قوباد تاڵەبانی: ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە كارەساتەكەی زاخۆ رووینەدەدا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:"ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو كارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێكی جوان لەمانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێكمان بەفرۆكە رەوانەی بەغدا نەكردایە!".
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت:"من دەڵێم خوێنی كەس لەكەسی تر سورتر نییە! ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر تاوانی شەهیدكردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیكەی خانەوادەكەی لە چیای كورتەك، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدكردنی ٨ هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر بە شەهیدكرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیكە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەكەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە".
دەقی نوسینەكەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم:
لە گەرمای تەموزی بەغداد و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنكایی تاڤگە و شنەبای سەیرانگا و هاوینەهەوارەكانی كوردستان، كەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی كەسوكار و خانەوادەكانیان كرایەوە.
تاوانە گەورەكەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی هەموو هاوڵاتییانی عێراقی هەر لە دهۆك و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموولایەكی تازیەباركرد. ئێستا نەك هەر خانەوادەكانیان، بەڵكو هەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەكەی سەیرانگای پەرەخن.
تاوانەكە بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان واتایەكی دیكەشی هەبوو، هاوڵاتیانی كوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێكیان وەك هەر مرۆڤێكی خاوەن ویژدان، وەك هەر هاوڵاتییەكی دیكەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاوڵاتی مەدەنی. جارەكەی دیكەشیان وەك كوردێكی بێكەس و بێ پشتوپەنا، كە بەردەوام قوربانین و كەس هاواریان نابیستێت!
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی كوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەكانەوە شەهید بوون، بۆ حكومەتی فیدراڵ جارێك هەڵوێستێكی جدی نەبوو؟
ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە كە ئەمجارەیان حكومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەكان بە گشتی و تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە كە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێكردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاكی عێراق، كەچی بە داخەوە تەنها یەك دوو جار نەبێت كە بە ئیدانەكردنێكی سەرپێیی لەكۆڵ خۆیان كردەوە.
ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو كارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێكی جوان لەمانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێكمان بەفرۆكە رەوانەی بەغدا نەكردایە!
من دەڵێم خوێنی كەس لەكەسی تر سورتر نییە!
ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر تاوانی شەهیدكردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیكەی خانەوادەكەی لە چیای كورتەك، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدكردنی ٨ هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر بە شەهیدكرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیكە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەكەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە.
بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەركی حكومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەك حكومەتی هەرێم و چ وەك هاوڵاتیانی كوردستان چاوەڕوانیمان لە حكومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەكان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەك بەرامبەر هەر پێشێلكارییەكی سەرەوەری عێراق ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن.
داواكارم و كار بۆ ئەوە دەكەم ئەم رووداوە كارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لەیەكیان نزیكبكاتەوە و وایان لێبكات دڵۆپێك خوێنی هاوڵاتییەكمان لەهەموو شتێكی تر پێ گرنگتر بێت. حكومەتێك دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیان و سەرەوەری خاكەكەی بپارێزێت كە بتوانێت لەناوخۆدا كۆك و تەبابێت و جێی متمانەی هاوڵاتیانی بێت.
دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەهیدانی بۆردومانەكانی ساڵانی رابردوو.
