ئێران و وڵاتانی 5+1 لە زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نزیكدەبنەوە

تاران لە داوایەكی سەرەكی پاشگەزدەبێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاماژەو ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی هاتووەتە ئاراوەو تەنها ماوەتەوە واشنتۆن بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتەكە بدات، ئەمریكاو ئێرانیش هەردولا خۆیان ئامادە دەكەن وەك یەكەم هەنگاو هەشت زیندانیی ئاڵوگۆڕ پێبكەن كەهاوشێوەیە لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی ساڵی 2015 لەواژۆكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیدا روویدا.

ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) ئاشكرایكردووە چوار هاووڵاتی ئەمریكا لەئێران زیندانین و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا چوار هاووڵاتی ئێرانی زیندانی كردووە كە بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت.

زۆربەی بەرپرسانی واشنتۆن جەختیان لەوە كردووەتەوە ئاستی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا خێراتربووە بەڵام جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتنێك واژۆ ناكات كەزیانی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەی هەبێت.

 

ئێران خۆی بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئامادە دەكات

كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی قەتەری لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئاگاداری پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بڵاویكردووەتەوەوە:  ئێران و وڵاتانی 5+1 لەزیندوكردنەوەی، رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015) نزیكبوونەتەوە  و تاران لەچەند داواكارییەك پاشگەزبووەتەوەو ئەمریكا گەشبینە بەوەی لەدوو هەفتەی داهاتوودا ئەو رێككەوتنە دوایین بڕیاری لەسەربدرێت.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بەپێی ئەو پێشنیارانەی ئەوروپا خستویەتیەڕوو بۆ لایەنەكان بەتایبەت بۆ واشنتۆن و تاران، لەچوار قۆناغداو لەماوەی 60 رۆژدا رێكاری نوێ بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەلێدوانی ئەو بەرپرسانەی كەجەزیرە ناویانی ئاشكرانەكردووە هاتووە: لەگەڵ گەڕانەوەو پابەندبوونی تاران بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەیان ملیار دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەبانكەكانی جیهان ئازاد دەكرێن.

بەپێی پڕۆسەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقۆناغی یەكەمدا سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمریكا لەسەر 17 بانكی ئێران و 150 دامەزراوەی ئابوریی و بازرگانیی ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێت و ئاستەنگەكانی بەردەمیان لادەبرێن.

ئەو قۆناغەش بەئازادكردنی حەوت بۆ هەشت ملیار دۆلار لە داهاتەكانی ئێران لەكۆریای باشور دەستپێدەكات.

هەر لەو پڕۆسەیەدا ئاماژەی بەوەشكراوە ئێران دەبێت لەماوەی 120 رۆژدا رێگەی پێبدرێت كە 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەی فەرمی بفرۆشێت و ئەمریكا دڵنیایی ئەوە بداتە ئەو وڵاتە كە رێگری لێناكرێت.

لەلایەكی دیكەوە تۆمارێكی دەنگی عەلی باقری سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران بڵاوبووەتەوە كە وتوویەتی: واشنتۆن رازیی بووە لەقۆناغی یەكەمدا سێ بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەدژی تاران هەڵوەشێنێتەوەو ئەو بابەتە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستای ئەمریكاوە رادەگەیەنرێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا لەپەیامێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر روونیكردووەتەوە كە واشنتۆن هیچ جۆرە باجێك بەتاران نادات و بەبەردەوامیش هەوڵدەدات ئێران توانای ئەوەی نەبێت بۆمبی ئەتۆم دروستبكات.

بەرپرسێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا بەكەناڵی (سی ئێن ئێن)ی وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئێران لەوەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپا كە رۆژی دووشەممە (15/8/2022) رادەستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپای كردووە لەداواكارییەكی سەرەكی پاشگەزبووەتەوە و داوای نەكردووە سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری واشنتۆن دەربهێنرێت بۆیە بەوتەی ئەو بەرپرسە زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر نزیكە.

 

دواكاریی و هەنگاوەكانی ئێران

تاران لەوەڵامی پێشنیارەكەی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا) داوای ئەوەی كردووە كەدەبێت ئەمریكا لەئەگەری دووبارە كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی  قەرەبوی ئێران بكاتەوەو ئەوە بەسەرەكیترین داواكاریی ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت لەبەرامبەر واشنتۆندا.

لەپێشنیارە نوێیەكەی ئەوروپاو لەقۆناغی دەستپێكردنی پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، دەبێت ئێران لەیەكەم هەنگاودا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەوێستگە ئەتۆمییەكانی كەمبكاتەوە و دەبێت هەنگاو بەهەنگاو پاشەكشە بكاتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی.

ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پێش كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2018 تەنها نزیكەی 5% بووە لەكاتێكدا دوای كشانەوەكە لەچەند قۆناغێكدا پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتەوە 60%.

هاوكات دەبێت ئێران هەر لەچوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدا ژمارەیەك لەكورە ئەتۆمییەكانی كەدەوترێت زیاتر لەسێ هەزار دانەیە لەكاربخات چونكە تەنها دوو هەفتە بەر لەدەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا، ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند 500 كورەی ئەتۆمیی لەجۆری (ئار ئای 6)ی خستوەتەكار كە بەنوێترین نەوەی كورەی ئەتۆمیی ئەژمار دەكرێن.

ئێران لە رابردووداو لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا رێگەپێدراوبوو بۆ بەكارهێنانی پێنج هەزارو 60 ئامێری سەنتریفیوژ یان كورەی ئەتۆمیی، بۆیە بەپێی پڕۆسەی رێككەوتنەكە دەبێت زۆربەی ئەو ئامێرانە رابگرێت كە لەدوای ساڵی 2018 بەمەبەستی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم بەكاریهێناوە.

روسیا گەشبین نییە

روسیا كەیەكێك لەسەرەكیترین لایەنەكانی بەشداربووی رێككەوتنی ئەتۆمییە رایگەیاندووە زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە ئاڵۆزیی زۆری تێدایەو پێویستە هەموولایەك و بەتایبەت ئەمریكا پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن.

میخائیل ئۆلیانۆڤ نوێنەری روسیا لەنەتەوەیەكگرتووەكان كەهاوكات سەرۆكی تیمی دانوستانكاری وڵاتەكەیەتی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەنوێترین لێدوانیدا دەڵێت؛ ئەمریكا هۆكاری دواكەوتنی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە چونكە دەیەوێت هەندێك داواكاریی نایاسیی و لەدەرەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

ئۆلیانۆڤ ئاماژەی بەوەشكردوە: كە جگە لەپێشنیارەكانی ئەوروپا سێ رەشنووسی دیكە ماوە كەدەبێت لایەنكانی ناو رێككەوتنەكە كۆكبن لەسەری و داواتر واژۆی بكەن.

بەبڕوای ئەو سەرەڕای ناكۆكییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران دەكرێت رۆژی سەرەتای مانگی سێپتەمبەر پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێبكات.

ئەمریكا بڕیاری كۆتایی دەدات

تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكا بەئاشكراو بەناوهێنانی لەمیدیاكان روونی نەكردووەتەوە كەواشنتۆن لەچ كاتێكدا بڕیاری كۆتایی دەدات، بەڵام ئەوەی روونە بڕیاری كۆتایی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لای ئەمریكایەو گرەوی بەختی ئێرانیش هەر لەدەستی ئەو وڵاتەدایە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار