نەوتی ئێران بەناوی عێراقەوە ساغدەكرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمریكا ژمارەیەك كۆمپانیاو خاوەن كۆمپانیا بەتۆمەتی ساغكردنەوەی نەوتی ئێران و دەربازكردنی ئەو وڵاتە لەگەمارۆكانی سەر كەرتی نەوتەكەی سزا دەدات، یەكێك لەو كەسانەش كە سزادراوە هاووڵاتییەكی بەریتانی-عێراقییە.
ئێران بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا كە لەلایەن سەرۆكی پێشوی ئەمریكاوە سەپێنرابوو هەناردەی رۆژانەی نەوتەكەی لەنزیكەی دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ 250 هەزار برمیل دابەزیبوو، زیاتر لەساڵێكە توانیویەتی بەشێوازی جیاواز نەوتەكەی ساغبكاتەوە، كەیەكێك لەو رێگایانەش تێكەڵكردنی نەوتەكەیەتی لەگەڵ نەوتی عێراق و رەوانەكردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان.
هەوڵەكانی ئێران بەهاوكاریی تۆڕێكی بەرفراوان لەبازرگان و دامەزراوەكان توانیویەتی فرۆشی نەوتەكەی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بەرزبكاتەوەو ئەوش ئەمریكای زۆر تووڕە كردووە.
فرۆشتنی نەوتی ئێران بەناوی عێراقەوە
رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لەئەمریكا ئاشكرای كردووە؛ تۆڕێك لەبازرگان و بەرپرسانی ژمارەیەك كۆمپانیا لەوڵاتانی كەنداو ئیمارات و عێراق بەهاوكاریی بەرپرسان و بازرگانانی ئێران نەوتی ئێرانیان لەڕێگەی كەشتیی نەوتهەڵگرەوە بۆ سنوری ئاویی نێوان ئەو دوو وڵاتە گواستووەتەوەو تێكەڵی نەوتی عێراقیان كردووە بۆ ئەوەی تاران لەگەمارۆ ئابورییەكان و سزاكانی سەر كەرتی نەوت رزگار بكەن.
واشنتۆن دوای ماوەیەك چاودێریی ئەو تۆڕو كۆمپانیایانە بۆی ئاشكرابووە كەشتییە نەوتییەكانی ئێران نەوتی وڵاتەكەیان بۆ ئوم قەسر گواستووەتەوەو هەندێكجار نەوتەكەیان تێكەڵ بەنەوتی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی عێراق كردووە لەهەندێك حاڵەتیشدا بەڵگەی ساختە بۆ كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە دروستكراوە.
وۆڵستریت جۆرناڵ لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردووە، كەسێك بەناوی (سەلیم ئەحمەد سەعید) كەخەڵكی عێراقەو دانیشتوی وڵاتی بەریتانیایە سەرپەرشتیی ئەو هەنگاوانەی كردووە بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران.
ئەو كەسە خاوەنی ژمارەیەك كۆمپانیای گواستنەوەی خزمەتگوزاریی كەشتیوانی و بازرگانیی نەوتە كە بەناوی (FZE) تۆماركراوە، هاوكات پشكدارێكی سەرەكیی كۆمپانیایەكی گواستنەوەی نەوتە بەناوی (AISSOT).
نەوتی ئێران جێ بەنەوتی عێراق لێژ دەكات
ئێران رایگەیاندووە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتەكەی لەكەمتر لەسێ ملیۆن بەرمیلەوە و بۆ سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزكردووەتەوە، بۆیە روونە بەرزكردنەوەكە پەیوەندیی بەفرۆشی زیاتری نەوتی ئەو وڵاتە لەبازاڕەكانی جیهاندا هەیە.
جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ئاشكرایكردووە لەسەرەتای وەرزی بەهار تایەكەم مانگی هاوینی ئەمساڵ رێژەی هەناردەی نەوت و غازو بەرهەمە نەوتییەكان لەنێوان 540% بۆ 550% بەرزكردووەتەوە بەواتایەكی دیكە هەناردەكردن زیاتر لەپێنج هێندە بەرزكراوەتەوە.
بەوتەی زۆربەی سەرچاوەكانی ئێران ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەكە بۆ چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوەو لەبەرامبەریشدا بەپێی ئەو رێژانەی كە چین لەكڕینی نەوتی وڵاتان ئاشكرای كردووە، كڕینی نەوت لەعێراق كەمیكردووە.
رێژەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین لەچەندمانگی رابردوودا 36% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو لەبەرامبەردا ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا كە لەگەڵ نەوتی مالیزیا رەوانەی چین دەكرێت 144% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمریكا لەفرۆشی نەوتی ئێران تووڕەیە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا تەنها چەند كاتژمێر دوای ئەوەی ئێران رایانگەیاند؛ گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی، پەیوەندیی بەمامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ تاران هەیە حەوت سزای نوێی راگەیاند كەدژی كەرتی نەوتی ئێران بوو.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە شەش كۆمپانیای وڵاتانی چین و ئیمارات و رۆژهەڵاتی ئاسیاو كەشتییەكی نەوتهەڵگری سزا داوە بەتۆمەتی ئەوەی ئاسانكارییان بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران كردووە، لەكاتێكدا نەوتی ئەو وڵاتە لەژێر سزاكانی ئەمریكادایە.
لەڕاگەیەنراوی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژە بەوەكراوە ئەو شەش كۆمپانیایەو كەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار نەوتی ئێرانیان بەنهێنی و بەبەڵگەی ساختەوە لەبازاڕەكانی جیهان فرۆشتووە.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ، رۆژێك پێش بەیاننامەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڵاویكردبووەوە كە ژمارەیەك كەشتی نەوتهەڵگر بەئاڵای وڵاتانی دیكەوە نەوتەكەی رەوانەی سنورە ئاوییەكانی عێراق كردووەو لەوێشەوە بەبەڵگەنامەی ساختە ئەو نەوتە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كراوە.
ئەگەرچی زیاتر لە 40 ساڵ ئێران لەژێر سایەی سزاكانی ئەمریكادا رووبەڕووی كێشەی قووڵی ئابوریی بووەتەوەو پێشبینیی دەكرا دوای ساڵی 2018 هاوكات لەكشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی، ئابوریی ئێران هەرەسبهێنێت، چونكە واشنتۆن رایگەیاند دەبێت داهاتی نەوتی ئێران بگاتە سفر.
ئابوریی ئێران كە لەڕابردودا 90٪ی پشتی بەداهاتی نەوت دەبەست لەئێستادا رووبەڕووی كیشەی زۆر بووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەی دانیانناوە بەوەی كەكۆی داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان لەساڵێكدا لە 113 ملیار دۆلارەوە بۆ 13 ملیار كەمیكردووە بەڵام لەدوو ساڵدا بەشێویەكی بەرچاو فرۆشی نەوتیان زیادی كردووە.
ئێران پێش سزاكانی ساڵی 2018ی ئەمریكا رۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، كە ئەو رێژەیە بەهۆی سزاكانەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل دابەزی.
بەپێی راپۆرتێك كەپێشتر رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە ئێران لەڕێگەی 200 كەشتی نەوتهەڵگر كە بەكەشتیی رۆحەكان ناسراون بەئاڵای وڵاتانی دیكە یان هەندێكجار بەبێ ناونیشتان توانیویەتی رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەنهێنی رەوانەی بازاڕەكان بكات .
ئێران لەماوەی رابردوودا فڕۆشتنی نەوتەكەشی بۆ چین زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل بەرزكردووەتەوە بۆیە پێدەچێت هەموو ئەمانە وایكردبێت تاران لەئاست داواكارییەكانی واشنتۆن، بەتایبەت گەڕانەوەو پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە بێباك بێت، لەبەرامبەردا ئەمریكاش سزاكانی توندبكاتەوە بۆ پاشەكشێ بەتاران.