پەرلەمانی عێراق ... لە نۆ مانگدا تەنیا 11 كۆبوونەوەو 229 ملیار دیناری خەرجی بووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


دوای ئەوەی زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقیدا تێپەڕدەبێت و دوای دەیان كۆبوونەوەی چەندین كاتژمێری ئاشكراو نهێنی، پەرلەمانی عێراق تەنیا توانیویەتی لەهەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ خۆی و هەردوو جێگرەكەی و درووستكردنی لیژنەكاندا سەركەوتوو بێت، تاوەكو ئێستاش نەیتوانیوە حكوومەت درووستبكات و دۆخ و گرفتە سیاسییەكانی وڵاتیش ئاڵۆزتربووەو پەرلەمانیش كەوتووەتە بەردەمی رەخنەی زۆرینەی عێراقییەكان.
بەپێی ماڵپەڕی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەو ماوەیەدا ئەم خولەی پەرلەمان تەنیا نۆ دانیشتنی فەرمی ئەنجامداوە جگە لە دوو دانیشتنی نائاسایی و كتوپڕ، هەر ئەمەش وایكردووە كەئەم دەزگا تەشریعییە لەبەر كەمی كارەكانیان بەرامبەر هاووڵاتیان و بەخشینی سودو بەرژەوەندییەكی زۆر بۆخۆیان بكەوێتە بەر رەخنە.
بەپێی راپۆرتەكە هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران كەژمارەیان (329) كەسە، 6 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرن، ئەمەجگە لەئیمتیازاتی تر كەنزیكدەبێتە لە 12 ملیۆن دینار.
ئەحمەد تەها روبێعی پەرلەمانتار بەڕۆژنامەی سەباحی نیمچە رەسمی حكومەتی عێراق راگەیاندووە:" ئەركی سەرەكی پەرلەمانتار بەپێی دەستورو پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجومەنی چاودێری و یاسادانانە"، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەو رێگرییانەی كەئێستا هەیەو وایكردووە كەدانیشتنەكان كەمببێتەوە مانای ئەوە نییە پەرلەمانتاران بەكاری خۆیان هەڵناسن و چاودێری دەزگاو دامەزراوە تەنفیزییەكان ناكەن، بەتایبەت زۆرینەیان دابەشی سەر لیژنەكان كراون و ژمارەیەكی زۆر لەهاوكارانی كارەكانی خۆیان ئەنجامدەدەن".
هەر دەربارەی ئەو دۆخە حەیدەر سەلمانی چاودێری سیاسی دەڵێت: " لەگرنگترین ئەو خاڵانەی كەئێستا مایەی مشتومڕی كۆمەڵگای عێراقییە سودی ئەم پەرلەمانەیە لەبەرامبەر ئەو ئیمتیازاتە زۆرەی كە وەریدەگرن"، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات " ئەم خولی پێنجەمە هیچ شتێكی پێشكەشنەكردووە، دۆخی سیاسیی هەروەك خۆیەتی و ئاڵۆزە، ئەمە جگە لەدەستلەكاركێشانەوەو كشانەوەو داگیركردنی باڵەخانەی ئەنجومەنەكەش".
ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت:" ئەندامانی پەرلەمان بۆ خزمەتگوزارییەكانی ماڵەكانیان پارەیەكی زۆر وەردەگرن، ئەمە جگە لەخەرجی و مەسروفاتی بەنزین و پاسەوان و میوانداری، بەپێی یاساش ئەگەر یەك ساڵیش پەرلەمانتاربن بەڕێژەی لەسەدا 80ی موچەكانیان خانەنشین دەكرێن". جەختیش لەوەدەكاتەوە: "ئەم پەرلەمانە ناچالاكترین پەرلەمانی جیهانەو ئەندامەكانیان وادەزانن دەركردنی بەیاننامەو درووستكردنی گرووپ چاتی وەتسئاپ چالاكیی گەورەیە".
بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانیش گرفتی سەرەكی ئەم خولەی پەرلەمان جێبەجێنەكردنی زۆرینە خاڵەكانی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانەو تائێستاش هیچ چاودێرییەكی راستەقینەو كاریگەر لەسەر كارەكانی پەرلەمان نییە.

دەربارەی بوونی ئیمتیازاتێكی زۆریش بۆ ئەندامەكانی ئەنجومەن، چاودێران بڕوایان وایە شێوازی سیستەمەكە وایكردووە پەرلەمانتار ئەو هەموو ئیمتیازەی هەبێت و بەپێی یاسا دەركراوەكانی خولەكانی پێشووتر جێبەجێدەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانیش بودجەی ساڵانەی (سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و پەرلەمانتاران و وەزیرەكان و پلەتایبەتەكان) و فەرمانبەران و پاسەوانەكانی هەرسێ دەزگا باڵاكەی عێراق زیاتر لە 308 ملیار دینارە، كەهەر بەتەنیا بودجەی پەرلەمانی عێراق بە(سەرۆك و جێگرەكان و پەرلەمانتاران و پلەتایبەتەكان و پاسەوان و فەرمانبەرەكانیەوە) زیاترە لە 229 ملیار دینار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار