بهرپرسێکی پارتی وادهی ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانى ههرێم ئاشکرا دهکات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگهیاند چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردن بکەوێتە ساڵی ئایندە و تەنها لەسەر ئەوە ماوە لایەنەکان لەسەری بگەنە ڕێککەوتن، ئاماژهشی بۆ ئهوهکرد که پارتی هەمیشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە.
نیازی حەمە عەزیز بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ، به میدیای حزبهکهی ڕاگهیاندووه: ''پارتی هەمیشە هەڵوێستی وا بووە هەر هەڵبژاردنێک هاتبێتە پێش بڕوای بە خۆی بووە و ئامادە بووە و ئێستاش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان پارتی دڵگەرمە هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە کە ناکرێت پارتی هۆکار نییە، چونکە سەرۆک بارزانییش باسی لەوە کرد سبەی هەڵبژاردن بکرێت، پارتی ئامادەیە''.
وتیشی: ''ئێستا کارەکە لەسەر ئاستی بەرزی لایەنەکان ماوە بۆ هەڵبژاردن و کاری هیچ دەزگایەکی هەڵبژاردن نەماوە و ئەوان کاری خۆیان کردووە و ئێمەش کاری خۆمان کردووە و ئێستا لەڕووی سیاسییەوە ماوە، چونکە کاری ئێمە تەکنیکییە و بڕیاری سیاسیی پێویستە کە هەڵبژاردن بکرێت، یاخود نا''.
گوتیشی: هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یوئێن بەردەوامە و پارتی هیچ دوودڵ نییە و ئێستاش بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەی لووتکە بکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا، بۆیە کۆبوونەوەکە دەکرێت .
حەمە عەزیز ڕوونیشی کردەوە: چەند هۆکارێک هەن کە هەڵبژاردن نەکراوە؛ کۆمسیۆن ماوەی بەسەر چووە و یاسایەکە تێبینیی لەسەرە و هەندێک لایەن دەیانەوێت دەستکاری بکرێت و ئێمە وەکوو پارتی لە کۆبوونەوەی لایەنەکان ڕای خۆی داوە، بۆیە هەرکاتێک لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن وادەکە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ ماوەی کەم ماوە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، ڕەنگە بەهاری داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت، چونکە کۆمسیۆن بە لایەنی کەمی شەش مانگی پێویستە.
