شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رێگە نادات نوخشە ناسیح ببێتە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی 

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
سەرەرای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پشتیوانی لە نوخشە ناسیح دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەڵام شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رێگە نادات.

بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی، كە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی كەوتووە، پۆستی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی كە تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری بووە خانەشین دەبێت، ناوی"نوخشە ناسیح" هاتووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

بەپێی زانیاری و بەدواداچونەكانی هاوڵاتی، هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ "نوخشە ناسیح" دەربڕیووە كە لە ئێستادا قایمقامی ناوەندی قەزای هەڵەبجەیە ببێتە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی.

یەكێك لەسەرچاوەكانی نێو یەكێتی بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە قوباد تاڵەبانی بەڵێنی داوە لە دوو هەفتەی رابردوودا فەرمانی دەستبەكاربوون بۆ نوخشە ناسیح دەربكات.

سەرچاوەكەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە"دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ناوی "نوخشە ناسیح" دێت، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كارێگری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەرین پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی دەكات و پێیان دەڵێت:" پرستان بە من نەكردووە و رێگە نادەم كەسێك خەڵكی سلێمانی نەبێت ئەو پۆستە وەربگرێت ".

سەرچاوەكەی نێو یەكێتی جەختی لەوەشكردەوە كە "شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەمان پەیامی گەیاندووە بە نوخشە ناسیح كە رێگە نادات ببێتە بەرێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی و پێی وتووە تۆ خەڵكی سلێمانی نیت ناهێڵم ئەو پۆستە وەربگریت".

هاوكات سەرچاوەكەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە" شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كەسێكی هێناوە عەقید بووە لەتەیارانی سەربازی زەمانی بەعس، ئێستا لە فرۆكەخانەی سلێمانی بەرپرسی هۆبەی زەمینییەو ئەوی كاندید كردووە بۆ پۆستی بەرێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی كە خۆی داوای نەكردووەو پێیان وتووە، لەكاتێكدا ئەو كەسە هیچ چالاكییەكی لەنێو فڕۆكەخانە نەبووەكە 15 ساڵە لەوێیە و بەشداری هیچ چالاكییەكی دیكەی حكومی و حزبی نەكردووە".

هەروەها وتیشی:"نوخشە ناسیح لەسەر حسابی ماڵی مام جەلال هەژمار دەكرێت و بەتایبەت لەسەر باڵی هێرۆخان حساب بووە بەو هۆی نزیكی لە هێرۆخان چەندین گرفتی بۆ دروست كراوە".

نوخشە ناسیح لەساڵی 1978 لەدایك بووەو لەساڵی 1994 لەتەمەنی 16 ساڵی پەیوەندی كردووە بە كۆمەڵەی خوێندكاران و دوای تەواوكردنی كۆلێژی یاسا و پلەی زابتی هەبووەو 11 ساڵ لێپرسراوی بەشی یاسایی بووە لە ئاسایشی سلێمانی.

هەروەها حەوت ساڵ بەرێوەبەری ناحیەی بیارە بووەو  شەش ساڵە وەك قایمقامی هەڵەبجە كار دەكات.

نوخشە ناسیح پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بووەو لە دواكۆنگرەی یەكێتی خۆی كاندید كردووە بۆ پۆستی ئەندامی سەركردایەتی، بەڵام لەبەرئەوەی سەر بەباڵی ماڵی مام جەلال بووەو بەدیاری كراوی نزیك بووە لە هێرۆخانەوە رێگەی پێنەدراوە ببێتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی.

هاوڵاتی، پەیوەندی كرد بە نوخشە ناسیح كە ناوی دێت بۆ پۆستی بەرێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار