دیلۆیت: هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ملیارێک و 663 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە

6 ساڵ لەمەوپێش



کۆمپانیای دیلۆیت ئەمڕۆ دووشەممە راپۆرتی سێهەمی لەبارەی وردبینی كەرتی نەوت و گازی كوردستان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت داهاتی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی نەوتی هەرێم ملیارێک و 663 ملیۆن دلار بووە

راپۆرتەکە تایبەتە بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ماوەی نێوان 1-1-2018 تاوەکو 31-3-2018 کە تێیدا دەلێت نەوتی خاوی هەناردەکراو بە بۆری 28 ملیۆن و 337 هەزار و 999 بەرمیل بووە.

هەروەها ئاماژە بەوەدەکات ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو بەرامبەر دیزڵ و سووتەمەنی نەوتی قورس بۆ بەکارهێنان لە وێستگەکانی وزەی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان 559 هەزار و 341 بەرمیل نەوت بووە. هەروەها فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکان 609 هەزار 649 بەرمیل بووە و فرۆشتنی ناوخۆ 996 هەزار و 458 هەزار بەرمیل بووە.  

بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، لەماوەی ئەو سێ مانگەدا تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراوی کوردستان بە بۆری 54.81 دۆلار بووە. بەڵام هەر بەرمیلێکی نەوتی تانکەر بە 49.27 دۆلار فرۆشراوە.

دیلۆیت دەڵێت، کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو (یەک ملیار و 559 ملیۆن و 412 هەزار و 410 دۆلار) بووە. هەروەها بەهای فرۆشتنی نەوتی خاوی گواستراوە بە تانکەر (20 ملیۆن و 117 هەزار و 37 دۆلار) بووە.

کۆی بەهای نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی فرۆشراو (84 ملیۆن و 179 هەزار و 334 دۆلار) بووە. 

لە بەشی کۆتایی راپۆرتەکەدا بەناوی رێڕەوی دارایی، کۆی داهات و خەرجییەکانی تێدایە، کە بەمجۆرەیە:

- کۆی بەهای نەوتی خاو و كۆندێنسەیتی فرۆشراو (هەناردەکراو  لەڕێی بۆری و تانكەر، و فرۆشتنی ناوخۆ): 1 ملیار و 663 ملیۆن و 708 هەزار و 781 دۆلار. 

- سافی جووڵە ( الحركة النقدیة ) لە رەسیدی حیساباتی كڕیارەكان (بەبێ پێدانی پارەی پێشەکی): 428 ملیۆن و 760 هەزار و 513 دۆلار.

- سوود و رسووماتی دیكە پەیوەندیدار بە كڕیارەكانەوە: 13 ملیۆن و 731 هەزار و 436 دۆلار.

- پارەدان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت: 459 ملیۆن و 263 هەزار و 330 دۆلار.

- خەرجییە گشتییەکانی دیكە جگە لەوانەی سەرەوە لەلایەن یان لە بری حکومەتی هەرێمی کوردستان: 336 ملیۆن و 819 هەزار و 106 دۆلار.

- داهاتی سەربار لە ڕێككەوتنی مۆڵەتدانى تایبەت بە بۆری هەناردەکردن: 223 ملیۆن و 455 هەزار و 47 دۆلار.

سافی داهاتی وەرگیراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی فرۆشتنی نەوت و چالاکییە پەیوەندیدارەکان: 648 ملیۆن و 589 هەزار و 443 دۆلار.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەردەوامدەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی راپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بەپشتبەستن بە سەرنج و فیدباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاونیشتمانییان كە هەردوو گەورە كۆمپانیای جیهانی (Deloitte) و (Ernst & Young) بەردەوامدەبن لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە. 

ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز پێشبینیدەكات كە رپۆرتی چوارەمی كۆمپانیای (دیلۆیت) سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت بۆ سێ مانگی دووەمی ساڵی 2018 (1ی نیسان تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2018) لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بڵاوبكرێتەوە. 

دەقی راپۆرتەکەی دیلۆیت

 فۆرمی نامیلكەیەكی هاوپێچ بۆ روونكردنەوەی برگەكانی ڕاپۆرتی دیلۆیت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار