حكومەتی هەرێم: لە پێنج مانگی ئەمساڵدا 137 ملیار دینار كورتهێنانی دارایمان هەبووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دارایی تایبەت بە داهات، خەرجی و كورتهێنانی بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2022 بڵاوكردەوەكە داهاتی گشتی پێنج ترلیۆن و 640 ملیار دینار و خەرجییەكانیش پێنج ترلیۆن و 777 ملیار دینار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تەموزی 2022، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردوە، لەم ڕاپۆرتەدا داهاتی ئاماژە پێكراوی فرۆشتنی نەوت بریتییە لە پوختەی ئەو داهاتەی كە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەت، ئەم داهاتە پێش گەیشتی بە ئەژمێری وەزارەت خەرجییەكانی دەرهێنان و پشكی كۆمپانیا و گواستنەوە و سەرجەم خەرجیەكانی دیكەی فرۆشتنی نەوتی لێ دەردەكرێت.
بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی، ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بۆی رەوانەی كراوە زیاتر لە سێ ترلیۆن و 391 ملیار دینار بوە، هەروەها 400 ملیار دیناریش لە بەغداوە رەوانەی هەولێر كراوە، داهاتی ناوخۆش لەو ماوەیەدا تریلیۆنێك و 708 ملیار دینار بوە، هاوكاری هاوپەیمانانیش نزیكەی 140 ملیار دینار بوە.