یەك لەسەر سێی دانیشتوانی ئێران كرێنشینن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەشت ملیۆن خێزانی كرێنشین لەئێران هەیەو بەوتەی بەرپرسانی وڵاتەكە نزیكەی یەك لەسەر سێی دانیشتوان كرێچین و زیاتر لەنیوەی داهات و موچەكانیان بۆ كرێی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەڕوات. ئامارەكانی ئێران باس لەوەدەكەن لەساڵی 1986 تەنها 12%ی كۆی دانیشتونی ئەو وڵاتە كرێچی بوون، بەڵام لەساڵی 2021 نزیكەی 38%ی دانیشتوانی وڵاتەكە بوون بەكرێچی.

وەك لەئامارەكاندا دەركەوتووە لە 36 ساڵدا رێژەی كرێنشینەكانی ئێران 26% زیادیكردووەو تەنها 50%ی دانیشتوانیش لەخانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاودا دەژین كەسەرجەم خزمەتگوزارییەكانی تێدابێت. رۆستەم قاسمی، وەزیری رێگاوبان و شارسازیی ئێران دەڵێت؛ لەكۆی 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە 32 ملیۆن كەس گیرۆدەی كرێنشینین كەهەشت ملیۆن خێزان دەكات.

بەوتەی ئەو وەزیرە هەر خێزانێك لەئێران ناچارە 50%ی داهاتی رۆژانەی یان موچەكەی بۆ كرێی خانوو و تێچووی دابینكرنی شوێنی نیشتەجێیەكەی تەرخانبكات كەئەوەش دوو هێندە و نیوی ستانداردە نێودەوڵەتی و جیهانییەكانە. دیاردەی كرێنشینی لەسەر بانی بیناو باڵەخانەكان لەماوەی رابردوودا دەیان وێنە لەتارانی پایتەختی ئێران بڵاوبووەوە كەدەردەكەوێت لەسەر هەندێك بانی بیناو باڵەخانەكان كۆنتینەر یان خێمە جێگیركراون و ژیانی هەندێك كەس و خێزان لەو شوێنانەدایە.

حكومەت روونیكردووەتەوە ئەو شوێنانە لەلایەن كەسانی هەژارو كەمدەرامەت وەك شوێنی نیشتەجێبوون بەكرێگیراوە، ئەوەش بەهۆی زۆریی كرێی خانوو بووەتە دیاردەیەك كە كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نییە. خانوو كڕین دوای 30 ساڵ لەئامارەكانی ئێراندا دەركەوتووە هەر هاوڵاتی و دانیشتوویەكی وڵاتەكە بۆ ئەوەی بەئاسایی ببێتە خاوەنی خانووی خۆی 24 بۆ 30 ساڵ كاتی پێویستە تا بەكۆكردنەوەی بەشێك لەداهاتەكەی بتوانێت شوێنێكی نیشتەجێبوونی لانیكەم 70 مەتریی دابینبكات.

ئەو ئامارە لەكاتێكدایە بەپێی پێوەرەكانی 38 وڵاتی گەشەسەندووی جیهان هەر كەسێك یان خێزانێكی چوار كەسی لەكەمتر لە 12 بۆ 15 ساڵ دەتوانن ببنە خاوەنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. بەپێی ئەو ئامارانە، بوون بەخاوەنی خانوو لەئێران بووەتە خەون و ئاواتی یەك لەسەر سێی دانیشتوان كە بەدیهاتنی ئاسان نییەو دوورە لەجێبەجێكردن.

پاییز بەرگی هەژارەكانی ئێران زیاتر دەدڕێت لەگەڵ هاتنی وەزی پاییزدا زۆربەی گرێبەستەكانی بەكرێگرتنی خانوو لەئێران دەبێت نوێبكرێنەوەو گومان دەكرێت بەرزبوونەوەی كرێی شوێنی نیشتەجێبوون ببێتە مایەی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لەكرێنشینانی وڵاتەكە. پێشبینیدەكرێت لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا كرێی خانوو و شوقە لەئێران بۆ زیاتر لە 25% بەرز ببێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە هاوشانی ئەو بەرزبوونەوەیە هەڵاوسانی ئابوورییش 60%ی تێپەڕاندووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار