ئەنبار... لەمەیدانی جەنگ و تیرۆرەوە بۆ مەیدانی نەوت و غاز

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارێزگای ئەنبار لەئێستادا دوای نەمانی داعش و دەركردنی ئەندامانی ئەو رێكخراوە تیایدا لەگەشەو ئاوەدانیی سەردەمی خۆیدا دەژی و زۆربەی شارەكانی ئاوەدانكراوەتەوەو دەستی خزمەتگوزاری پێگەیشتووە. ئەم پارێزگایە كە بەدەوڵەمەندی سەرچاوە  سروشتییە جۆراوجۆرەكانی بەناوبانگە لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە پشتگوێخراوە، تەنیا گرنگی بەنەوت دراوە  تیایدا لەكاتێكدا چەندین جۆر كانزاو فۆسفات و سەرچاوەی دیكەی سروشتی تیادایە.

پارێزگای ئەنبار كەوتووەتە رۆژئاوای عێراقەوە، لەڕووی رووبەرەوە گەورەترین پارێزگای عێراقەو  (1/3)ی هەموو رووبەری عێراق پێكدەهێنێت. لەئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵدەدات كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی بكات بەهاوبەشی خۆی لەدۆزینەوەو وەبەرهێنانی غازدا لەو كێڵگە تازانەی كەوتوونەتە رۆژئاوای ئەو پارێزگایەوە، ئەم پرۆژەیەش ئەگەر سەربگرێت بەگەورەترین پرۆژە لەعێراقدا دادەنرێت و بەپێی لێكۆڵینەوەكان پێشبینیدەكرێت قەبارەی ئەو غازە تیایدا  53 ترلیۆن پێ سێجا بێت.

چەند سەرچاوەیەكی فەرمی حكومەت جەختیان لەوەكردووەتەوە كەوەزارەتی نەوتی عێراق چەندین شوێنی دیكەی لەو پارێزگایەدا دەستنیشانكردووە كە نەوتی تیادایە وەك ناوچەكانی سەرسارو رۆژئاوای رومادی، بەڵام قەبارەو بڕەكانیان ئاشكرا نەكردووەو باسیشیان لەوە نەكردووە كەی دەستدەكەن بەوەبەرهێنان تیایدا.

د.خەلدون بەسامی بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای كەشفی جیۆلۆجی لەو پارێزگایە دەڵێت: هەموو دۆزینەوە كانزاییەكان لەعێراقدا هەر لەساڵی 1966ەوە بەدەستی عێراقییەكان ئەنجامدراوە، هەروەها كەشفكردنی ئەوەی یەكەمی عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەبواری یەدەگی كبریت دووەمی عێراق لەبواری یەدەگی فۆسفات لەجیهاندا لەدوای وڵاتی مەغریبەوە لەلایەن عێراقییەكان خۆیانەوە بووە، ئەویش لەچوارچێوەی دەستنیشانكردنی ئاستی یەدەگی كانزاكان لەساڵی 1986ەوە بۆ ساڵی 1990 كەتوانیمان 10 ملیار تۆن فۆسفات كەشفبكەین، وتیشی: كۆمپانیاكە كار بۆ گەشەپێدانی یەدەگەكان دەكات بەتایبەت لەبواری كاڵای سەرەتایی لەپیشەسازی چیمەنتۆداو تەنانەت چەند كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتیش لەو بوارەدا وەبەرهێنانیان كردووە.

لەپارێزگای ئەنبار كێڵگەی عەكازی غازی هەیە كەهێشتا وەبەرهێنانی تیادا نەكراوەو گەورەترین كێڵگەی غازییە لەعێراق، بەپێی پێشبینییەكانیش زیاتر لە 5 ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی تیادایە، كۆی گشتی غازیش لەبیابانی ئەنبار بە 53 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەكرێت. بۆ ئەوەی لەمانای ئەم ژمارەیە تێبگەین، ئەوا ئەم ژمارەیە 15 هەزار جار هێندەی ئەو غازەیە كەعێراق لەئێرانەوە هاوردەی دەكات، واتە ئەم غازەی ئەنبار بەشی 40 ساڵی عێراق دەكات.

بەبڕوای شارەزایانیش وەبەرهێنانكردن لەناوچەی عەكاز كە یەدەگەكەی نزیكەی 6 ترلیۆن پێ سێجایەو لەساڵی 1981 دۆزراوەتەوە، بەهۆی چەندین هۆكارەوە نەتوانراوە وەبەرهێنانی تیادا بكرێت دەبێتە دەروازەیەكی فراوان بۆ كۆمپانیاكانی تر بۆ وەبەرهێنانكردن لەسەرچاوە سرووشتییەكانی دیكەدا.

سەرچاوە فەرمییەكان جەخت لەوەدەكەنەوە كەكاركردن لەو ناوچانە بەردەوامی هەیەو چەندین تیمی وەزارەتی نەوت خەریكی گەڕان و رووپێویكردنی زەوییەكانی ناوچەكەن بەرلەوەی بڕۆنە قۆناغی هەڵكەندنی بیری نەوت و كێڵگەی غازی.

بەپێی رووپێوییە هایدرۆكاربۆنییەكانیش لەو ناوچەیەدا ئاماژەی ئەوە هەیە كەبڕێكی زۆر غازو نەوتی تێدایە، بەڵام ئاماژەكان زیاتر بۆ ئەوە دەڕۆن كە غازی زیاتر تێدابێت و گفتوگۆش لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانیی بەناوبانگدا بەردەوامی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەو كێڵگانە. بەڵام بەبڕوای شارەزایان گەورەترین بەربەستێك بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەیەدا دروستببێت بواری ئەمنی و بوونی گرووپە چەكدارەكانە، ئەمەش وەهایكردووە كۆمپانیا گەورەكان چاو بەكاروبارەكانیاندا بخشێننەوە لەعێراق بەگشتی و بەتایبەتیش لەپارێزگای ئەنبار، ئەمە جگە لەڕۆتین و گەندەڵی ئیداریش كە ناهێڵن پرۆژەكان بەچاكی بەڕێوەبچن.

لەلایەن خۆیەوە حكومەتی خۆجێی ئەنبار جەخت لەباشبوونی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە دەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات بانگهێشتنامەیان بۆ كۆمپانیا گەورەكان لەبواری وەبەرهێناندا ناردووە، بۆ ئەوەی گرێبەست لەبواری نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی  و كارەبادا ئەنجامبدەن، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لەپارێزگاكەدا هاوكاردەبێت لەخستنەگەڕی 1 ملیۆن و 500 هەزار دەستی كار لەپارێزگای ئەنبار.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار