ئێران؛ شەڕی ساردی روسیاو ئەمریكا گـــەرم دەكاتەوە

تاران چەندین سیناریۆی ئامادە كردووە بۆئەوەی سیاسـەتەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جــێبەجێ نەكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەكاریی دەكات بۆ گۆڕانكاریی نوێ و ئەوەش لەگەشتی بایدن بۆ تەلئەبیب و پوتن بۆ تاران زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئێرانیش پێی وایە هەموو پلانەكان بۆ كۆنترۆڵی ئەوەو هەنگاوێكە بۆ ملكەچبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمیی.

سەرۆكی ئەمریكا بەڕاشكاوی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیەو ژمارەیەك لەوڵاتانی كەنداو رایگەیاندووە؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەیارەكانی وڵاتەكەی چۆڵ ناكات و هەوڵ دەدات چەترێكی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی ئەو ناوچەیە دروست بكات.

ئێران ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا بەشكستخواردوو ناوبردووەو باس لەوە دەكرێت تاران زیاتر لەچوار سیناریۆی لەدژی پلانە نوێیەكانی واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە كردووە كەزۆربەیان دەبنەهۆی ئاڵۆزیی و پێكدادان لەناوچەكە.

ئێران دەتوانێت لەڕێگەی گروپە شیعەكانەوە، عێراق و هەرێمی كوردستان و لوبنان رووبەڕووی كێشەی گەورە بكاتەوەو لەبەرامبەردا ئەمریكا نایەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو چەند وڵاتە پێكدادانی سەربازیی رووبدات، لەهەمان كاتدا ئامانجیەتی لەچوارچێوی پلانێك بەناوی هاوسەنگیی لەدوورەوە رۆڵی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمبكاتەوە.

 

فشارە نوێیەكانی ئەمریكا لەدژی ئێران

ئەمریكا دەیەوێت بەنزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبی، ئێران ناچار بكات بەگەڕانەوەو پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمیی.

ئێران لەساڵی رابردوودا ساردوسڕیی نێوان ئەمریكا لەگەڵ سعودیەو ئیمارات و میسر وەك دەستكەوتێكی گرنگ لەبەرژەوەندیی خۆی دەبینی و ئەوەش وایكردبوو ئاستی داواكارییەكانی تاران لەدانوستانەكانی ڤیەننا لەبەرامبەر واشنتۆن بەرز ببێتەوە.

گەرمبوونەوەی پەیوەندییەكانی ریازو واشنتۆن دەبێتە هۆی كرانەوەی دەرگاكانی ئەمریكا بەڕووی سعودیە بۆ كڕین و هێنانی چەك و كەرەستەی سەربازیی نوێ كەدەبێتە چەترێك دژی ئێران  كە لەسعودیەوە تا ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی كەنداو دەگرێتە خۆی.

بەبڕوای ئێران هاوتەریبوونی و هاوكاریی بۆماوەیی ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی، كارتە گرنگەكانی تاران لەگەمەی سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناودەبات، هەر لەم سۆنگەیەوە ئێران هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ شكستی نزیكبوونەوەی واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیی كەنداو.

سیناریۆو كارتی فشارەكانی ئێران

ئێران هەوڵ دەدات لەڕێگەی لۆبیكردن لەئەمریكا فشار بۆ ئیدارەی جۆو بایدن-ی سەرۆكی وڵاتەكە بهێنێت كە پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ریاز لەوەی رابردوو تووندوتۆڵتر نەبێت، لەبەرامبەردا هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بدات لەگەڵ تاران بەتایبەت كە (تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن) و (رۆژنامەی واشنتۆن پۆست) و (رۆژنامەی نیویۆرك تایمز) زیاتر لەیەك ساڵە دژی ئەوە وەستاونەتەوە ئیدارەی بایدن پەیوەندییەكانی لەگەڵ ریاز ئاسایی بكاتەوە.

ئەو میدیانەی ئەمریكا لەگەڵ گەشتەكەی ئەم دواییەی بایدن بۆ ئیسرائیل و دواتر سعودیە، رایانگەیاند پێویستە بایدن بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی خۆی بهێنێتەدی كەبریتی بووە لەفشارخستنە سەر میسر و ئیمارات و بەحرەین و سزادانی سعودیە بووە سەبارەت بەپێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتانە لەئاستی مافی مرۆڤدا.

دوەم هەنگاو و كارتی ئێران ئەوەیە كە دەتوانێت ئاستی توندوتیژی و گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بكات و ئەوەش رەنگە واشنتۆن ناچار بكات لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و مسۆگەركردنی ئاسایش لەو ناوچەیە ئاستی توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە كەم بكاتەوە.

ئێران دەتوانێت بە هاندانی چەكدارانی شیعە لەعێراق توندوتیژییەكان و پێكدادانەكان بگەیەنێتە هەولێر بەتایبەت كە لەڕابردودا بە بیانوی بوونی هێزەكانی ئێسرائیل چەند شوێنێكی لەڕێگەی ئەو گروپانەوە موشەكباران كردووە و تەنانەت سوپای پاسدارانیش چەند جارێك موشەكبارانی هەولێری كردووە لەكاتێكدا ئەمریكا دژی دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزییە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان.

هاوكات ئێران لەڕێگەی حزبڵای لوبنان دەتوانێت هاندەربێت لە بەریەككەوتنی و شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەسنورە ئاوییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەو لەلایەكی دیكەوە تاران بەوروژاندنی چەكدارانی حوسی لەیەمەن دەكرێت ببێتە مایەی شكستی ئەو ئاگربەستەی كە زیاتر لەسێ مانگە بەدەستپێشخەریی نەتەوەیەكگرتووەكان و هەندێك وڵاتی رۆژئاوایی لەنێوان حوسییەكان و حكومەتی نزیك لەسعودیە لەوڵاتی یەمەن راگەیەنراوە.

سیناریۆیەكی دیكە یان كارتی سێیەمی ئێران كەئاسانترین هەنگاوی ئەو وڵاتەیە دژی بەرەی ئەمریكا لەئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، ئەوەیە كە تاران بەتەواوەتی بچێتە بەرەی مۆسكۆو پەكین لەكیشوەری ئاسیاو  ببێت بە بەشێك لەو جەمسەرەی چین و روسیا كە لەجیهاندا بوژاندویانەتەوەو لە رووی ئابوریی و تەنانەت سەربازییەوە دژی ئەوروپاو ئەمریكا هەنگاو دەنێن.

یەكلابوونەوەی تاران بۆ بەرەی چین و روسیا بەگەورەترین شكستی سیاسیی ئەوروپاو ئەمریكا لەقەڵەم دەدرێت بەتایبەت كە تاساڵی 1975 ئێران بەستراتیژیترین و گرنگرتین هاوپەیمانی ئەمریكاو رۆژئاوا دژی بلۆكی سۆڤیەتی لەو سەردەمەدا ئەژمار دەكرا .

وەلید فارس، كە پێشتر یەكێك لە راوێژكارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بووە، رایگەیاندووە ئەگەری هەیە ئێران لەهەر سیناریۆو كارتی فشارێكی هەندێكی جێبەجێ بكات و ئەوەش هاوشێوەی یارییەكی شەترەنجە كە تاران شارەزایی تێیدا هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا نەیارانی تارانیش بەباشیی فێری ئەو یارییە بوون كە لەئەنجامدا وا دەردەكەوێت هیچ گۆڕانكارییەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (100%)و بەردەوام نییە.

 

بایدن لەتەلئەبیب و پوتن لەتاران

بەچاوخشاندنێكی خێرا بەمێژووی جەنگی سارد كە لەساڵی 1947 واتە دوای كۆتایی دووەم جەنگی جیهانی تاساڵی 1991 واتە رووخانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەنێوان روسیاو ئەمریكا هەبوو، ئەوەی ئێستا لەگەشتەكەی بایدن لە (15/7/2022) بۆ ئیسرائیل و سعودیەو گەشتەكەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە (19/7/2022) بۆ تاران دەخوێندرێتەوە، تۆخكردنەوەی مێژووی جەنگی ساردە لەنێوان واشنتۆن و مۆسكۆ لەجیهان و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوەی ئێستا زیاتر جێگەی سەرنجە لەهەموو مێژووی جەنگی سارددا ئێران یا پشتیوان و هاوكاری ئەمریكا بووە یان بێلایەنیی لەو جەنگە دەربڕیوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە تاران بەرەی خۆی بەئاشكرا لەدژی واشنتۆن رابگەیەنێت جەنگی ساردی ئەمریكاو روسیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە جەنگێكی گەرم و ئەگەری پێكدادانی نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەتایبەت ئیسرائیل لەدژی ئێران زیاددەكات.

 

ئێران لەگۆڕانكاریی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

رۆژنامەی (ئیبتیكار) سەر بە ریفۆرمخوازانی ئێران لەلاپەڕەی یەكەمیدا بەناونیشانی (دەستی بەتاڵی ئیسرائیل و پێشوازیی سارد لەسعودیە) نووسیویەتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 20 ساڵەو لەدوای روودانی 11ی سێبتەمبەری 2001 بەهێرشكردنە سەر ئەفغانستان و دواتر عێراق لەشكركێشییەكانی بۆ رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا دەستپێكردووەو ئەو ناوچەیەی كردووە بە بنكەیەكی سەربازیی خۆی تەنها لەپێناو ئەوەیدا بتوانیت هەوڵەكانی ئێران كۆنتڕۆڵ بكات.

«ئەمریكا لەم ساڵانەدا لەهیچ هەوڵێك دژی ئێران درێغی نەكردووە بۆ گۆڕانكاریی لەپلان و بەرنامەكانی هەر لەفشارو سزای ئابورییەوە بگرە تا بوونی سەربازیی لەچواردەوری سنورەكانی خاكی ئێران و كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لەسوپای پاسداران بەڵام دوای 20 ساڵ خۆی ناچاربوو هەندێك وڵاتی ناوچەكە چۆڵ بكات، لەبەرامبەدا ئێران هیچ شوێنێكی چۆل نەكردووەو لەبواری سەربازیی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شوێن پێی خۆی پاراستووە.»

رۆژنامەكە نووسیویەتی زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەژێر كاریگەریی ئەمریكا لەڕابردوودا دژایەتی ئێرانیان كردووە لەئێستادا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ تاران دەدەن كە نموونەی ئەو گۆڕانكارییە لەوڵاتانی (توركیا، ئازەربایجان، پاكستان، ئیمارات، تاڵیبان لەئەفغانستان) هەروەها سعودیە بەنێوەندگیریی عێراق دوای شەش ساڵ لەهەوڵەكانی دژی ئێران لەئێستادا هەوڵی كەمكردنەوەی تەنگەژەو ناكۆكییەكان لەگەڵ تاران دەدات و هاوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەندێك لەوڵاتانی عەرەبی لەگەڵ رژێمی سوریا دوای 10 ساڵ ئاماژەی سەركەوتنی سیاسەتەكانی ئێرانە لەو ناوچەیە.

 

ئەمریكا لەدوورەوە كۆنترۆڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

لەئێستادا ئەمریكا لەچوارچێوەی بەرنامەیەك كە بەهاوسەنگیی لەڕێگەی دوورە (Offshore Balancing)  ناوی دەهێنرێت دەیەوێت خەرجی و تێچووە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم بكاتەوە، چونكە بەوتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، وڵاتەكەی لەماوەی 20 ساڵدا هەشت ترلیۆن دۆلاری بۆ رۆژئاوای ئاسیا خەرج كردووە.

ئەمریكا پلانی هەیە لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبی كەنداوەوە بەبێ تێچوویەكی زۆری سەربازیی جێبەجێكاری پلانی خۆی لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستنیشان بكات، بۆیە لەهەنگاوەكانی یەكەمی ئەو پلانەدا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات.

ئیسرائیل گرنگترین بەڕێوبەری پلانی هاوسەنگیی لەڕێگەی دوورەوەیە كە ئەمریكا خوازیارە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیكاتە پێشەنگ و پێشڕەوی وڵاتانی عەرەبیی كەنداو.

ئێران لەبەرەی نەوت و وزەدا

ئەگەرچی ئێران چوارەمین وڵاتی نەوتی و دووەم وڵاتە لەڕووی یەدەگی غاز لەجیهان، بەڵام پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە رێكەوتنی ئەتۆمیی و سازش نەكردنی واشنتۆن بۆ تاران وای كردووە ئێران ئەو توانا سنوردارەی كە لەئێستادا هەیەتی بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز بۆ وڵاتانی نەیاری ئەمریكا بەكاری بهێنێت.

ئەمریكا لەساڵی 2018 توندترین سزای بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووە بەڵام بەواژۆكردنی گرێبەستێكی 25 ساڵە لەگەڵ چین كە بەهاكەی بە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت هەناردەی نەوتەكەی لە 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ چین گەیاندووەتە زیاتر لە 850 هەزار بەرمیل و دوور نییە ئەو بڕەش زیاتر بكات بەتایبەت كە ئەمریكا لەئێستادا دوای روسیا چین بەنەیاری سەرەكیی خۆی دەزانێت.

هێرشەكانی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا گورزێكی دیكەی بەرزبوونەوەی بەهای غازو نەوت لەجیهان و بەتایبەت لەئەوروپا بوو كەئەوەش پێگەی ئەمریكای لەئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز كرد، چونكە نەیتوانیی نرخی نەوت كۆنتڕۆڵ بكات و بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز كردەوە لەكاتێكدا دەیتوانی بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا بگرێت و هاوكات هەڵاوسانی ناوخۆیی ئەمریكا بەو هۆیە نەگاتە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو كە بەپێی بانكی ناوەندیی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئەمریكا لەم مانگەدا 9.1% بووە.

لەلایەكی دیكەوە ڤەنزوێلا كەسزاكانی ئەمریكا كەرتی نەوتەكەی رووبەڕووی كێشە كردووەتەوە وەك هاوپەیمانێكی بلۆكی چین و روسیا لەلایەن ئێرانەوە هاوكاریی دەكرێت و لەڕێگەی كەشتییەوە تائێستان بەملیۆنان بەرمیل نەوت و گاز لەئێرانەوە رەوانەی ڤەنزوێلا كراوە.

ڤەنزوێلا كە لە رابردودا بە پێنجەم بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا ئەژمار دەكرا بەهۆی سزاكانی ئەمریكا پیشەسازیی نەوتی وڵاتەكەی رووبەڕووی كێشە بووەتەوەو تەنها لەماوەی رابردوودا واشنتۆن بڕیاریدا بەهۆی جەنگی ئۆكرانیا بڕێكی زۆر كەم لەنەوتەكەی تەنها رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا بكات.

زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا بەتایبەت ئێران و ڤەنزوێلا لە رووی سیاسەتی نەوتییەوە خۆیان بەچین و روسیا گرێداوەتەوە كەئەوەش بەرەی وزەی دوو نەیاری سەرەكیی ئەمریكا بەهێزتر دەكات مەگەر ئەوەیە كە واشنتۆن بیر لەكردنەوەی دەرگای فرۆشتنی نەوت و بەرهەمهێنانی سوتەمەنیی زیاتر بە رووی تاران و ڤەنزوێلادا بكاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار