وردەکاری یەکگرتنەوەی هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاشکرا کرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پاش 15 ساڵ دابڕان، ھەردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران - حدکا و حزبی دیموكراتی كوردستان - حدک بڕیاریان دا یەکبگرنەوە.

بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا رایدەگەیێنێت کە هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا و حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک، یەکدەگرنەوە دوای پانزە ساڵ دابڕان هەردوولا لەسەر رێکارەکانی یەكگرتنەوە و شێوازی كۆنگرەی داھاتوویشیان رێککەوتوون و هۆکاری ئەم یەکگرتنەوەیەشیان بۆ پێویستیی قۆناخەکە و بەشێکی دیکەیشی بۆ داخوازیی خەڵک، دۆست، رێکخراو و حیزبەکانی کوردستان گەڕاندۆتەوە.

هەروەها وەک ئاماژەیەک بۆ تەواوبوونی پرۆسەی یەكگرتنەوە کەیان، رۆژی سێشەممەی رابردوو 16-08-2022 رێوڕەسمی دامەزراندنی حیزبی دیموكراتیان پێکەوە سازکرد وئەم یەک گرتنەوەیەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەردوو لایەنەوە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی بە گفتوگۆ و بەبێ بەشداریی هیچ لایەنێکی تر کراوە و لە ئێستادا ئەنجوومەنێکی 12 کەسی لە هەردوو لایەن پێکهێندراوە کە بەرپرس و گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە کەسی یەکەمی حدک و حدکان.

بەوتەی محەممەد ساڵح قادری، لە راگەیێندراوی کۆتایی یەکگرتنەوەدا باس لە چۆنێتیی رێکارەکانی بەڕێوەبردنی حیزب دەکرێت ،لەبارەی بەڕێوەچوونی کارەکانی یەکگرتنەوەی ئەو دوو حیزبە و سیستمی سەرۆکایەتییەکەیەوە، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حدکا باسی لەوە کردوە کە "کارەکان لەسەر بنەمای راگرتنی هاوسەنگی دەبن.

ئەو ئەنجوومەنە شەش مانگ بۆ ساڵێکی لەبەردەمدایە کە رێکارەکانی کۆنگرە دیاری بکات. لەو ماوەیەشدا هەردوو حیزب یەکێکن و بە یەکگرتوویی کار دەکەن. حیزب سیستمی هاوسەرۆکیی نابێت."

بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حدکا هیوای ئەوە دەخوازێت، ئەو یەکگرتنەوەیە ببێتە نموونەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی دووبەرەکی و ناکۆکیی نێو حیزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش.

حزبی دیموکراتی کوردستان لە16ی ئابی 1945 بەڕابەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزاوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار