قوباد تاڵه‌بانی: له‌گه‌ڵ عیراق كێشه‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوورمان هه‌یه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، كێشه‌مان نییه‌ كێ نه‌وت ده‌فرۆشێت، به‌ڵكو كێشه‌ی ئێمه‌ گه‌ره‌نتیكردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كان و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باربارا لیف یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵات كۆبووه‌وه‌ و تیایدا دواپێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و گازیان تاوتوێ كرد.


له‌ ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ رۆژی چوارشه‌مه‌ ٧ی ئه‌یلولی ٢٠٢٢ به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا ئه‌لینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئاماده‌بوو، باس له‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و گاز و بودجه‌ كرا. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ روونكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ناكۆكییه‌كان و به‌ ئاماژه‌دان به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی رایگه‌یاند ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانییه‌ كێ نه‌وت ده‌فرۆشێت، به‌ڵكو كێشه‌ی ئێمه‌ گه‌ره‌نتیكردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كان و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌.


داواشیكرد، ئه‌مریكا له‌مباره‌یه‌وه‌ زیاتر هاوكاربێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستورییانه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.


له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و دواین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی به‌غدا كرا. هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ڕێی گفتوگۆی نیشتمانییه‌وه‌ كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن و خۆیان به‌ دووربگرن له‌ هه‌ر لێدوان و هه‌ڵوێستێك كه‌ ناكۆكی و بارگرژییه‌كان قوڵتر بكاته‌وه‌.


له‌ به‌شێكیتری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێم كرا و تیایدا قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختی كرده‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پێداگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو جێبه‌جێ بكات و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا سه‌رباری گرفت و به‌ربه‌سته‌كان حكومه‌تی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌. داواشیكرد ئه‌مریكا وه‌كچۆن له‌ ماوه‌ی رابردوودا هاوكار و پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیدا، بۆ له‌مه‌ودواش له‌ هاوكارییه‌كانی به‌رده‌وام بێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار