«كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەعێراق نیگەرانە»

وازهێنانی حائیری و سەدر... عێراق لەلێواری كەوتن نزیك دەكەنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 

بەرلەوەی دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی سێشەممە بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یاخود هەڵنەوەشاندنەوەی بدات، رۆژی دووشەممە تویتێكی (كازم حائیری) مەرجەعی ئاینی سەدرییەكان و دواتریش تویتێكی موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر گڕیان لەتەواوی شەقامی عێراقی بەرداو دۆخی ئەمنی بەغداو زۆربەی شارەكانی باشووری عێراقیان گەیاندە ئەو خاڵەی كەچەندین مانگە سیاسییەكان و چاودێران هۆشداری لەبارەوە دەدەن و پێیان وایە هەر كەدۆخەكە لەدەست دەرچوو ئیدی گەڕانەوەی بۆ نییەو هەمووان بەیەكەوە دەسوتێنێت.

كازم حوسەینی حائیری ساڵی 1938 لەكەربەلا لەدایكبووە، لەتەمەنی پێنج ساڵیدا لای باوكی دەستی بەخوێندنی ئاینیی كردووەو دواتر رووی لەشاری نەجەف كردووە بۆ تەواوكردنی خوێندن، ئەو یەكێك لەدیارترین خوێندكارەكانی سەید (محەمەد باقر سەدر)ی مامی موقتەدا سەدرەو ماوەیەكی دورودرێژ هاوەڵی بووەو لەشاری قوم نیشتەجێیە، كتوپڕ وازهێنانی خۆی لەمەرجەعییەتی سەدرییەكان راگەیاند.

كازم حوسەینی حائیری لەڕاگەیەندراوێكدا وێرای وازهێنانی لەمەرجەعییەت، داوای لە «بڕواداران»ی كرد  گوێڕایەڵی رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی بن و وەك هێزێكی سەربەخۆ پاڵپشتی لەحەشدی شەعبی بكەن. هاوكات رایگەیاند: «هەركەسێك هەوڵی جیاكردنەوەی رۆڵەكانی مەزهەب بدات و بێ فەرمانی سەركردایەتی شەرعیی بكات لەڕاستییدا ئەو كەسە سەدری نییە، تەنانەت ئەگەر داواكاری ئەوەیش بكات».

دوابەدوای ئەوە، موقتەدا سەدری لەبارەی وازهێنانی مەرجەعی شیعە، كازم حوسەینی حائیری تویتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند «زۆر كەس لەنێویاندا بەڕێز حائیری وا هەست دەكەن كەئەم سەركردایەتییە بەهۆی كارو فەرمانی ئەوانەوە هاتووەتە ئاوارەوە، بەڵام نەخێر وانییە ئەم سەركردایەتییە بەپشتیوانی خواو هەوڵی باوكم كە دەستی لەكاروباری عێراق و گەلەكەی وەرنەداوە، هاتووەتە ئاوارەوە». سەدر رایگەیاند كەسەرباری وازهێنانی كازم حائیری، بەڵام نەجەف بەردەوام بەگەورەترین بارەگای مەرجەعییەت دەمێنێتەوە.

دوای وازهێنانی سەدر، خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر لەناوچەی سەوز دۆخەكەیان ئاڵۆزكردو پەلاماری چەندین باڵەخانەی حكومییان داو تەنانەت چوونە ناو كۆشكی كۆماریشەوە، لەئێستاشدا هەموو چاوەكان لەسەر (عەلی سیستانی)ی مەرجەعی گەورەی شیعەكانە كە لەشاری نەجەف نیشتەجێیە تا ئەو ئاگرەی كەهەڵگیرساوە بەفەتوایەك بیكوژێنێتەوە.

بەبڕوای ئەو چاودێرانەی كەساڵانێكە چاودێری بڕیارو فەتواكانی سیستانییان كردووە، هەرچەندە زۆرینەی عێراقییەكان و سەركردەی حزبە شیعییەكان چاویان لەوەیە (سیستانی) لەدوایین ساتدا دەستوەردان بكات، بەڵام ئاماژە بەوەدەكەن سیستانی نایەوێت هەڵوێستێك دەرببڕێت كەخزمەت بەلایەنێكی سیاسی بكات لەسەر حسابی لایەنێكی دیكە، چەند سەرچاوەیەكیش كەقسەیان بۆ رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) كردووە دەڵێن: چەندین پەیام لەكەسایەتییە عێراقی و ئاینییە ئێرانییەكانەوە گەیشتوون بەسیستانی بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر رووداوەكانی ئێستا دەرببڕێت یاخود دەستپێشخەرییەك بكات، تەنانەت چەندین لایەنی نێودەوڵەتیش بەتایبەتی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان هەوڵیانداوە سیستانی هەڵوێستێك دەرببڕێت یاخود چاویان پێبكەوێت، بەڵام سیستانی رەتیكردووەتەوە كەس ببینێت.

ئەوەی ئەم دۆخەی عێراقی درووستكردووە  لەئێستادا رێكنەكەوتنە لەسەر درووستكردنی حكومەت و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا، كەسەدرییەكان زۆر بەتوندی دەستیان بەداواكانیانەوە گرتووە، هەرچی لایەنی هەماهەنگیشە هەرچەندە كەمێك نەرمییان نواندووە لەبەرامبەر داواكانی سەدردا، بەڵام مەرجی قورسیان داناوە.

توندوتیژییەكانیش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێناوەتە سەر خەت و هەریەكە لەنەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاو بەریتانیاو كۆمكاری عەرەبی و دەیان وڵاتی دیكە داوای دەستبەجێ وەستاندنی هەموو توندوتیژییەك دەكەن.

لەڕاگەیەندراوێكدا سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان «داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتن دەكات و داوا لەهەموو لایەنەكان دەكات هەنگاوی دەستبەجێ بنێن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و خۆیان لەتووندوتیژی بەدووربگرن.» هاوكات یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت «دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە رێز لەهەموو یاساكان بگیرێت و سەلامەتیی دامودەزگاكان مسۆگەر بكرێت. پێویستە هەموو لایەنەكان لەپێناو كەمكردنەوەی گرژییەكان كاربكەن و بەگوێرەی دەستوور لەگفتوگۆی سیاسیدا بەشداربن، كەئەوە تاكە رێگەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانە».

لەلایەن خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە وەزارەتی دەرەوە سەركۆنەی گرژییەكانی عێراق دەكات و داوا لەهەموو لایەنێك دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و بەدوای رێگەی چارەسەردا بگەڕێن. بەریتانیاش دەڵیت»داوا لەوانە دەكەین كە لەسەر شەقامەكانن، خۆیان بەدووربگرن لەتووندوتیژی و دەبێت خۆپێشاندانەكان ئاشتییانە بن، چونكە عێراقییەكان شیاوی ئەوە نین وڵاتەكەیان بەشەڕو تووندوتیژییەوە تێوەبگلێندرێت.»

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە دەیان كەس كوژراون و سەدانی تریش برینداربوون، هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە وابڕیاربوو رۆژی سێشەممە 30ی ئاب دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوە یاخود هەڵنەوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بدات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە، دادگاكە رایگەیاندووە بڕیارەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووەو بەمەش جارێكی تر چارەنووسی ئەو كێشەو گرفتانەی كەهەموو ئەم رووداوانەی لێكەوتووەتەوە دراوەتە دەست قەدەرو كەس نازانێت عێراق روو لەكوێ دەكات.

لەتازەترین پەیامیشدا كە ئێوارەی سێشەممە بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر نیگەرانیی خۆی لەدۆخی ئێستای عێراق دەربڕی و رایگەیاند:»لەماوەی یەك كاتژمێردا خۆپیشاندەران نەكشێنەوە حاشایان لێدەكەم»، و وتیشی:»گەل دیلی گەندەڵیو تووندوتیژیە، بەڵام نەفرەت لەو شۆڕشەی بەتوندوتیژی بێت، ئەو شۆڕشەی توندوتیژی تێكەڵبوو شۆڕش نییە لەبنەڕەتدا، لەمەودوا ناڵێم شۆڕش»، و دەڵێت:»هیوادار بووە ناڕەزایەتیی ئاشتییانە هەبێت، نەك شۆڕشەكە بگاتە ئەم ئاستە، نەفرەت لەشۆڕشەكەتان».

لەبارەی بڕیارەكەی خۆیشیەوە كەكشانەوەی لەپرۆسەی سیاسیی راگەیاند، موقتەدا سەدر وتی:»لەدوێنێوە من كشاومەتەوە لەڕووی شەرعەوە، چونكە مەرجەع وتی نابێت لەڕووی شەرعەوە دەستوەردان هەبێت، بۆیە من كشاومەتەوەو حەقم بەسیاسەتەوە نییەو هیچ كەسیش پرسیاری سیاسیم لێ نەكات».

بەبڕوای زۆرێك لەوانەی لەدۆخی سیاسی عێراق شارەزان پێناچێت ئەمجارەش كشانەوەی سەدر یەكجارەكی بێت و هاوشێوەی جارانی پێشووتر كە پاشەكشەی دەكرد لەپرۆسەی سیاسی و دواتر دەگەڕایەوە ئەمجارەش بگەڕێتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی «ئیندپێندنت»ی بەریتانی كە لەژێر ناوی «ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ كۆتاییهێنان بەقەیرانی سیاسیی عێراق دەستتێوەردان دەكات؟» ئاماژە بەوەكراوە  ئەنجومەنی ئاسایش مافی ئەوەی هەیە بەپێی مادەكانی 24و 34و 39ی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتوەكان دەستتێوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراقدا بكات، بەوپێیەی ئەوەی روودەدات هەڕەشەیە لەسەر ئاشتییو ئاسایشی نێودەوڵەتیی.لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێران بەدوریدەزانن لەئایندەیەكی نزیكدا دەستپێشخەریی نێودەوڵەتیی یان هەوڵی بەنێودەوڵەتییكردنی قەیرانی عێراق هەبێت.

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: «كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەدەست عێراقەوە ماندوو بوەو نابێت چاوەڕێی ئەوە بكرێت بەقوڵی لەدیمەنی سیاسیی عێراقەوە بگلێت، بەتایبەت كە ماوەی 19 ساڵە قەیرانی سیاسیی عێراق بەردەوامەو بەردەوامیش قەیرانی نوێ سەرهەڵدەدات، ئەمەش وایكردووە عێراق لەكارە لەپێشینەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێتە دەرەوە».

لەئێستاداشدا دوابەدوای پەیامەكەی سەدر، دۆخی توندوتیژی و ئاڵۆزییەكان بەرەو خاوبوونەوە دەچن، بەڵام دۆخە سیاسییە گڕگرتووەكە پێناچێت بەم نزیكانە دوای 10 مانگ لەهەڵبژاردن كۆتایی پێبێت و لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار