لەپارێزگای دهۆك 27%ی مامۆستایان وانەبێژن تائێستا 10 خوێندنگا سەربانەكانیان گڵە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/عەمار عەزیز
لەسنوری پارێزگای دهۆك بەشێكی زۆری خوێندنگاكان زیاتر لەیەك دەوامیان تێدادەكرێت و بەشێكیشیان سێ دەوامییان تێدا دەكرێت و چەند خوێندنگایەكیش تائێستا سەربانەكەیان بە گڵ داپۆشراوەو لەهەندێك پەروەردەكانی پارێزگاكەش زیاتر لەنیوەی مامۆستاكان وانەبێژن.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردە، لەسنوری پارێزگای دهۆك 37 هەزار 589 مامۆستای هەمیشەیی هەن كە بەسەر 10 پەروەردە دابەشكراون، هەروەها 18 خوێندنگا سێ دەوامی تێدادەكرێت و 518 خوێندنگاش دوو دەوامی تێدا دەكرێت.
وەهبی یونس، سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایان بە هاوڵاتی راگەیاند: «لەناوەندی پارێزگای دهۆك چوار بۆ پێنج خوێندگا یەك دەوامی تێدا دەكرێت ئەوانەی تر هەموویان دوو دەوامین و بەشێكیشیان سێ دەوامین و لە 2014 وە تائێستا كەمترین خوێندگا لەلایەن حكومەتەوە دروستكراون، هەر ئەوەش وایكردووە كە بەردەوام خوێندگاكان دوو دەوامی و سێ دەوامی تێدابكرێت، كێشەی سەرەكی مامۆستایان بابەتی گواستنەوەیە لەپەروەردەیەك بۆ پەروەردەیەكی تر، سەدان مامۆستا خزمەتی خۆیان تەواوكردووە بەڵام بەهۆی دانەمەزراندنی مامۆستایانی نوێ ناگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنەی كەئەوان دەیانەوێت».
مەهدی خەلیل، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەڕدەرەش بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» لەسنوری پەروەردەكەمان هەزار 765 مامۆستای وانەبێژمان هەیە، بۆ ساڵی نوێی خوێندن 50 بۆ 60 وانەبێژ زیاد دەكەین، چونكە هەندێك لەمامۆستاكانمان گواستراونەتەوە بۆ پەروەردەكانی تر، هەروەها لەهەندێك خوێندنگاكان ژمارەی پۆلەكان زیادیان كردووە، هەزار و 400 مامۆستای میلاكمان هەیە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان بەلایەنی كەمی پێویستمان بە 900 مامۆستایە، لەپەروەردی قەزای ئاكرێ دوو هەزارو 300 مامۆستای وانەبێژ هەن، بەكۆی گشتی لەسنوری پەروەردەكەمان 55%ی مامۆستاكان وانەبێژن و 45%ی هەمیشەیین».
وتیشی: « 181 خوێندنگاو باخچەی ساوایانمان هەیە، پێویستیمان بە 32 خوێندنگای نوێ هەیە، دوو خوێندنگا لەسنوری پەروەردەكەمان بەهۆی جیۆلۆجی خاكەكەی دووجاریش نۆژەنكرایەوە، بەڵام خاكەكەی هەر رۆدەچێت، بۆیە بڕیارماندا دەوام لەو دوو خوێندنگایەش بەیەكجاری دابخرێت«.
هاوكات جەمبەد شوكری، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردە ژمارەی خویندنگاكان و قوتابیان و خوێندكاران بەم شێوەیەیە: 1684 خوێندنگای سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی، باخچەی ساوایان، خوێندنگاكانی پیشەیی و ئیسلامی لەگەڵ پەیمانگاكان لەدهۆك هەیە، لەگەڵ 495992 قوتابی و خوێندكارو ژمارەی مامۆستایانی هەمیشەییش 37 هەزارو 589 مامۆستایە».
دەوامی خوێندنگاكان بەم شێوەیەیە: لەسنوری پەروەردەی رۆژئاوا 76 خوێندنگا یەك دەوامی و 62 خوێندنگا دوو دەوامی هەیە، لەسنوری پەروەدەی سێمێل 162 خوێندگا یەك دەوامی و 64 خوێندنگا دوو دەوامی و سێ خوێندنگای سێ دەوامییش هەیە، لەسنوری پەروەردەی زاخۆ 127 خوێندنگای یەك دەوامی و 80 خوێندنگای دوو دەوامی و دوو خوێندنگای سێ دەوامی هەیە، لەسنوری پەروەردەی ئامێدی 124 خوێندنگای یەك دەوامی و 36 خوێندنگای یەك دەوامی و سێ خوێندنگای سێ دەوامی هەیە.» « لەسنوری پەروەردەی شێخان 122 خوێندنگای یەك دەوام و 28 خوێندنگای دوو دەوامی هەیە، لەپەروەردەی بەردەڕەش 122 خوێندنگای یەك دەوامی و 57 خوێندنگای دوو دەوامی هەیە، لەسنوری پەروەردەی شەنگال 57 خوێندنگای یەك دەوامی و 33 خوێندنگای دوو دەوامی و دوو خوێندنگای سێ دەوامی هەیە، لەسنوری پەروەردەی رۆژهەڵات 117 خوێندنگای یەك دەوامی و 47 خوێندنگای دوو دەوامی و شەش خوێندنگای سێ دەوامی هەیە، لە سنوری پەروەردەی ئاكرێ 193 خوێندنگای یەك دەوامی و 104 خوێندنگای دوو دەوامی و دوو خوێندنگای سێ دەوامی هەیە، لەسنوری پەروەردەی تلكێف 48 خوێندنگای یەك دەوامی و حەوت خوێندنگای دوو دەوامی هەیە».
جەمبەد شوكری ئاشكرایكرد: «لەسنوری قەزای ئاكرێ 17 خوێندنگا سەربانەكەیان گڵ بوو، دواتر بەهەوڵی وەزیری پەروەردەو چەند رێكخراوێك لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 لەم ژمارەیە حەوت خوێندنگا نۆژەنكرانەوەو سەربانەكانیان كرابە كونكرێت، بەڵام تائێستا 10 خوێندگا سەربانەكانیان هەر گڵە، بەدڵنیاییەوە ئەوانەی هێشتا سەربانەكەیان خۆڵە ژینگەیەكی باشیان نیە بۆ خوێندن، مەترسی لەسەر خوێندنكاران هەیە بەتایبەت لەكاتی باران بارین».
عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی كوردستان بە هاوڵاتی وت:» ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەزۆربەی پەروەردەی قەزاكان زیاترە لەمامۆستای میلاك، ساڵ بەساڵ ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر دەبێت، لەئێستادا لەپارێزگای دهۆك ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 11 هەزارو 135 وانەبێژن، بەپێی ئەو داتایەی كە بەدەستمان گەیشتووە ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی میلاك لەپەروەردەی دهۆك 31 هەزار 495 كەسە كە دەكاتە رێژەی 73% میلاكە، رێژەی 27% وانەبێژن «.
گوڵستان باقی سلێمان ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند:» تاساڵی رابردوو سێ دەوامی لەهەندێك لەپەروەردەكانی سنوری پارێزگای دهۆك هەبووە، بۆ ئەمساڵ جارێ نازانین چەند خوێندنگا دەبێتە سێ دەوامی، لەنزیكەوە ئاگاداری كێشەكانی پەروەردەو و فێركردنین لەسنوری پارێزگای دهۆك. وتیشی: «پرۆژەی پەروەردەو فێركردن و خوێندنی باڵا كە لە 697 ماددە پێكهاتووە، پەرلەمانی كوردستان خوێندنی یەكەمی بۆ كردووەو چاوەڕێ دەكەین خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بكرێت و دواتر بدرێتە ئەنجومەنی وەزیران تاجێبەجێبكرێت، لەپرۆژەكەدا باسی كۆمەڵێك شتی گرنگ كراوە وەك نۆژەنكردنەوەی خوێندنگاكان و چارەسەركردنی كێشەی سێ دەوامی و كەموكورتییەكانی پەروەردە لەتەواوی هەرێمی كوردستان».