تیرۆریزم ئیدی واتە ئازادییخوازیی، بژی تیرۆریزمی کورد!

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبوار ڕەشید 

ڕاستییەکی تاڵە کورد لە ناو گێژاوی چەوساندنەوەدا بە هەزاران داوی خەمی گرانەوە ئاڵۆزکاوە. هەندێک جار مرۆڤی  بەدەربەستهاتووی کورد نازانێت خەمی کام نەهامەتیی بخوات و کامە ئازار بکێشێت. لە دۆخی وا دا مەترسیی لاق هەڵتووتان بۆ نێو تاریکستانی گومان و دوودڵیی و بێئومێدیی لەو پەڕییدایە.

دەوڵەتانی داگیرکار دڕندەن. لە فەرهەنگیاندا وشەی ئاشتیی لە قەفەسێکدایە. کوردیش هەتا ئێستا بە دەردی عەشایەریی و خێڵەکایەتیی و خۆخۆریی و خۆبەکەمزانیی و بۆخۆئازایی جەزر دەکێشێت. رۆژانە داگیرکار باشترین لە دڵسۆزانمان تیرۆر دەکات و لە ئاسمانی کوردستاندا هەر دەنگی دەهۆڵی شەڕ دێتە گوێ. لە ناو کورد خۆیدا چاوساخی داگیرکار پەیدا بوون، ژنکوژان و بێتاوانکوژان ئازادن، دزان بێ پەروان، بازاڕی خۆفرۆشیی بۆ پاروویەک نان گەرمە، هەر یەکەی لە ئاوازێک دەخوینێت و بە لایەکدا بەلەسە دەبێت.

ئەمە وێنەی کورد و کوردستانە.

ئەمە وێنەیەکی ترسناکە.

بەڵام ئایا بە ڕاستیی وایە، ئەمە کورد و کوردستانە؟

بێگومان، وانییە. زۆرینەی خەڵکی کورد هەروەکوو تەواوی نەتەوەکانی ئەم دونیایە خەڵکی باشن، دڵپاکن، بەڕێزن، ئاشتیخوازن، ئامێزئاوەڵەن، بە هونەرن، تێکۆشەرن، دڵیان پڕ لە ئەڤین و سۆز و وەفادارییە بۆ خۆیان و خەڵک و نیشتیمانیان.

وێناکردنی کورد وەکوو حەشاماتێکی بێسەروبەر و کوردستان وەکوو خاکێکی بێ تاپۆ بەشێکە لە نەزمی سیاسەتی داگیرکاریی.  ئەو وێناکردنە تیری شەڕی سارد و دەروونییە تێمان دەگرن و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە و بێگومان دەتوانین سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی ببینەوە.

قسە هەڵناگرێت کە ئێمەی کورد تا ئێستا نەمانتووانیوە هێندەی ئەو رەنجەی داومانە دەستکەوت وەدەستبهێنین. توانای حیسابی خەسارناسیی و خۆڕەخنەکردن و بەخۆداچوونەوەمان لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام بە دڵنییاییەوە نەتەوەیەکی زیندووین. خاوەنی خەبات و تێکۆشانین. خاوەنی بە دەیان هەزار تێکۆشەری سەربەرز و شانازین کە گیانی شیرینی خۆیان بۆ ئازادیی مرۆڤ بەخت کردووە. خاوەنی بە هەزاران لە تێکۆشەری ژنان و پیاوانین. ئەدەبیاتێکی ئازادیخوازانە و ئاشتیخوازانەمان پێش خستووە. کورد لە هەر لە شەڕی فیزیکییدا نییە، بەڵکو لە دەیان لاوە شەڕی سیستەمی داگیرکاریی و پێوەندییە خێڵەکایەتیی و دزیی و گەندەڵیەکانی ناوخۆ دەکات. ڕۆژانە بە دەیان هەزار کورد لەم خەباتەدا بەشدارن.

ئەو هێرشەی لە سەر کورد و کوردستانە بە هۆگەلی ڕوونی سیاسیی و ئابووریین. کوردستان وڵاتێکی زەنگینە و سیستەمی داگیرکاریی نێودەوڵەتیی دەیانەوێت تاڵانی بکەن. بۆ ئەوەی ئەو کارە ئەنجام بدەن شەڕێکی بێ ئامانیان دژ بە خەڵکی کوردستان بەرپا کردووە. تیری ئەوان بێگومان پێش هەر شتێک بۆ سینگی ئەوانەیە کە بەرامبەریان دەوێستنەوە. ئەمە ڕۆشنە. هیچ داگیرکارێک بە ملیارد دۆلار سەرف ناکات بۆ ئەوەی لەوانە بدات کە دەنگیان لێوە نایەت یان کە تەسلیمی بوون.

ئایا شەڕی ئەمانە دژی نەتەوەبندەستەکانی ئاسیا و ئەفریقا و لاتینی ئەمریکا لەوەی ئێستا دژ بە کورد دەکرێت، نەرمتر بوو؟ ئایا ئەسڵەن وشەی "نەرمتر" لە فەرهەنگی سیاسییدا جێی دەبێتەوە؟ ئایا شەڕی سارد و شەڕی دەروونی دژی نەتەوەبندەستەکان کەمتر و خاوتر و بەبەزەییتر بوون وەکوو لەوەی دژ بە ئێمە دەکردرێت؟ بێگومان نا.

هێشتا سەدای هاواری ڕەشپێستەکانی باشووری ئەفریقا لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا دەنگ دەداتەوە کە نەتەوەیەک کە چوار سەد ساڵ بوو خاکیان دزرابوو لە ناو خاکی خۆیاندا نکۆڵی لە بوون و لە ڕەنگ و لە مافیان دەکرا. بەڵام جەنگاوەرانی ئازادیخوازی باشووری ئەفریقا مستی پۆڵایینی خۆیان نیشان دا.

نموونەی ئەو جۆرە لە تێکۆشان لە دونیادا زۆرن. کورد لە دونیای ئەوڕۆدا باشترین نموونەی تێکۆشانە. ئایا چ شتێک دەتوانێت ئەوەندەی ئەو تێکۆشانە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی، مرۆڤ لە مرۆڤایەتیی نێزیک بکاتەوە؟

قسەی تێدا نییە کە ئێمەی کوردی چەوساوە دەنگمان ناتوانێت وەسەر دەنگی سەدان دەهۆڵی شەڕی داگیرکاریی کۆنەکۆلۆنیالەکان و تازەکۆلۆنیالەکانی ئەوڕۆ بکەوێت. ئەوە ئاشکرایە!

ئەسڵەن ئەوە داهێنانێک نییە. هەر خودی چەوساندنەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ناپارسەنگیی پێوەندیی دەسەڵات لەو چواچێوەیەدا.

هەمیشە دەنگی چەوساوەکان کپ و سەرکوپ کراوە. دەنگی ژنان، دەنگی کرێکارانی بێ ماف، دەنگی کەمئەندامان، دەنگی ئەوانەی بە دوای دوو دەنک حەپی ئازارشکێندا وێڵن، دەنگی ئەو منداڵانەی برسیی و تینوو و بێ ئاییندەن. ئەمە مێژووی داگیرکاریی و چەوساندنەوەیە.

سوێد وڵاتێکە لە جیهاندا بە دەهۆڵی سەرکەوتووی شەڕی پروپاگەندە ناسراوە. کاتێک دەهۆڵی پروپاگەندە بکوتن مێشوولە دەکەن بە پتێرئانۆدۆن. وڵاتێک کە بە بەردەوامیی ڕەخنە لە ڕەگەزپەرستیی دەگرن بەڵام بە ئاشکرا کوردان لە یەک دەکەن و بە سەر "باش" و "خراپ" دا دابەشیان دەکەن، و بە دڵنیاییەوە هەندێک کوردیشیان ناچار بە سیخوڕیی و جاسووسیی لە سەر گەلی خۆیان کردووە. هاوکاتیش پەتی سێدارە نیشانی ئەوانە دەدەن کە دەیانەوێت وەکوو مرۆڤێکی سەربەرز، لایق بە دیموکراسیی و مافی مرۆڤیەکەی ئەمان، شانازیی خۆی بپارێزێت.

زۆرن ئەوانەی وا دەزانن کە لە جەنگی جیهانیی دووهەمدا سوێد خۆی هەڵی بژارد کە "بێلایەن" بێت. لە ڕاستییدا ئەوە داوای هیتلەر بوو. هیتلەر ئیمزای "بێلایەنیی" بە سوێد کرد و سپاکەی نارد کە بەردی ئاسنی سوێدی بۆ ئەڵمان ببەن. نوروێژ بەوە ڕازی نەبوو لە خاکیەوە سپای نازی بە ئاسنی سوێدەوە بڕووات، هیتلەر شەڕی دژ بە نوروێژ بەرپا کرد و نوروێژی داگیر کرد. سوێد لە سەردەمی ئولوف پاڵمەدا نەبێت کە سۆسیالدیموکراتێکی ئەنتی ئیمپریالیست و ئەنتی کۆلۆنیالیست بوو، هەرگیز بێلایەن نەبووە. ئێستایش ئەردۆغان ئیمزای فرۆشتنی بەردی کوردی پێ کردوون و لە ڕاستییدا وەکوو پاسەوانێکی خۆی مامەڵە لەگەڵ سوێد دەکات. ئەردۆغان دەیەوێت سوێد (فینلەند) ببێت بە پۆلیسی تورکیی.

 هەر کورد نییە لە سوێد بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت. سوێد دوای ئەڵمان یەکەم وڵاتە کە راسیزمی بایۆلۆژیی هەتا سەرەتای حەفتاکانیش پیادە دەکرد. لەوێدا بە هەزاران لە رۆم و ژنان و کەمئەندامان بوون بە قوربانیی.

جوولەکەش لە جەنگی جیهانیی دووهەمدا هەر بوون بە قوربانیی. کۆمەکی سوێد بۆ بەکۆمەڵکوشتنی جوولەکە تەنیا و تەنیا کتێبێک بوو کە ٤٧ ساڵ دوای بە کۆمەڵکوشتنەکە حکومەتی سوێد نووسیی و بە ڕەسمیی بە خۆڕایی بە سەر ماڵاندا دابەشیان کرد. ئەو کتێبە بە سوێدی ناوی ( "دەبێت ئەمە بگێڕیەوە!" _…om detta må ni berätta…).

ڕۆشنبیریگەلێکی جوو و سوێدیی و هی دیکە زۆر بە ڕەخنە بوون لە حکومەتی سوێد و بەتایبەتیی لە سۆسیالدیموکراتەکانی سوێد و بە گاڵتەجاڕییەوە ناویان لێ نابوو "کۆمەکە گەورەکەی سوێد بۆ بە کۆمەڵکوشتنی جووەکان".

ڕەخنەگرانی تووڕە دەیانگوت ئەم کتێبە نەک هەر شتی تازەی تێدا نییە بەڵکو کۆمەڵێک فاکتیان داناوە و هیچی دیکە. گاڵتەجاڕیی ئەوان بەو "کۆمەکە" گەورەیە ئەوە بوو کە تەنانەت ناوەکەیشی هیچ لە سەر سوێد نەکەوتبوو. "دەبێت ئەمە بگێڕیەوە!" بریتییە لە یەکێک لە چیرۆکەکانی ئینجیلی کۆن و کە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی جوولەکە و تەورات و "کتێبی جۆیل".

ئەمان لەو ئاستەدا بەرژەوەندیی خۆیان دەپارێزن بەڵام ئامادە نیین کوردێک بێت و بیەوێت بەرژەوەندیی خۆی بپارێزێت.

ئێمە دەزانین کە کریستیانەکان سێ سەد ساڵی ڕەبەق بە دزییەوە خوداپەرستییان کرد. لەو سێ سەد ساڵەدا ڕاوەدوو دەنران و ئازار دەدران و دەکوژران. کریستیانەکان سێ سەد ساڵ بە ڕەسمیی تیرۆریست بوون هەتا قەیسەری ڕۆم بە ناچاریی لە ژێر فشاری بڵوبوونەوەی کریستیانیزمدا ملی داو ئایینەکەی بە ڕەسمیی ناساند.

لەگەڵ زانیینی ئەو مێژووە خوێناوییەدا کە دروست هەمان دەوڵەتانی ئێستای ناتۆن و کە لە ناو یەکدا سەدان جار شەڕی خوێناویان کردووە، مۆری تیرۆریستبوون لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان دەدەن.

لەوە بگەڕێین کە مۆری تیرۆریست بوون ناهەقیەکی گەورەیە لە کورد دەکرێت، و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی کۆلۆنیالیستیی و ئیمپریالیستیی دەوڵەتانی خۆرئاوادا قابیل بە تێگەیشتنە. هەموو ئەم دەوڵەتانە پارچەیەک لە کێکەکەیان دەوێت و بۆ ئەوان کوشتاری کورد هەر ژمارەیە. بەڵام ئەوی زۆر بەدڕەووشتانە و ساختەبازییەکی تەواو ئاشکرایە ئەوەیە کە هەموویان باس لە بەرژەوەندیی "نەتەوەیی" خۆیان دەکەن و لەوێدا نابینن کە کوردیش دەبێت بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی خۆی هەبێت. ئەوان لە گفتمانەکانیاندا باسی ناکەن کە لە ڕاستییدا خۆیان نەک هەر بێلایەن نیین بەڵکو بەشێکن لە نەزمە داگیرکارییەکە: ئەوان چەک دەفرۆشن، زایاریی سیخوڕیی و سەربازیی دەفرۆشن یان بە دەستیاو دەیدەن، و کۆمەڵێک بازرگانیی لەگەڵ تورکیا و ئێران دەکەن (کاتی خۆی سەددامیش) کە بازرگانییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو تێکەڵاوە لە ئیمتیاز و دەمچەورکردنی سیاسیی و ئابووریی، بێگومان، لە سەر خوێنی کورد. لەبەرئەوە، "بێلایەنیی" سوێد لە پێوەندیی تورکیا و کوردستاندا ناڕاستییەکە.

ئەمە لەو دەلیلهێنانەوانەدا دەنگ و ڕەنگیان پێ نادرێت کاتێک خۆیان باس لە تورکیا و کوردستان دەکەن.

کێشەی کورد ئەوە نییە کە سوێد ببێت بە ئەندامی ناتۆ، ڕەنگە ئەوەیش کێشە نەبێت کە چەک بە تورکیا بفرۆشێت. با سوێد تەنانەت هەموو چەکی خۆی پێشکەش بە تورکیا بکات، با هەموو سوێد ببن بە پۆلیس و سەربازی ئەردۆغان، بەڵام بە مەرجێك دژ بە کوردستان شەڕ نەکەن. ئەوە مەرجی کوردە بۆ هەر دەوڵەتێکی ناتۆ.

هیتلەر و ئەردۆغان بە هێز ئیمزایان بە سوێد کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی کورد هێزی نییە ناتوانێت مەرج دانێت و تەنانەت ڕێگای پێ نادرێت داوا لە سوێد بکات کە ڕەگەزپەرستانە و هەڵاواردانە مامەڵە لەگەڵ کورددا نەکات.

ئەوە دروستە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا سیستەمێکی دیموکراسیی لە دونیای ئوروپادا پێشخراوە و لە زۆر ڕووەوە مافەکانی مرۆڤ تیایدا بەرقەرارە و کە لە سنوور و میچدا بەرفراوان بووە، بەڵام ئەم دیموکراسییە دەکەوێتە گرەوەوە کاتێک پرسی گرینگی وەکوو ئازادی دەربڕین و چالاکیی و هەڵسووڕاویی بۆ نەتەوە/ ئیتنیک/ گرووپ یان تاکەکەسانێک دەکەوێتە مەترسییەوە. پەیماننامەی ناتۆ لەگەڵ گەورەترین پرسی ئەوڕۆیی مرۆڤایەتیی کە دیموکراسیی و مافی مرۆڤە کەوتووەتە کێشە. سوێد و فینلەند کە بە خۆهەڵکێشانەوە بانگەشەی دیموکراسیەکی بێخەوش دەکەن ئێستا هێندەی دیکە ئەو پرسە قەیرانئامێز دەکەن.

ئەو کوردەی تەنانەت بە خۆپیشاندانێکی یەک سەعاتە کۆمەک بە خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکەی خۆی بکات و مل بە دووڕوویی سیاسیی و ڕەگەزپەرستیی ئەمانە نەدات، بە تیرۆریست دەناسرێت یان حیسابی تیرۆریستێکی بۆ دەکەن. لەو بارەوە تاکەکەسی کورد لە بچووکترین مافە دیموکراتیکە هاووڵاتییەکانیش بێ بەشە. ئەمە ڕەگەزپەرستییە و هەڵاواردنێکی ئاشکرایە. ڕەگەزپەرستیی و هەڵاواردنێکی ڕەسمییە چون راستەوخۆ دەوڵەت لە سەر ئاستی دەستووریی و سترەکچەریی و دامەزراوەیی ڕێگای پێ دەدات و هەموو دونیاش شاهیدە. بە قەولی عەبدوڵا گوڵ، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا وتارێکی نووسیبوو، پرسی کورد ئیدی ئەوەندە ئاشکرا بووە کە چووەتە نێو ڕێکخراوە باندەوڵەتیەکانی وەکوو یەکیەتیی ئوروپا و ناتۆ وە.

ئەوجا لە سەر بڵندگۆ مۆرلێدراوەکانی خۆیانەوە کە هیچ کوردێکی دڵسۆز (دیارە هیچ بەدبەختێکی دیکە لە خەڵکی ئاسایی) ناتوانێت پێی بگات دەڵێن کە "ئەگەر هاوکاریی مرۆڤییمان لە دەست بێت دەتوانین بە کوردی بدەین". لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا کە ئەگەر ئەمانە نەزمی داگیرکاریی لە کوردستان بە پێوە ڕانەگرن، کورد نەک هەر پێویستی بە هاوکاریی مرۆڤیی نییە بەڵکو دەشتوانێت هاوکاریی خەڵکی دیکەش بکات.

سەرئەنجام چی ماوە بگوترێت؟ لە ژێر ڕۆشنایی تیرۆریزمی ڕاستەقینەی دەوڵەتانی ناتۆ کە بە مێژوو دز و تاڵانکار بوون و تەنیا و تەنیا هێزی تەکنیک و دەسەڵاتی سەربازییانە لە سەر دوو لاق ڕای گرتوون، بە ڕای من ئەوەیە کە ئەم هێرشە ناڕەوایە لە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دژ بە پ ک ک نییە. ئەسڵەن هەر ئەوەندە پێوەندیی بە پ ک ک ـەوە هەیە کە وەکوو ڕێکخراوەیەکی دیار و ئاشکرای سیاسیی ڕابەرایەتیی ئەو تێکۆشانە دەکات. ماوەیەک لەمەوبەر ئاشکرا بوو ئێریکسۆن کە کۆمپانیایەکی گەورەی تێلەکۆمینیکاسیۆنە ژێربەژێر لەگەڵ داعش دا بازرگانیی کردووە. ئەو بازرگانییە لە بازاڕی گاڵتەجاڕیی دیموکراسیی دەوڵەتانی ناتۆدا لە خوارەوە بۆ ناو خودی دەوڵەت، بە ڕەواجە.

بەشێکی ئەم شەڕە سایکۆلۆژییە دژ بە کورد ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بڵێن: ئێمە دژی کورد نیین، هەر دژی پ ک ک ین! دەوڵەتانی ناتۆ چوارچێوەیەکی رەسمیی بیرۆکراسیان بۆ خۆیان بە ناوی "کوردە باشەکان" و "کوردە خراپەکان" دروست کردووە و کاری پێ دەکەن.

بۆ ئەوانەی کە بایی دووقڕان ئەزموونی ژیانیان هەیە، نەک هەر سیاسیی، ڕۆشنە کە ئامانجی ئەوان کورد و کوردستانە. ئەگەر هێرشەکەیان دژ بەو کوردانەیە کە بۆ ئەوان خراپن، ئەوا دەبینین کە هەتا ئێستا هیچ ئیمتیازێکیان بە کوردە باشەکان نەداوە و بە دڵنیایشەوە نایدەن. هەر ئەوەندەی لێکەوتووەتەوە کە "کوردە باشەکانیان" کردووە بە تابوری پێنجی خۆیان.

دڵنییام ڕۆژێک دێت، شایەد زۆریشی نەمابێت، کە ژمارەی "کوردە باشەکان" کەم دەبنەوە و ئەمان ناچار دەبن لەگەڵ "کوردە تیرۆریستەکاندا/ خراپەکاندا" دابنیشن و خۆیان لە بەردەمیاندا بچەمێننەوە و تەنانەت خەڵاتی نۆبلیشیان پێ بدەن. ئەو خەڵاتەی بە ڕای من، هەروەکوو کۆمەکی کتێبی "دەبێت ئەمە بگێڕیەوە!" سووک و بێنرخە، بەڵام یەک مانای بەنرخی تێدایە کاتێک کە مرۆڤ لە ڕووانگایەکی دیکەوە بیبینێت. ئەویش ئەوەیە کە ئەمان سەری خۆیان نەوی ڕا دەگرن و بە "گەورەم" و بە "فەرموو" بەخێرت دەهێنن و بە ڕێت دەکەن کاتێک ئێمە بتواین بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین. نموونەی لەم جۆرە لەم مێژووە خوێناوییەی مرۆڤایەتییدا زۆرن. مارتین لۆتەر کینگ و نیلسۆن ماندێلا و یاسر عەرەفات و هتد دیوە ڕاستەقینە بێڕەووشتییەکەی ئەم نەزمەیە.

قەیسەر کۆنستانتینی رۆم ساڵی ٣١٣ ی زاینیی هەر ئایینی کریستیانی بە رەسمیی نەناساند، بەڵکو هاتە بەردەم خەڵک و خۆی وەکوو جێگری خودا بۆ ئایینی کریستیان لە قەڵەم دا. مرۆڤ دەبینێت مێژووی بەدڕەووشتیی دەسەڵاتی ئیمپریالیستیی و کۆلۆنیالیی ئوروپایی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت.

تا ئەو کاتەی خەڵاتی نۆبڵ بە تێکۆشەرێکی بەرچاوی کورد دەدرێت، ئافەرین بۆ ئەو دڵسۆزانەی لە ناو کورددا پێیان خۆشە لە بەرەی کوردی خراپ و کوردی تیرۆریست بن، چون بە لانی کەمەوە دەتوانن لە ڕوویان بێت کە لە هەڵدان و نۆشکردنی پێکی سەرکەوتندا بەشدار بن.

2022/07/01

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار