ئێران مانگی دەستكردی خەیام رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران زیاتر لەنیو سەدەیە هەوڵی رەوانەكردنی مانگی دەستكرد دەدات بۆ بۆشایی ئاسمان و بەوەش بووە بەنۆیەمین وڵاتی جیهان كە توانیویەتی لەو بوارەدا هەنگاو بنێت.
ئەو وڵاتە بەهاوكاریی روسیاو بەڕەوانەكردنی مانگی دەستكردی خەیام بۆ بۆشایی ئاسمان كە تێچووەكەی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلارە جارێكی دیكە بووە مایەی گومانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەمریكا.
ناردنی خەیام بۆ بۆشایی ئاسمان كاردانەوەی ئەمریكاو ئیسرائیل و هەندێك وڵاتی لێكەوتەوە ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاند: قوڵبوونەوەی پەیوەندی تاران و مۆسكۆ بەتایبەت لەبواری بۆشایی ئاسماندا مەترسیی بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان دروستدەكات و بەپێی لێدوانی واشنتۆن و تەلئەبیب ، ئەو مانگە دەستكردە بەئامانجی كاری هەواڵگریی و سەربازیی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كراوە.
ئێران 66ساڵ ئەزمونی هەیە بۆ رەوانەكردنی مانگی دەستكرد
ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بۆ یەكەمجار و دوایین جار لەو سەردەمەدا لەساڵی 1966 یەكەم موشەكی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە بۆ جێگیركردنی سیستمی جی پی ئێس- بەمەبەستی كارئاسانی لەبواری كەشناسیی وڵات.
بۆ دووەمجار لەمێژووی ئێرانداو یەكەمجار لەسەردەمی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا لەساڵی 2004 موشەكێكی بەمەبەستی جێگیركردنی مانگێكی دەستكرد بەناوی سەفیر رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد.
ئێران بۆ رەوانەكردنی یەكەم مانگی دەستكردی خۆی سودی لەموشەكی شەهابی سێ وەرگرتوە كە توانای بڕینی زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتری هەیەو بەیەكێك لەموشەكە مەترسیدارەكان لەدژی ئیسرائیل باس دەكرێت.
پێش رەوانەكردنی مانگی دەستكردی سەفیر، ئێران چەند تاقیكردنەوەیەكی دیكەی لەبواری بۆشایی ئاسمان ئەنجامداوە كە بەهەنگاوی گرنگ ئەژمار نەكراون بەڵام ئەو وڵاتە لەبواری بۆشایی ئاسمانیدا سودی لەروسیا و ئیتاڵیا وەرگرتووە.
لەساڵی 2010 لەچوراچێوەی مانگی دەستكردی ئێكسپلۆرێر بۆ یەكەمجار ژمارەیەك گیانداری وەك مشك و كیسەڵ رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد كە سەرجەم ئەو گیاندارانە لەناوچوون و ئەو هەنگاوەی ئێران شكستی هێنا.
چەند جارێكی دیكە مانگی دەستكردی ئێكسپلۆرێر رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرایەوەو تەنانەت دواجار بەهۆی شكستی ئەو بەرنامە زانستییەوە پرۆژەی ئێكسپلۆرێر راگیرا.
ساڵی 2011 دەزگای هەواڵگریی چین ئاشكرایكرد جموجۆڵە نائاسیی و خێراكانی ئێران ئاماژەیە كەئەو وڵاتە دەیەوێت بەرنامەكانی تایبەت بەبۆشایی ئاسمان پێشبخات و هەنگاوی خێرا بنێت.
ساڵی 2013 ئێران لەهەنگاوێكی نوێدا بەناوی پایۆنێر مەیمونێكی رەوانەی 120 كیلۆمەتری ئاسمان كردو دوای 20 خولەك مەیمونەكە بەسەلامەتی گەڕایەوە .
ئێران لەئێستادا خاوەنی دوو ناوەندی بۆشایی ئاسمانییە كەیەكێكیان لەپاریزگای قوم و ئەوی دیكەیان لەسیستان و بلوچستانە كەدەوترێت ئەو دوو ناوەندە یەكیان هاوشێوەی ناوەندی بایكۆنور لەكازاخستان و ئەوی دیكەیان هاوشێوەی وێستگەی كەنەدییە كە لەئەمریكا دروستكراوە.
ئێران تائێستا زیاتر لەچوار جار شكستی هێناوە لەڕەوانەكردنی مانگی دەستكرد بۆ خولەگەی زەوی بەڵام ئەو وڵاتە رایگەیاندوە پلانی هەیە تا ساڵی 2030 بە پشتبەستن بەخۆی ژمارەیەك زانای ئێران رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكات لە كاتێكدا ناردنی كەشتیی ئاسمانی و رەوانەكردنی زاناكان بۆ بۆشایی ئاسمان تەنها لە توانای ئەمریكا و روسیادایە.
ئەمریكا بەبەردەوامیی هۆشداریی دەدات لەبەرنامە و پلانەكانی ئێران بەناوی بۆشایی ئاسمانەوە چونكە واشنتۆن روونیكردووەتەوە كە تاران بەبیانوی زانستییەوە گەشە بەبەرنامە موشەكی و سەربازییەكانی دەدات ئەوەش پێچەوانەی بڕیارنامەی ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانە.
یەكێك لەكێشە سەرەكی و نێودەوڵەتییەكانی ئێران ئەوەیە كەهەندێك وڵاتی وەك ئیسرائیل و سعودیە بەرنامەی موشەكیی تاران بەهەڕەشە بۆسەر وڵاتەكانیان ناودەبەن و ئەمریكاش جەخت لەوەدەكاتەوە نابێت رێگەبدرێت ئاستی بڕینی مەودای موشەكەكانی ئێران بەرزبكرێتەوە.
تاران رایگەیاندووە توانیویەتی موشەكێكی نوێ تاقیبكاتەوە كەدەگاتە كیشوەری ئەوروپاو لەساڵی 2015شدا موشەكێكی نوێ تاقیكردووە كەتوانای بڕینی زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتری هەیەو دەتوانرێت كڵاوەی ئەتۆمیی لێببەسترێت.
روسیا خەونی خەیام بۆ ئێران دەهێنێتەدی
دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند مانگێكی دەستكردی بەناوی خەیام بەمەبەستی رووپێوی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە، ئیسرائیل و ئەمریكا دژی ئەو هەنگاوە هاوبەشەی مۆسكۆو تاران وەستانەوە و باڵیۆزخانەی روسیا لەتاران رایگەیاند ئەو مانگە دەستكردە لەلایەن كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیانەوەو لەسەر داوای ئێران دروستكراوە.
رۆژی سێشەممە (9/8/2022) لەوێستگەی بایكۆنور لەوڵاتی كازاخستانەوە بەموشەكی سایوزی روسی مانگی دەستكردی خەیام رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرا.
بەوتەی بەپرسانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران ئەو مانگە دەستكردە دوای 90 خولەك لە 500 كیلۆمەتریی خولگەی زەوی جێگیر بووەو زانیارییەكانی گواستوەتە بۆ ناوەندی كۆنتڕۆڵی ئاسمانیی وڵاتەكە.
بەرپرس و میدیاكانی ئێران لەگەڵ راگەیاندی سەركەوتنی پرۆسەی ناردنی خەیام بۆ بۆشایی ئاسمان، ئاماژەیان بەوە كردووە كەمانگە دەستكردەكە لەلایەن وڵاتەكەوە دروستكراوە بەڵام باڵیۆزخانەی روسیا لەتاران رایگەیاند ئەو مانگە دەستكردە لەسەر داوای ئێران و لەلایەن روسیاوە دروستكراوە.
ئەركی خەیام كە 40 ملیۆن دۆلار تێچوەكەیەتی، چاودێریی ئاسمانی ئێرانەو تۆماری ڤیدیۆیی و وێنەیە بەتوانای نزیكیی یەك مەتر لەزەوی واتە ئەو مانگە دەستكردە لەبۆشایی ئاسمانەوە دەتوانێت وێنەیەك تۆمار بكات كە لەنزیكیی یەك مەترەوە دەچركێنرێت.
رۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی لەزاری بەرپرسانی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردوەتەوە ناردنی خەیام ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران نایەوێت پابەندی رێككەوتنی ئەتۆمیی بێت و پلانی مەترسیداری هەیە بۆ ناوچەكە.
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كەنەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت بەئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا-ی راگەیاندووە؛ ئەو مانگە دەستكردەی ئێران كە روسیا رەوانەی بۆشایی ئاسمانی كردووە بۆ مەبەستی هەواڵگریی و سەربازیی بەكاردەهێنرێت.
ئێران لەماوەی 66 ساڵدا 13 مانگی دەستكردی بەموشەكی وڵاتەكەی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە كەزۆربەیان لەقۆناغی یەكەمداو هەندێكجاریش لەقۆناغەكانی دیكەدا شكستیان هێناوە.