عێراق ... ئارامی دوای زریان خەریكە كۆتایی دێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هێمن مەحموود
هێشتا حەماسەت و خرۆشانی جەماوەری شیعە مەزهەب بۆ یادی چلەی ئیمام حسێن بەتەواوەتی نەڕەویوەتەوەو خەڵكانێكی زۆر لەكوچەو كۆڵانەكانی كەربەلادا ماونەتەوەو ئەو شوێنە پیرۆزەی مەزهەبەكەیان جێنەهێشتووە، كەچی قەیرانی سیاسی جارێكی تر دوای كپبوونەوەی بۆ ماوەیەكی كاتی بەهۆی ئەو مەراسیمانەوە خەریكە سەرهەڵدەداتەوەو لایەنە ناكۆكەكان جەنگی لێدوانی ئاگرینیان لەدژی یەكتری دەستپێكردووەتەوەو هەموویان دەیانەوێت پێش رووداوەكان بكەون و ئارامی دوای زریان خەریكە كۆتایی دێت.
چاودێران باس لەوەدەكەن چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی گفتوگۆكردن لەگەڵ سەدرو دووبارە كاندیدكردنەوەی مستەفا كازمی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناكۆكیی تێكەوتووەو ئەگەری هەڵوەشاندنەوەیان هەیە. موقتەدا سەدر كە بەپیاوی هەڵوێستە سیاسییە جیاوازو كتوپڕەكان ناسراوە، لەماوەكانی رابردوودا توانیویەتی شەقامی عێراقی بەدەستەوە بێت و هەر ماوە ناماوەیەك چ بەخۆپیشاندان و چ بەپەلاماردانی پەرلەمان بێت بوونی خۆی بسەلمێنێت، بەتایبەت لەوەتەی پەرلەمانتارەكانی لەپەرلەمان كشاندووەتەوە هەڵوێستەكانی دژ بەتەواوی پرۆسەی سیاسی وەرگرتووەو چەندین جار رایگەیاندووە دەبێت ئەمجۆرە لەحوكمڕانی كۆتایی پێ بێت.
هەرچەندە موقتەدا سەدر لەچەندین لێدوانی پێشووتریدا دژی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتە لەلایەن نەیارەكانیەوە، بەڵام بەپێی بۆچوونی چاودێرانی دۆخی عێراق ئەم كارەكتەرە سیاسییە هەمیشە لەپاڵ توندییەكانی خۆیدا دەروازەیەكی بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ نەیارەكانیدا هێشتووەتەوەو لەدواجاردا پەنای بۆ بردووەو لەسێ وێستگەی ژیانی سەدردا ئەمە بەڕوونی دەبینین، بۆ نموونە لەڕووداوو شەڕەكانی ساڵەكانی 2004 و 2007 و 2008 لەگەڵ نەیارەكانیدا لەهەڵوێستەكانی پەشیمان بووەتەوە.
لەئێستاشدا جۆرێك لەئاماژەكانی رێككەوتن بەدیدەكرێت بەتایبەت بڕیاروایە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵیی لەعێراق بڕیار لەسەر سكاڵایەك بۆ تانەدان لەبارەی پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بدات و پێشبینی دەكرێت بڕیار لەسەر نایاسایی بوونی پەسەندكردنی ئەو دەستلەكاركێشانەوانە بدات.
لەلایەكی ترەوە دوای ئەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایانگەیاندبوو، دوای چلەی ئیمام حوسێن كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكاتەوە (كە لە ٢٣ی تەمموزی رابردووەوە كۆنەبووەتەوە) رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەت دەستپێدەكەن، ئەمەش وەك هەنگاوی یەكەم بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی نوێی عێراق.
لەنوێترین هەڵوێستیشدا چوارچێوەی هاماهەنگی رۆژی 19ی ئەیلوولی 2022 بە ئامادەبوونی سەرجەم سەركردەكانی لەشاری بەغدا كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی كردو لەبەیاننامەیەكدا جەخت دەكاتەوە كە محەممەد شیاع سودانی، تاكە كاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، جگە لەوەش هەموو دەنگۆكان رەتدەكەنەوە كەگوایە كاندیدەكەیان دەگۆڕن.
ئەوە لەكاتێدایە چەند سەرچاوەیەك دەڵێن: هادی عامری و حەیدەر عەبادی، جەختیان لەدانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر كردووەتەوەو هەڕەشەیان كردووە ئەگەر لایەنی بەرامبەریان بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی هەوڵی سەپاندنی بۆچوونی خۆی بدات، لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەكشێنەوە.
ئەو سەرچاوانە كە بەڕۆژنامەی «عەرەبی جدید»یان راگەیاندووەو ناوەكانیان ئاشكرانەكراوە، باس لەوە دەكەن، كەچوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو گرووپ دابەشبووە، یەكەمیان بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، قەیس خەزعەلی سكرتێری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق و عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەو گرووپی دووەم بەسەرۆكایەتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووترو فاڵح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كەئەم گرووپە بەردەوام تەئكید لەدانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، «بەدوور لەدۆڕاوو براوەو سەپاندنی ئەمری واقع»، دەكاتەوە، بەڵام گرووپی یەكەم بەسەركردایەتی نوری مالیكی، سوورن لەسەر پێكهێنانی حكومەت بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام لایەنی دووەمی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمەی رەتكردووەتەوە.
لەنوێترین زانیاریشدا رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرای كردووە كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیرانی ناكۆكی خستۆتە ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بەجۆرێك ئەوانەی كەزیاتر مەیلیان بۆ ئێران هەیە وەك نوری مالیكی و قەیس خەزعەلی دژی كاندیدكردنەوەی كازمین، بەڵام بەرەیەكی تر كە عەمار حەكیم نوێنەرایەتیان دەكات لەگەڵ دانانەوەی كازمیدایەو پێیان وایە هێنانە پێشەوەی ناوی كازمی وادەكات گفتوگۆكان لەگەڵ موقتەدا سەدردا زیاتر بەرەوپێشەوەبچن. رۆژنامەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئەوەشی وتووە كە لەئێستادا ئەو بەرەیەی پێیان باشە كازمی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران و دەیانەوێت بڕوا بەئێران بهێنن تا رەزامەندی لەسەر كازمی بدات.
رۆژی 5ی ئەیلوول لەكۆبوونەوەی دیالۆگی نیشتمانیی سەركردە سیاسییەكانی عێراق بڕیادرا لیژنەیەكی تەكنیكی پێكبهێندرێت بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بەڵام تاوەكو ئێستا بەفەرمی رەوتی سەدر بڕیاری نەداوە بەشداری لەو لیژنەیەدا بكات.
لەبەرەكەی تری نەیاری موقتەدا سەدریشەوە، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوای كاركردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكات و ئاماژەی بەوەدەكات، دوای بریارەكەی دادگای فیدراڵی قۆناغێكی نوێ هاتووەتە ئاراوەو چیتر دۆخەكە پێویستی بەدەستپێشخەری نییە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆخی سیاسی، بەڵكو گرنگە لەئێستادا هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێك لەسەر بنەمای سازانی نیشتمانی چڕبكرێنەوە تاخزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی سیاسی و ئەمنی بۆ وڵات دابینبكات.
ئەمە لەكاتێكدایە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپەیامێكدا رایگەیاند، «عێراق و عێراقییەكان شایستەی ئەوەن كە قوربانییان لەپێناودا بدەین.» دشڵێت، «عێراق بەقەیرانێكی سیاسیدا تێدەپەڕێت كە رەنگە لەدوای ساڵی 2003ـەوە قورسترین بێت.» ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو قەیرانە قوڵەی نزیكەی ساڵێكە عێراقی گرتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی میدیایەكی ئەمریكیش عێراق نزیك دەبێتەوە لەلێواری شەڕێكی ناوخۆیی شیعەكان، گۆڤاری «فۆرین پۆلسی» ئەمریكی پێی وایە، ململانێی ئەمدواییەی عێراق دەربارەی هەژموونی ئێرانە لەعێراق و ركابەری توندی نێوان ئێران و موقتەدا سەدر ئایندەی عێراق دیاری دەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە رووداوە توندوتیژییەكانی ئەمدواییە خراپترین ململانێی شیعیی نێوخۆییە لەعێراق لەماوەی چەند ساڵێكدا، چونكە زۆرینەی شیعە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003 بەشێوەیەكی گەورە یەكدەنگ بوون.
هاوكات بزووتنەوەی (نازل ئاخوز حەقی)، كە خۆی بەهەڵقوڵاوی خۆپێشاندانەكانی تشرینی ساڵی 2019 دژی حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ناودەبات، رایگەیاند، لەمانگی داهاتووەوە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی تشرینییەكان دژی سیاسەتمەدارانی عێراق دەستپێدەكەنەوەو وابڕیارە لە 01-10-2022ـەوە خۆپێشاندانی لایەنگرانی خۆپێشاندانەكانی تشرینی ساڵی 2019 لەعێراق دەستپێبكەنەوە؛ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی لایەنە سیاسییەكان و دۆخی سیاسیی .
لەئاستی حزبە كوردستانییەكانیشدا هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێشووتردا لەبەرەی سەدرییەكان بوو، بەڵام بەپێی زانیارییە میدیاییەكان وەفدێكی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییان كردووەو جۆرە نیمچە رێككەوتنێكیان ئەنجامداوە بەجۆرێك كە پارتی دەنگ بەكاندیدی محەمەد شیاع سوودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بدات لەبەرامبەر ئەوەی سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە كێشەی نەوت و غاز لەگەڵ هەرێم چارەسەربكات.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: كە گۆڕانكاری جەوهەری لەدانوستانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا رویداوەو تاڕادەیەك یەكلابووەتەوە ئەو دوو حزبە بەدوو كاندیدەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناچنە بەردەم پەرلەمانی عێراق، پارتیو یەكێتی رێككەوتوون لەسەر زیندوكردنەوەی بەرەی یەكگرتووی كورد هاوشێوەی پێشتر، ئەم بەرە دووقۆڵییە سەرەتا لەسەر هاوكێشەی سیاسی نوێی هەرێمی كوردستان دانوستان دەكات نەك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئاماژەشی بۆ ئەوەشكردووە: دانوستانی نێوان پارتیو یەكێتی لەقۆناغێكی پێشكەوتوودایەو هەردوو حزبەكە گەیشتوونەتە فۆرمۆلەیەكی نوێ، ئەوەش بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت بەیەكێك لەدەرچەكانی یەكلاكردنەوە نەك پێشەكی دانوستانەكان.