سەمیر هەورامی: سبەینێ مووچەی مامۆستایانی زانكۆو وانەبێژان دابەش دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" سبەینێ مووچەی مامۆستایانی زانكۆ و وانەبێژان دابەشدەكرێت و هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی سیولە (پارەی نەختینە) لە بانكەكانی سلێمانی".
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند :"پارەی نەختینە تەرخانكراوە و سبەینێ مووچەی مامۆستایانی زانكۆ و وانەبێژی پێكەوە دابەشدەكرێت و ھەوڵی جدی ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی سیولە لە بانكەكانی سلێمانی".
بەپێی خشتەی مووچەی مانگی ئایار، دەبوو پێش جەژنی قوربان لە رۆژی 9ی ئەم مانگەدا، مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەشبكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكەكان، بەشێك لە مووچەی مامۆستایانی زانكۆ و وانەبێژان و خانەنشینان لە وادەی خۆیدا دابەشنەكرا.
هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد كە بڕیارە سبەینێ دەرماڵەی مانگی نیسانی خوێندكاران خەرج بكرێت.
ئەمڕۆ 24ی تەممووزی 2022، بەشێك لە مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشاندا لە دژی دواكەوتنی مووچەكانیان و داوایانكرد، كێشەی دواكەوتنی مووچە چارەسەر بكرێت.
