لە 9 ساڵدا لەڕێگای سلێمانی-كەلار 750 كەس گیانیانلەدەستداوە
دژی خراپی رێگاوبانەكان چالاكوانانی گەرمیان لەسلێمانی ماندەگرن
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
كۆمەڵێك چالاكوان و هاووڵاتیانی گەرمیان لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لەشاری سلێمانی كەمپینێكیان راگەیاندووە بەناوی كەمپەینی فشار بۆ تەواوكردنی رێگەی (كەلار- سلێمانی)، ئەوان لەگەرمیانەوە بەپێ هاتوون بۆ سلێمانی و داوا دەكەن ئەو رێگایەی كە بەرێگای مەرگ ناسراوە بەزوویی تەواوبكرێت و چیتر حكومەتی هەرێم بێباك نەبێت بەرامبەر روحی گەرمیانیەكان، بەپێی ئامارێك تەنها لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا لەو رێگەیە ٧٥٠ كەس گیانیان لەدەستداوەو چوار هەزارو ٥٠٠ كەسیش بریندارو كەمئەندام بوون.
رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ كۆمەڵێك چالاكوان و هاووڵاتی ناوچەی گەرمیان بەپیادە بەڕێكەوتوون بۆ سلێمانی، وەك خۆیان دەڵێن رێگەكەیان بەدوو رۆژو شەوێك بڕیوە، بەمەبەستی فشارخستنەسەر لایەنی پەیوەندیدار بۆ دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ تەواوكردنی جووت سایدی (كەلار-سلێمانی) و چالاكوانێكیش دەڵێت: ئەگەر بەدەم داواكارییەكانمانەوە نەیەن هەڵوێستی دیكەمان دەبێت.
رەئوف قادر تەمەن ٢٨ ساڵ، یەكێكە لەو چەند چالاكوانەی گەرمیان كە كەمپەینی فشاریان بۆ تەواوكردنی رێگەی كەلار- سلێمانی راگەیاندووە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد:» لە ١٣ی ئەیلولەوە لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمان لەشاری سلێمانین و سەرەتا ژمارەمان ١٤ كەس دەبوو و ئامانجمان تەواوكردنی رێگەی كەلار-سلێمانییە كە بەڕێگەی مەرگ ناسراوەو «بگرە لەڕێگەی مەرگیش خراپترە».
وتیشی: «داواكارییەكانمان بڵاوكردووەتەوەو گەیاندوومانەتە هەموو لایەك و بەرداوام دەبین تا ئەوكاتەی وەڵامێكمان دەدرێتەوەو بڕیارێكی یەكلایكەرەوە دەدرێت و وەزیری ئاوەدانكردنەوەش هاتە ئێرەو بەڵێنی پێداین لەئەنجومەنی وەزیران كاربكات لەسەر داواكارییەكانمان و تارۆژی چوارشەممە 21ی ئەیلول مۆڵەتمان داوەو لەئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی داواكارییەكانمان چالاكییەكان زیاتر دەكەین».
رێگەی كەلار- سلێمانی رێگەیەكی سەرەكی هاتوچۆی نێوان شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەو پڕۆژەی جووت سایدو چاككردنی رێگاكە نزیكەی 10 ساڵە خراوەتە بواری جیبەجێكردنەوەو بودجەی ئەو پڕۆژەیەش ١٣٧ ملیار دینارە، بەڵام تائێستا سێجار راگیراوەو دوو جاری بەهۆی دابیننەكردنی بودجەوەو جارێكیش بەهۆی كۆرۆناوە، لەماوەی نۆ ساڵدا لەو رێگەیەدا ٧٥٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٥٠٠ كەسیش بریندارو كەمئەندام بوون.
هاوكات، مژدە مەحموود پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی نەوەی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئێمە وەك فراكسیۆنی نەوەی نوێ پشتیوانی ئەو گەنجە بەڕێزانە دەكەین كە ئەركیان كێشاوە لەگەرمیانەوە هاتوونەتە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لەسلێمانی و مانگرتنیان راگەیاندووە، ئێمە داوادەكەین سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەی كارەوەو ئەنجومەنی وەزیرانیش ناچاربكرێت كەهەرچی زووە ئەو رێگایە چاكبكرێت».
ئیدارەی گەرمیان یەكێكە لەئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان و دەكەوێتە بەشی باشووری هەرێمی كوردستان و یەكێك لەدەروازە سنوورییە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم لەخۆدەگرێت كەدەروازەی (پەروێزخانە)و لەسێ قەزاو 11 ناحیە پێكهاتووە، شاری كەلار ناوەندی كارگێڕییەتی و ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئیدارەی گەرمیان نزیكەی ٥00 هەزار كەس دەبێت.