمان لەگێژاوی دەسەڵاتی رەهاو ئۆپۆزسیۆنی ساختەدایە».
بابان پێشیوابوو كە «تێكەڵبوونی باش و خراپ و بیرۆكەی خزمەتگوزاری لەنێوان موزایەدەو كاری حەقیقییەوە لەگەڵ پەرتەوازەبوونی رێگاكانی وڵاتپارێزی و خیانەتكاری بوونی هەیە».
سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن: خولی پێنجەمی پەرلەمان لاوازترین خولی پەرلەمانە
ئەندامانی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە پەرلەمان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە لاواز كراوە.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتوو، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» پەرلەمانی كوردستان دەبیت مەرجەعی یاسایی و سیاسی و شوێنی یەكلایكردنەوەی كێشە چارەنووسسازەكانی خەڵكی كوردستان بێت، بەڵام ئایا ئەم پەرلەمانە بەم رۆڵە هەستاوە؟ نەخێر مەعلوومە بۆ».
هەروەها باسی لەوەشكرد كە حزبەكانی دەسەڵات بەتایبەت پارتی و یەكێتی ویستیان لەسەر پەرلەمانێكی كارا نییە و دەیانەوێـت بڕیار تەنها لە دەرەوەی پەرلەمان بێـت، بۆیە خول لەدوای خول پەرلەمانیان بەرەو لاوازبوون بردووە و بەو هۆیەوە ناتوانێت بەئەركی خۆی هەستێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ، پارتی و یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە بەهایان بۆ هیچ شتێك نەهێشتووەتەوەو خەڵكی كوردستان ئەو قەناعەتەی هەیە نەك پەرلەمان بەڵكو هەرێمیش زیادەیە.
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێمەو پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی دیكەش تائێستا 32 یاداشتمان داوەتە دەستەی سەرۆكایەتی بۆ بانگهێشتكردنی حكومەت و وەزیرەكانی لەسەر كێشەی خەڵك، لەبەرئەوەی پەرلەمان راستەوخۆ پەیوەندی بە خەڵكەوە هەیە بۆیە ناهێڵن كاری خۆی بكات و كارێكیان كردووە ئێستا پەرلەمان بۆ خەڵك بووەتە كێشە نەك چارەسەر».
هەروەها وتیشی:» لەبەر ئەو زۆرینە ساختەیەی كە هەیە لەگەڵ سەرۆكایەتییەكی لاواز و ناكۆك، بوونی دەسەڵاتێكی ئەمنی و هەموو چاودێرییەك بە مەترسی بۆ خۆی دەزانێت».
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی خستەڕوو كە بە هەوڵی ئەوان و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی دیكە توانیویانە لەم خولەدا سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بهێننە پەرلەمان و پرساندنیان بۆ بكەن كە ئەمە لە خولەكانی پێشووتردا نەبووە.
پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تۆمەتبار دەكات بەوەی بەشێك لەو یاسایانەی دەركردووە كە پارە بۆ حكومەت پەیدا دەكات نەك چارەسەركردنی قەیرانەكانی خەڵك.
مژدە مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» پەرلەمان ئیشێكی وای بۆ خەڵك نەكردووە كەلەئاست تموحەكانی خەڵكی بێت، چونكە ئەو دەستەی سەرۆكایەتییەی پەرلەمان دەستەیەكی لاوازە و ئەوەنەی گوێڕایەڵی حزبە پابەند نییە بەو سوێندەی لەبەردەم خوا و خەڵكدا خواردوویانە».
«هەرچەندە لەڕێگای لیژنەكانەوە هەندێ كار دەكرێت، بەڵام هێشتا لەئاست تموحی خەڵكی كوردستاندا نییەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هۆكاری ئەم كێشەیەن چونكە ئێمەی پەرلەمانتاران قسوریمان نەكردووە»، مژدە مەحمود وای وت.
ئەندامەكەی نەوەی نوێ لەپەرلەمان ئەوەی دووپاتكردەوە كە نە وەڵامی پڕۆژە یاساكانی ئۆپۆزسیۆن دەدرێتەوەو نە یاداشت و داواكارییەكانیان دەخرێنە بەرنامەی كارەوەو وتیشی:» تەنانەت ئەو دەستەی سەرۆكایەتییەی پەرلەمان بەقسەی ئۆپۆزسیۆن بێزار دەبن و مایكەكانمان لێ دەكوژێننەوە و ئەوان ئەو قسانەیان دەوێت كە بەشان و باڵیاندا هەڵبدرێت».
بزانە پەرلەمانتارانی پارتی و گۆڕان و یەكێتی چی دەڵێن؟
ئاشنا عبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەماوەی سی ساڵی رابردوودا چەند قۆناغێك هەیە توانیویەتی كاری باش بكات و یاسای باش دەربكات، هەروەها لەهەندێ قۆناغیشدا پەرلەمان داخراوە و نەیتوانییوە هیچ شتێك بكات».
پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2015 لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەرگاكەی داخرا بەهۆی گفتوگۆكردن لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و كێشەی لەنێوان گۆڕان و پارتی دروستكردو كارەكانی پەرلەمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ پەكخست.
ئاشنا عەبدوڵا لەگەڵ ئەو رووداوانەشدا پێیوایە كە لەهەموو كاتێكدا بوونی پەرلەمان باشترە لەنەبوونی، وتیشی:» نەیتوانیوە لەخەمی كێشەكانی خەڵك و ئەو متمانەیەدا بێت كەپێی بەخشراوەو چەندەها قەیران هەیەو نەیتوانیوە رۆڵێكی باش ببینێت و كێشەكان بەئاڕاستەی چارەسەردا ببات، ئەمەش پلان بۆداڕێژراوە بۆ خراپ نیشاندانی ئەو دامەزراوەیەو بێ ئەرزشكردنی، چونكە ئەگەر پەرلەمانێكی بەهێز هەبێت دەسەڵات ناتوانێت ئەجێندای خۆی جێبەجێ بكات».
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا ئەوەی بۆ هاوڵاتی خستەڕوو، لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژە یاسای زۆرباش دەركراون و پڕۆژە یاسای چاكسازی دەركراوەو لیژنەكان بەردەوام كاری خۆیان كردووە و زۆرترین وەزیرو بەڕێوبەری گشتی و بریكاری وەزیر هاتوونەتە پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمانەوەو تا رادەیەكی باش پەیوەندی نێوان حكومەت و پەرلەمان لەم خولەدا هەبووە.
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی پێیوایە كە پەرلەمانی كوردستان تا رادەیەك سەركەوتووب ووە لەجوڵاندنی دۆسییەكانی گەندەڵی و دەستنیشانكردنی كێشە سەرەكییەكان، بەڵام بەهۆی هەماهەنگییەكی كەمی نێوان حكومەت و پەرلەمان، نەیتوانیوە ئەركی خۆی بەتەواوی جێبەجێبكات بەتایبەتی لێپرسینەوەی فەرمی لەوەزیر و وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تا ئێستاش هەژموونی حیزبەكان بەسەر پەرلەماندا زاڵە و هێشتاش بەشێكە لەو كێشمە كێشمە سیاسییەی لەدەرەوەی پەرلەماندا دەگوزەرێت».
گزنەیی پێشیوابوو هەركات پەرلەمانی كوردستان توانی دوور لە لایەنداری حزبی پرساندن بۆ هەر بابەتێك بكات ئەوكات پەرلەمان دەتوانێت كاراترو حكومەتیش زیاتر دەتوانێت هەستیار بێت بەرامبەر كارەكانی پەرلەمان.
پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێكدێت و 11 كورسی كۆتای پێكهاتەكانە و بەلایەنی كەمەوە دەبێت 25٪ی پەرلەمانتاران ژن بن و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان پێكدێت و ئەندامانی پەرلەمان چوارساڵا جارێك لەهەڵبژاردنی گشتی هەرێمی كوردستاندا دەستنیشان دەكرێن و پەرلەمانی كوردستان لە 19 لیژنە پێكدێت.
سەرۆكی رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی: پەرلەمانی كوردستان لەلاوازترین قۆناغیدایە
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی رێكخراوی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە بەپێی بڕیاری ژمارە 1ی ساڵی 2005 كەپەرلەمانی كوردستان دەریكردووەو دەڵێت پەرلەمانی كوردستان بەرزترین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی خەڵكی كوردستانە و بۆ سەرجەم پرسە چارەنووسسازەكان بۆی بگەڕێینەوە، بەڵام لەچەندین پرسی نیشتیمانی وەك قەیرانەكان لە كوردستاندا و بۆردومانی ناوچە سنورییەكان لەلایەن توركیاو ئێرانەوەو هاتنی سوپای توركیا و كێشەو قەیرانەكان لەگەڵا حكومەتی فیدراڵا و پەرلەمان نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێـت.
هەروەها وتیشی:» یەكێك لەپرسە نیشتیمانییەكان كە یاساییە ئەویش مەسەلەی پەسەندكردنی دەستورێكە بۆ هەرێمی كوردستان كە ئەم پەرلەمانە نەیتوانی دەستوورەكەش پەسەند بكات و لەم رووانەوە بەرەو دواوە رۆیشتووە، ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە كە گرنگترینیان بێ ئیرادەكردنی پەرلەمانی كوردستانە لەلایەن حزبە سیاسییە باڵادەستەكانەوە».
«بوونی پەرلەمان لەبەرژەوەندی ئەم حزبانەدا نییە بەو ئەقڵییەتەی كە ئێستا كاری لەسەر دەكەن، چونكە ئەگەر بە راستی پەرلەمان هەبێت وڵات دەبێت بەشێوازێكی یاسایی و دامەزراوەیی بەڕێوەبچێت و سەرچاوەی داهاتەكەی دیاربێت و ئەمان نایانەوێت وڵات بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت و داهاتەكەی دیاربێت»، سەرۆكی رێكخراوی ئەنیستتیوتی پەی وای وت.
یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە19 -5-1992 بەبەشداری حەوت لیست و بەشداری دەنگی 967 هەزارو 229 كەس ئەنجامدراو خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1992 تا 2005ی خایاند بەهۆی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەكێتییەوە.
(جەوهەر نامیق سالم) ساڵی 1992-2000 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووە و (رۆژ نوری شاوەیس) ساڵی 2000-2002 سەرۆكی پەرلەمان بووەو ساڵی 2002-2005یش (رۆژ نوری شاوەیس و كەمال عەبدولكەریم) بە هاوبەشی سەرۆكی پەرلەمان بوون.
خولی دووەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2005-2009، لە 30 كانوونی دووەمی 2005 بەبەشداری 13 لیست و ملیۆنێك و 753هەزار و 919 دەنگدەر بەڕێوەچوو، بەڵان تەنها سێ لیست توانیان بگەنە پەرلەمان و (عەدنان موفتی) سەرۆكی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بوو.
خولی سێیەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2009-2013، لە 25ی تەمموزی 2009 بەبەشداری 24 لیست بەڕێوەچوو، بەڵام 11 لیست توانیان رێژەی یاسایی بەدەستبهێنن و سەرۆكی پەرلەمان لەم خولەدا دوو قۆناغ بووەو قۆناغی یەكەم (كەمال كەركوكی) و قۆناغی دووەم (ئەرسەلان بایز) سەرۆكی پەرلەمان بوون.
خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2013-2018، لە 21ی ئەیلوولی 2013 بەبەشداری 31 لیست بەشێوەی نیمچە كراوە بەڕێوەچوو، بەڵام 17 لیست توانیان ببنە خاوەنی كورسییەكانی پەرلەمان و (یوسف محەمەد) سەرۆكی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بوو.