شینی ئێران لەخاكی سوریادا

دوایین سنگەری ئێران لەدژی ئیسرائیل سوریایەو نایەوێت بەهۆی ئۆپەراسیۆنی توركیا بەرژەوەندیەكانی بكەوێتە مەترسییەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی
ئێران هەوڵی رازیكردنی توركیا دەدات بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەبازیی ئەو وڵاتە لە سوریا بەمەبەستی پاراستنی بنكە و پێگەی خۆی لەخاكی ئەو وڵاتە كە بەدوایین سەنگەری ئێران دژی ئیسرائیل لەقەڵەم دەدرێت بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی نێوەندگیری دیمەشق و ئەنقەرە دەدات.
ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی تەلئەبیت و ئەنكەرە و ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنی سەربازیی لەخاكی سوریا پێگەی سیاسی و سەربازیی ئێران دەخاتە ژێر مەترسییەوە ، ئەو دوو هۆكارە وای كردووە بەرپرسانی تاران هەوڵی نێوەندگیریی دیمەشق و ئەنكەرە بدەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەدیمەشق رایگەیاند وڵاتەكەی دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە بە هەر بیانویەكەوە بێت ، هاوكات نیگەرانییەكانی توركیای گەیاندووەتە بەرپرسانی سوریا.
سەڕای هەوڵەكانیان، پێناچێت تاران بتوانێت رێگریی لەئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەرۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بكات.
ئەگەرچی ئێران وا پیشان دەدات كە هەوڵەكانی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازیی توركیا لەو ناوچانە چڕكردووەتەوە بەڵام مێژووی 30 ساڵی رابردوی ئەو وڵاتە دەری دەخات ئامانجی سەرەكیی تاران بەهێزكردنی پێگەی سەربازیی خۆیەتی لەسوریا بە تایبەت كە وەك نزیكترین پێگە لەدژی ئیسرائیل لێی دەڕوانێت.
توركیا لەئێستادا كەوتووەتە خراپترین دۆخی ئابوریی بەجۆرێك كە هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتە گەیشتوەتە 74% و بەبڕوای چاودێرانیش سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە ئەو بیانوەی بەسە بۆ ئەوەی بەبێ گوێدان بە ئێران و تەنانەت ئەمریكا، ئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازیی لە خاكی سوریا ئەنجامبدات، چونكە تەنها ئەو هەنگاوە سەربازییە دەتوانێت شكستی سیاسی و ئابوریی دەسەڵات لەتوركیا داپۆشێت.

 

لەسەرەتای ساڵی 2011 تائێستا نزیكەی شەش هەزار و (500) چەكداری ئێران لەسوریا كوژراون كە بە رەسمی تەنها كوژرانی 200 كەسیان پشتڕاست كراوەتەوە. 
فەرعی: تەلئەبیب پێی وایە بوونی چەكدارانی ئێران لەسوریا پێش ئەوەی بۆ بەرگریی و پاراستنی دەسەڵات لە دیمەشق بێت بۆ زیان گەیاندنە بەئیسرائیل، هاوكات بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەكیی تاران بەهەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەكەی لەقەڵەم دەدات و جەختی لەوە كردووەتەوە دەست ناپارێزێت لە هێرشكردنە سەر چەكدارانی ئێران لە سوریا

 


نێوەندگیریی ئێران لەنێوان سوریاو توركیا
رۆژی یەكشەممە (3/7/2022) ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆكی رژێمی سوریا لە دیمەشق كۆبووەوە و عەبدوڵاهیان دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، تاران بەهەموو شێوەیەك دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە لەسوریا و لەو پێناوەشدا نیگەرانییەكانی ئەردۆغانی گەیاندووەتە بەشار ئەسەد.
وەزیری دەرەوەی ئێران كە پێش گەشتەكەی بۆ دیمەشق ماوەی چوار رۆژ لە ئەنكەرە بوو، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە، رایگەیاند: تاران هەوڵی نێوەندگیریی لەنێوان دیمەشق و ئەنكەرە دەدات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی سیاسیی و دیپلۆماسیی لەنێوان ئەو دو وڵاتە.
عەبدوڵاهیان دوای ئەوەی لەدیمەشق لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا كۆبووەوە جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی رۆڵی نێوەندگیریی دەدات بۆ ئەوەی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەخاكی سوریا ئەنجام نەدات.
وتەكانی عەبدوڵاهیان لە كاتێكدایە توركیا لەساڵی 2016 تا ئۆكتۆبەری 2019 زیاتر لەچوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەدژی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام داوە سەرەڕای ئەوەش كە روسیاو توركیا و ئێران لەچوارچێوەی كاری هاوبەشدا ساڵی 2017 گفتوگۆكانی ئەستانە-یان بۆ دانوستانەكانی نێوان لایەنەكانی جەنگ لەسوریا راگەیاند و تائێستاش 18 گەڕی ئەو گفتوگۆو دانوستانانە بە سەرپەرشتیی مۆسكۆ، ئەنكەرە و تاران بەڕێوەچووە بەبێ ئەوەی دەستكەوتێكی ئەوتۆ بۆ ئاگربەست و كۆتایی جەنگ لەسوریا بەدی هێنابێت.

 

سەرەڕای هەوڵەكانیان، پێناچێت تاران بتوانێت رێگریی لەئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بكات
 

 


ستراتیژی دیمەشق و تاران
تاران و دیمەشق بەدوو هاوپەیمانی ستراتیژیی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێن، سوریا پردی پێكگەیشتنی نێوان ئێران و حیزبوڵڵایە لە لوبنان و ئەو هێڵە لە دژی ئیسرائیل، خۆیان بەبازنەی بەرگریی لەدژی ئیسرائیل ناو دەبەن.
پەیوەندییەكانی تاران لەگەڵ دیمەشق تا ئاستێك ستراتیژییە كە ئەو وڵاتە بەوتەی حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، ئەندامی پێشوی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی لەپەرلەمانی ئێران، لەساڵی 2011 تا 2017 نزیكەی 30 ملیارد دۆلار هاوكاریی پێشكەشی رژێمی سوریا كردووە.
پەیوەندییەكانی ئێران و سوریا بەیەكێك لەكۆنترین پەیوەندییە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەكرێت ئەوەش بە بەردەوامی هۆكارێك بوە كە وڵاتانی كەنداو بەهەموو شێوازێك هەوڵ بدەن ئەو وڵاتە عەرەبییە لەتاران داببڕن.
وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی لەساڵی 1980 و تەنها یەك ساڵ دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی و دەستبەكاربوونی كۆماری ئیسلامی لەئێران زیاترین هەوڵیان داوە تاران لەدیمەشق داببڕن چونكە هۆكاری سەرەكیی ئەم داوكارییە هاوسنوربوونی سوریا بووە لەگەڵ ئیسرائیل.
عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بەردەوامی جەختی لەوە كردووەتەوە، سوریا نزیكترین هاوڕێ و دۆستی تارانە لەچاو وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئەو وڵاتەشی بەسەنگەری بەرگریی لە دژی ئیسرائیل ناوزەد كردووە.
بە بڕوای عەلی خامنەیی، هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی جەنگی سوریا كەبریسكەكەی لەساڵی 2011 و هاوكات لەگەڵ شەپۆلی (بەهاری عەرەبی) بوو دەگەڕێتەوە بۆ پلانی ئەمریكا و هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا بەمەبەستی شكستی ئەو بەرەیەی كە ئەو وەك بازنەی بەرگریی ناوی دەهێنێت.

 


 تاران و دیمەشق بەدوو هاوپەیمانی ستراتیژیی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێن، سوریا پردی پێكگەیشتنی نێوان ئێران و حیزبوڵڵایە لە لوبنان و ئەو هێڵە لەدژی ئیسرائیل، خۆیان بەبازنەی بەرگریی لەدژی ئیسرائیل ناو دەبەن

 

ئێران لەنێوان بەعس لەسوریا و عێراق
پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی تاران و دیمەشق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1946 واتە لەو سەردەمەی كە سوریا سەربەخۆیی خۆی راگەیاند هەر ئەو كاتیش ئێران  كۆنسوڵخانەی خۆی لەو وڵاتە كردەوە .
پەیوەندییەكانی تاران و دیمەشق بەهۆی جیابوونەوە لە نێوان حزبی بەعس لەساڵی 1961 كە ناوەندەكەی لەپایتەختی سوریا بووە توندوتۆڵتر بووەوە بە تایبەت كە ئەو جیابوونەوەیە بووە هۆی لەدایكبوونی حزبی بەعس لەعێراق و بەدەسەڵاتگەیشتنی لەبەغدا لەساڵی 1968، بەوەش ململانێكانی ئەو دوو باڵە بۆ بە میراتبردنی بیروباوەڕی بەعسی و عەرەبی سەری كێشا بۆ جەنگی ئێران و عێراق لەساڵی 1980 ئەوەش وای كرد سوریا یەكەم وڵات و تاكە وڵاتی عەرەبی بێت كە پشتگیریی ئێران بكات لەدژی بەعسی عێراق.
حافز ئەسەد باوكی بەشار ئەسەد، سەرۆكی كۆچكردوو ئەو كاتی سوریا لەساڵی 1978 پشتیوانیی خۆی بۆ روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی لە ئێران دەربڕی و دژی سیستمی پاشایەتی و محەمەدڕەزا پەهلەوی، دوایین پاشای ئێران، پشتیوانیی لەكۆماری ئیسلامی كرد و هاوكات لەگەڵ فشارەكانی ئەمریكا دژی ئێران لەساڵی 1979 ، دیمەشق و تاران هاوپەیمانیی خۆیان لەدژی واشنتۆن راگەیاند.
بەپێی ئەو بەڵگانەی بڵاوبوونەتەوە سوریا لەساڵەكانی جەنگی نێوان ئێران و عێراق بە رەوانەكردنی ئەفسەرو جەنەڕاڵەكانی بۆ وڵاتانی یەكێتی سۆڤیەت، چەك و كەرەستەی سەربازیی روسیی لەدژی عێراق بۆ ئێران كڕیوەو هاوكات زانیاریی لەسەر ئەو چەكە روسیانەی كە رژێمی بەعسی عێراق بەكاری هێناون بەئێران داوە و رۆڵی باڵای بینیوە لەوەی كەئێران بتوانێت سەرەڕای گەمارۆكانی مۆسكۆ دژی تاران، لەو سەردەمەدا چەكی روسی و زانیارییەكانی بەدەست بهێنێت و لەبەرامبەر بەعس شكست نەهێنێت.
بەشار ئەسەد كە نۆزدەیەمین سەرۆكی سوریا لەقەڵەم دەدرێت لە رۆژی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی وڵاتەكەی لەساڵی 2000 زیاتر لە 13 جار گەشتی بۆ تاران كردووە كە ئەوەش ئاماژەی روونی توندوتۆڵی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دو وڵاتەیە، ئەو بە بەردەوامی جەختی لەوە كردووەتەوە پەیوەندییەكانی نێوان سوریا و ئێران لەسەرووی سیاسەت و ئابورییەوەیە و مامەڵەی پێوە ناكرێت.
زۆرترین پلەداری سەربازیی ئێران لەسوریا
لەماوەی 11 ساڵی جەنگی سوریا، 15 فەرماندەی سەربازیی ئێران بەپلەی عەمید و بەسەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لەسوپای پاسداران بەشدارییان لە جەنگ دژی نەیارانی بەشار ئەسەد و رژێمی بەعسی سوریا كردووە.
لەسەرەتای ساڵی 2011 تا ئێستا نزیكەی شەش هەزار و (500) چەكداری ئێران لە سوریا كوژراون كە بە رەسمی تەنها كوژرانی 200 كەسیان پشتڕاست كراوەتەوە. 
ئێران تەنها ناوی 19 ئەفسەرو پلەداری خۆی بە فەرمیی بڵاوكردووەتەوە كە لەجەنگی سوریا كوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سالی 2011 لەیەكەم كاردانەوەی بەرامبەر بوونی هێزەكانی ئێران لەسوریا بۆ یەكەمجار قاسم سولەیمانی خستە لیستی سزاكانییەوەو رایگەیاند سولەیمانی سەرپەرشتیی و فەرماندەیی هێزەكانی ئێران لەسوریا دەكات.

لەسوپا تاسایپا لەسوریا

سەرەڕای ئەوەی لە رووی سەربازییەوە زۆرترین هێزی سەر بەسوپای پاسداران لەسوریا بوونیان هەبووە ، كۆمپانیای سایپا كە بە یەكێك لە گەورەترین بەرهەمهێنەكانی ئۆتۆمبێل لە ئێران لەقەڵەم دەدرێت بەشی دووەمی كارگەی بەرهەمهێنانی ئەو كۆمپانیایە لەساڵی 2007 تائێستا سەرقاڵی ئۆتۆمبێل دروست كردنە لەو وڵاتە.
كۆمپانیای سایپا ساڵانە توانای دروستكردنی 500 هەزار ئۆتۆمبێلی هەیەو لقی دووەمی ئەو كۆمپانیایە لە سوریا ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار ئۆتۆمبێل بۆ ناوخۆی سوریا دروست دەكات كە زۆربەیان لەشێوەی تەكسی لەشەقامەكانی دیمەشق و شارەكانی دیكەی ئەو وڵاتە بە رەنگی زەرد دەبینرێن.
جەنگی ئیسرائیل و ئێران لەسوریا
تەلئەبیب و تاران زیاتر لە 40 ساڵە هەڕەشە لەیەكتر دەكەن، ئیسرائیل دەسەڵاتی ئێران بە دوژمنی ژمارە یەكی خۆی لەقەڵەم دەدات و بەرپرسانی سەربازیی ئێران و سوپای پاسداران دەیان جار هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلیان لە نەخشەی جیهان كردووە.
ئیسرائیل دەڵێت گەورەترین بنكەی سەربازیی ئێران لە 50 كیلۆمەتری سنوری وڵاتەكەی لەخاكی سوریا هەیە كە دەكەوێتە باشوری شاری دیمەشقی پایتەختی وڵاتەكە.
 هاوكات بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران 10 بنكەی سەربازیی لەسوریا هەیە كە بووەتە شوێنی راهێنان چەكدارانی سەر بە رژێمی سوریا وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) بڵاوی كردووەتەوە ئێران سەرپەرشتیی زیاتر لە 20 هەزار چەكدار دەكات كە هاوشێوەی باڵێكی سەربازیی كۆماری ئیسلامییە لەسوریا و ئەوانەش هەندێكجار لە ریزەكانی هێزی نیشتیمانی (جەیشی وەتەنی) ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.
رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە سوپای پاسداران لەسوریا راهێنان بەچەكدارانی حیزبوڵڵای لوبنان، بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستین دەكات.
تەلئەبیب پێی وایە بوونی چەكدارانی ئێران لە سوریا پێش ئەوەی بۆ بەرگریی و پاراستنی دەسەڵات لەدیمەشق بێت بۆ زیان گەیاندنە بەئیسرائیل، هاوكات بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەكیی تاران بەهەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەكەی لەقەڵەم دەدات و جەختی لەوە كردووەتەوە دەست ناپارێزێت لە هێرشكردنە سەر چەكدارانی ئێران لەسوریا و زیانگەیاندن بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران.
ئیسرائیل تەنها لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە هەزار هێرشی سەربازیی لەخاكی سوریا ئەنجامداوە كە زۆربەیان لە رێگەی فڕۆكەی جنگی و موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بووە بەوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش ئەو هێرشانە لە دژی پێگە سەربازیی و چەكدارییەكانی ئێران لەو وڵاتە بووە كە بە مەترسیی بۆسەر تەلئەبیب لەقەڵەم دەدرێن.
ئیسرائیل زیاترین جار ناوچەكانی (پالمیرا، مەسیاف، لازقیە، دیمەشق،حۆمس، بوكەمال)ی كردوەتە ئامانج و رایگەیاندووە زیاترین بنكە و پێگەی سەربازیی ئێران و چەكدارانی لەو ناوچانەی سوریان ئەوەش لەپێناو ئەوەی ئێران ئەو ناوچانە نەكاتە خاڵی بەهێزكردنی هاوسەنگیی سەربازیی لە دژی ئیسرائیل.
بەریەككەوتنی تەلئەبیب و تاران بەجۆرێك هەستیار بووەتەوە كە یائیر لاپید دوای چەند كاتژمێرك لەدەستبەكاربوونی وەك 14 یەمین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ ئێران گەورەترین مەترسییە بۆسەر وڵاتەكەی، بۆیە رێگەنادەن ئەو وڵاتە پێگەی خۆی لەسنورەكانی ئیسرائیل بەهێز بكات و هاوكات هەمو هەوڵێك لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران دەدەن.
شینی ئێران لەسوریا
روون و ئاشكرایە، سوریا گرنگترین بنكەو سەنگەری سەربازییە بۆ ئێران، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدات كەتوركیا و چەكدارانی لایەنگری ئەو وڵاتە لە سوریا كێشە بۆ پێگەی تاران دروست نەكەن، هاوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەنكەرە لەگەڵ تەلئەبیب كە ماوەی چەند مانگێكە هاتووەتە ئاراوە، دەبێتە مەترسییەكەی دیكە بۆسەر پێگەی ئێران لە سوریا.
توركیا لەساڵی 2008 نێوەندگیریی نێوان تەلئەبیب و دیمەشقی كردووە بۆ چارەسەری كێشەی بەرزاییەكانی جۆلان كەدەكەوێتە سنوری نێوان ئیسرائیل و سوریا بەڵام ئەو هەوڵە نێوەندگیرییەی شكستی هێنا ئەوەش وا دەكات تاران بەبەردەوامیی گومانی لەهەوڵە سیاسی و سەربازییەكانی ئەنكەرە لەسوریا هەبێت بەتایبەت كە توركیا لەلایەن ئەمریكا و روسیاوە تائاستێك دەستكراوەیەو هاوشێوەی ئێران لەژێر فشاری قورسی سزاو گەمارۆدا نییە.

  
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار