ڕۆژنامه‌یه‌کى ئه‌مریکی: ئه‌ردۆغان تورکیا به‌ره‌و کاره‌سات ده‌بات

"تورکیا 217 ملیار دۆلار قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى لایه‌و که‌لێنى گه‌وره‌ى بازرگانى هه‌یه‌"

6 ساڵ لەمەوپێش



وه‌رگێڕانی: یاد قوربانی

به‌ فه‌ڕمى ناکۆکیه‌کانى تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر (ئاندرو برونسن)ه‌ که‌ قه‌شه‌یه‌کى ئه‌مریکیه‌ و له‌ لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى هاوکاریى تیرۆر ده‌ستگیرکراوه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا کێشه‌که‌ ویستى ئه‌ردۆغانه‌ بۆ ڕابه‌رایه‌تى وڵاته‌که‌ى به‌ره‌و داڕوخان. 

سه‌روتارى ڕۆژنامه‌ى (The New York Post)ى ئه‌مریکی باس له‌وه‌کراوه‌ که‌ ئه‌ردۆغان به‌ پێدانى به‌ڵێنى حکومه‌تێکى شه‌فاف و ئابوریه‌کى گه‌شه‌سه‌ندوو گه‌یشته‌ کورسى ده‌سه‌ڵات و له‌ ساڵانى سه‌ره‌تاى حوکمڕانیدا تا ڕاده‌یه‌ک به‌ڵێنه‌کانى هێنایه‌ دی. به‌ڵام خولیاى ئه‌ردۆغان بۆ توندترکردنى جڵه‌وى ده‌سه‌ڵات و زیادبونى به‌رچاوى ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کان له‌ دژی، ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ى له‌ناوده‌بات. 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ قه‌شه‌ ئه‌مریکیه‌که‌ ته‌نها بارمته‌ نیه‌ که‌ ئه‌ردۆغان گرتوێتی، بارمته‌کانیش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ فشار له‌سه‌ر ئه‌مریکا دروستبکات تا فه‌تحوڵا گوله‌نى دۆستى پێشووى ئه‌ردۆغان بنێردرێته‌وه‌ تورکیا که‌ تا ئێستا ئه‌مریکا گرتوێتیه‌ خۆى و له‌ ویلایه‌تى پێنسڵڤه‌ینیا نیشته‌جێیه‌. ئه‌ردۆغان گوله‌نى تۆمه‌تبار کردوه‌ به‌ به‌شداریکردن له‌ هه‌وڵى کوده‌تاکه‌ى 2016ى تورکیا.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خستۆته‌روو، کوده‌تا شکستخواردوه‌که‌ى2016 پاساوى ئه‌وه‌ى دا به‌ ئه‌ردۆغان که‌ داببارێته‌ سه‌ر نه‌یاره‌کانی، تا ئێستا زیاد له‌ 50 هه‌زار که‌سى ده‌ستگیرکردوه‌ و زیاد له‌ 110 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى تورکیاى له‌سه‌رکار لابردوه‌ به‌ تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى به‌ گوله‌نه‌وه‌، هاوکات توانیویه‌تى میدیاى ئازاد له‌ تورکیا بێده‌نگ بکات. 

له‌ سه‌روتارى ڕۆژنامه‌ى (The New York Post)ى ئه‌مریکی، باسى ئه‌وه‌ش ده‌کات که‌ ڕێگاى پێشکه‌وتنه‌ ئابوریه‌کانى ئه‌ردۆغانیش پێده‌چێت گه‌یشتبێته‌ به‌ربه‌ست" تورکیا له‌ ئێستادا زیاد له‌ 217 ملیار دۆلار قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین که‌لێنه‌ بازرگانیه‌کانى هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ى ئابوریان په‌یوه‌ستى بازرگانییه‌. هه‌ڵئاوسانى ئابورى ده‌مێک پێش ئه‌م قه‌یرانانه‌ى دوایى ڕووى کردبوه‌ تورکیا و دراوى لیره‌ى تورکیا له‌ چه‌ند مانگى پێشوودا نیوه‌ى به‌هاى خۆى له‌ده‌ستدا".

ئه‌م مانگه‌ش دواى ئه‌وه‌ى تره‌مپ ئابڵۆقه‌ى ئابوریى به‌سه‌ر تورکیادا سه‌پاند و هه‌ڕه‌شه‌ى زیادکردنى ئابڵۆقه‌که‌ى کرد، ئه‌ردۆغان به‌ داواى بایکۆتکردنى ئایفۆن و به‌رهه‌مه‌ ئیلیکترۆنیه‌ ئه‌مریکیه‌کان وه‌ڵامى دایه‌وه‌، که‌ نمایشێکى هێنده‌ بێ مانابوو که‌ که‌مینه‌ سه‌رسه‌خته‌که‌ى پاڵپشتى خۆیشى سه‌رسامنه‌کرد.

له‌ نێوان ڕاگه‌یاندنى دۆخى نائاسایى له‌ دواى کوده‌تاکه‌وه‌ بۆ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى وه‌ک سه‌رۆکى پارته‌که‌ى و سه‌رکه‌وتنى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ئه‌ردۆغان توانى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌ها بگرێته‌ ده‌ست سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌کانى خه‌ریکه‌ ئابورى وڵاته‌که‌ى به‌ره‌و نسکۆ ده‌بات. 

خه‌ڵکى ئاسایى زه‌ره‌رمه‌ندبوون، زیاتریش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن گه‌ر ئه‌و له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام نیشانه‌کان تا بێتزیاتر ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن که‌ ئه‌ردۆغان له‌ ئاست خه‌ڵکه‌که‌یدا بێ باکه‌. 

تورکیا زۆرى ماوه‌ تا وه‌ک ڤێنزوێلا بگاته‌ داڕوخانى ئابوری، به‌ڵام ئه‌ردۆغان ده‌ستى کردوه‌ به‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه‌. پێده‌چێت سیاسه‌ته‌ تونده‌که‌ى تره‌مپ دژ به‌ تورکیا ئه‌م سه‌رکرده‌ تۆتالیتاره‌ى تورکیا ڕابوه‌شێنێت و بیهێنێته‌وه‌ هۆش خۆی. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار