پرچی ژینا دەبێتە هێمای ناڕەزاییەكانی ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەكاردانەوەی مەرگی ژینا ئەمینی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی ئێران بەردەوامەو ژینا بووەتە هەوێن و هێمای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان.
ئەو كچە كوردەی خەڵكی سەقز كەتەمەنی 22 ساڵ بوو دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئێران بەبیانوی نەگونجاوبوونی سەرپۆش و جلوبەرگەكەی دەستگیركراو لەزینداندا گیانیلەدەستداو دواجار تەرمەكەی گەڕێنرایەوە زێدی خۆی، ئێستا پرچی ئەو كەبیانوی دەستگیركردنەكەی بوو بووە بەهێماو لەو رۆژەوە هەزارن كچ و ژن و پیاو وەك هاوسۆزییەك بۆ ژینا ئەمینی قژی خۆیان دەبڕن و دژی یاساو رێسا توندەكانی ئێران ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.
ناڕەزایەتییەكان بۆ مەرگی ژینا تائامادەكردنی ئەم راپۆرتە زیاتر لە 76 كوژراوی لێكەوتووەتەوە كەزۆربەیان بەتەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوەو بەپێی ئامارەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەو خۆپیشاندانانەدا پێنج ئافرەت گیانیان لەدەستداوە كەسیانیان لەشارە كوردییەكان و دووانیان لەباكورو رۆژهەڵاتی ئێران بوون.
ئەو ناڕەزایەتییانە كە بووەتە هۆی توندبوونەوەی مامەڵەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی دەسەڵات و بڕینی ئینتەرنێت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران جگە لەزیانە گیانییەكان زیانی گەورەی ماددیی لێكەوتووەتەوە بەجۆرێك كە بەهۆی بڕینی هەر 24 كاتژمێر ئینتەرنێتەوە نزیكەی 120 ملیۆن دۆلار زیانی لێدەكەوێتەوەو زۆربەی كۆمپانیاكانی ئێرانیش لەبۆرسەدا نزیكەی چوار ملیار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە.
هاوكات لەگەڵ گرژی زیاترو بەرفراوانبونی خۆپیشاندانەكان بۆ یەكەمجار لەمێژووی كۆماری ئیسلامی ئێراندا ژمارەیەكی بەرچاو لەیاریزان و هونەرمەندو ئەكتەرە ناودارەكانی ئێران وەك كاردانەوەیەك بەمەرگی ژیناو خۆپیشاندەران، بێبەریبوونیان لەدەسەڵات و دامەزراوەكانی راگەیاندووە.
ژینا سەرتاسەری ئێران دەهەژێنێت
خۆپیشاندانەكان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی لەپێنجەم رۆژدا جگە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لانیكەم 150 شارو شارۆچكەی 27 پارێزگای گرتەوەو لەزۆربەی ئەو ناوچانەشدا توندوتیژیی و پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس روویدا.
لەشاری شنۆ سێ مێرمنداڵ گیانیان لەدەستدا كەكەسێكیان تەمەنی 16 ساڵ بووە.. لەپیرانشار-یش مێرمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵ بەناوی زەكەریا خەیاڵ گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەكانیی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هەر لەشەوی چوارشەممەو لەپێنجەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا لانیكەم سێ كەس لە سەقزو پێنج كەس لە سنەو دوو كەس لەورمێ و كەسێك لەئیلام بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەگشتی تەنها لەشەوی چوارشەممەدا لانیكەم 15 كەس لەخۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە.
بەگشتی و لەماوەی دوو رۆژدا ژمارەی ئەو كەسانەی لەخۆپیشاندانی رۆژهەڵاتی كوردستان و شارو شارۆچكەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە دەگاتە 26 كەس كەناسنامەی زۆربەیان بڵاو كراوەتەوە.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە بەهۆی پچڕانی هێڵەكانی تەلەفۆن و مۆبایل و ئینتەرنێت لەئێران زانیاریی ورد لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان روون نییە، بەڵام گومان دەكرێت سەرەڕای ئەو كوژراوانە زیاتر لەهەزار كەسیش بریندار بووبن.
بڵاوبوونەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەكانی خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بۆ ژینا ئاماژەیە بۆ توندبوونەوە و گرژبوونەوەی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەكە، بۆیە گومان دەكرێت ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
خۆپیشاندانەكان زیاتر لە 11 رۆژە بەردەوامەو بەپێی داویین ئاماری رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لانیكەم 76 خۆپشاندەر تا شەوی سێشەممە (27/9/2022) كوژراون و حكومەتیش رایگەیاندووە؛ حەوت كەس لەهێزە ئەمنییەكان و ئەندامی سوپای پاسداران و پۆلیس كوژراون.
خامنەیی بەئامانج دەگیرێت
لەزۆربەی خۆپیشاندانەكاندا دروشم دژی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران وتراوەتەوەو رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردووەتەوە حكومەتی ئێستای ئێران لەڕژێمەكانی پێشووی میسرو تونس لاوازترەو ئاماژەی بەوەشكردوە كە رێبەری كۆماری ئیسلامی پاشەكشێ لەباڵاپۆشیی ژنان بەهێڵی سور دەزانێت.
رۆژنامەكە لەبابەتێكدا نووسیویەتی خۆپیشاندانەكانی ئێران رووبەڕووی توندوتیژیی زۆری هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكە بووەتەوە، بەڵام ئەو توندوتیژییە ئاماژەیە بەلاوازیی دەسەڵات بەتایبەت كە ساڵانە سەدان ژن لەئێران بەبیانوی نەگونجابوونی سەرپۆش و باڵاپۆش سزا دەدرێن و لەهەندێك حاڵەتیشدا سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر ئەو ژنانەدا سەپێنراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران كەتەمەنی 83 ساڵە، باری تەندورستیی باش نییەو سەرقاڵی رادەستكردنی دەسەڵاتەكانی و دۆزینەوەی جێگرەوەیەوەو هەر ئەوەش دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لاواز كردووە.
خامنەیی یەكێكە لەو كەسانە زۆر دژی ئازادی ژنانەو ئامادە نییە پاشەكشێ لەو یاساو رێسا توندانەی كۆماری ئیسلامی بكات بۆیە خۆپیشاندەرانیش لەزۆربەی رێپێوان و ناڕەزایەتییەكاندا بەدروشم دەیكەنە ئامانج و پێیان وایە كۆتایی ئەو كۆتایی دەسەڵاتی 43 ساڵەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئینتەرنێت و داڕمانی بۆرسەی ئێران
رێكخراوی نێت بلاكس بۆ چاودێریی هێڵەكانی ئینتەرنێت ئاشكرایكردووە، بەهۆی راگرتن و قەدەغەكردنی ئینتەرنێت لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە هەر كاتژمێرێك یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلار زیان بەئابوریی ئەو وڵاتە دەگات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: فیلتەركردن و راگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بۆ كۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانەكان لەئێران زیانی زۆر بەداهاتی ئەو شوێنانە دەگەیەنێت كەسەرچاوەی سەرەكییان ئینتەرنێتە.
بەپێی ئامارەكان نزیكەی 400 هەزار فرۆشگا لەئێران لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن ئەگەر بڕینی ئینتەرنێت لەو وڵاتە بەردەوام بێت رۆژانە لانیكەم 117 ملیار دۆلار زیانی لێدەكەوێتەوە.
خۆپیشاندان و كاردانەوەكانی مەرگی ژینا ئەمینی بازاڕی بۆرسەی ئێران تووشی داڕمان دەكات و بەوتەی شارەزایانی ئابوریش زیانی چوار ملیار دۆلاری بەپشكی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە زیاتر لەهەفتەیەكە بازاڕی بۆرسە لەوڵاتەكە لەپاشەكشێدایەو تائێستا 350 ئاماژەی نەرێنیی لەبۆرسەی وڵاتەكەدا هەیە لەكاتێكدا تەنها 35 خاڵی ئەرێنیی لەبۆرسەدا بەدیدەكرێت.
بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی ئێران پشكی سەرجەم كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە لەبازاڕی بۆرسەدا بەڕێژەی 100 ترلیۆن تمەن دابەزیوە كەدەكاتە نزیكەی سێ ملیارو 900 هەزار دۆلار.
شارەزایانی ئابوریی ئێران هۆشداریی دەدەن ئەگەر ئاڵۆزییەكان بەردەوام بێت زیانی زیاتر چاوەڕوانی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە دەكات.
تۆپبارانی هەرێم بۆ راگرتنی خۆپیشاندانەكان
سوپای پاسداران لە (24/9/2022) دەستی كردووە بەتۆپبارانی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بەبیانوی بوونی چەكدارانی نەیاری دەسەڵات لەئێران و لەبەیاننامەیەكیشدا كەپێش بۆردومانەكە رایگەیاند: حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەبیانوی ناڕەزایەتی بۆ مەرگی ژینا هەوڵی سەرهەڵدانی توندوتیژی و ئاژاوە لەخاكی ئێران دەدەن.
سوپای پاسداران هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی تۆپبارانەكەش لەبەیاننەمەیەكی دیكەدا رایگەیاند: لەچوارچێوەی دوورخستنەوەی هێزە چەكدارە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی، لەڕۆژی شەممەی رابردووەوە دەستیكردوە بەبۆردومانی چەند خاڵێكی سنوریی هەرێمی كوردستان.
سوپای پاسداران ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: بەهۆی دروستبوونی ئاژاوەی چەند رۆژی رابردووی ناو ئێران بەمەبەستی دورخستنەوەی چەكدارە نەیارەكان تۆپبارانی خاڵە سنورییەكانی رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستانی كردووەو هاوكات
داواشی لەهاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كرد لەبنكەو بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دووربكەونەوە.
تۆپبارانەكانیش لەكاتێكدایە لەناو ئێران دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كەسوپای پاسداران و سوپای رەسمی (ئەرتەش) لەسەر سەركوتی خۆپیشاندانەكان ناكۆكییان هەیەو ئەوەش وایكرد ئەو دوو هێزە بەجیا بەیاننامە بڵاوبكەنەوەو جەخت لەپاراستنی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەنەوە.
ناڕەزایی كەسایەتیە بەناوبانگەكان
ژمارەیەكی بەرچاو لەهونەرمەندو ئەكتەرو یاریزانە ناودارەكانی كوردو ئێران لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بۆ مەرگی ژینا ئەمینی، پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەدەبڕن و داوای كۆتایی بەستەم و توندتیژیی لەدەسەڵاتی ئێران دەكەن و دەسەڵاتیش دەست بەسەر ماڵ و موڵكی ژمارەیەك یاریزان و ئەكتەر لەناوخۆی وڵاتەكەدا دەگرێت.
كەیهان كەلهوڕ، ژەنیارو پسپۆڕی ناوداری كورد لەپەیامێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە؛ خەڵكی ئێران 40 ساڵە هەوڵدەدات بەزمانی ئەدەب و هونەر دەسەڵات ئاگاداركاتەوە لەوەی كە زەبروزەنگ و سێدارە لەدژی خەڵك بەكارنەهێنێت.
كەلهوڕ دەڵێت: ئەو ژەنیارەو ئەركی ئەو قسەكردن نییە، بەڵام دەسەڵاتی ئێران وای لەئەو كردووە كە لەجیاتی هێنانە گۆی ئامێرەكانی، خۆی بێتە گۆو بەنووسین پەیامەكەی بگەیەنێت.
ئەو ژەنیارە كەخاوەنی دەیان خەڵاتی مووزیكە نووسیویەتی: دەسەڵاتی ئێستای ئێران هاوشێوەی دەسەڵاتی ئۆمەوییەكان بەردەوامە لەسەركوت و ستەم، بۆیە دەبێت بڕوات.
ئەو داوای لەسەرجەم هونەرمەندان كردووە ملكەچی داواكارییەكانی حكومەتی ئێران نەبن و تەنانەت بەبێ بەرامبەریش بەردەوامبن لەكاری هونەری و پشتیوانیی بۆ یەكێتی و یەكڕیزیی خەڵك لەپێناو ئازادیی وڵاتەكەدا.
كەلهوڕ لەكۆتاییدا رایگەیاندووە هەر كۆنسێرت و شوێنێك كەئەو تێیدا بەشدار بێت دەكاتە سەكۆیەكی ئازاد بۆ ئەو خەڵكەی كە بەدەست دەسەڵاتەوە زۆری بۆ هاتووە.
لەگەڵ كەلهوڕ دەیان ئەكتەریش پشتیوانییان بۆ ناڕەزایەتییەكان و خۆپیشاندانەكان دەربڕیوەو هەدیە تارانی، خانمە ئەكتەری بەناوبانگی ئێرانیش، لەپشتیوانیی بۆ خۆپیشاندەران و نیگەرانیی لەمەرگی ژینا ئەمینی، رایگەیاند: دەسەڵات و هێزە ئەمنییەكان هۆكاری خوێنڕشتنن و خەڵكی وڵاتەكەش تائاستێك لەژێر زەبروزەنگدا بووە كەچیتر پێویستی بەڕێبەرو سەركردە نییە بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی.
هەدیە تارانی كە لەئێستادا لەئێران دەژی و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئاگاداركراوەتەوە كەهانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی نەدات، جەختی لەوە كردووەتەوە خەڵكی وەڵاتەكە هێندە لەژێر ستەم و زەبروزەنگدا بوون كەچیتر پێویستی بەهاندان و بانگهێشتكردنی خەڵك نییە كەبڕژێنە سەر شەقامەكان، چونكە ئاستی ناڕەزایەتییەكان بەرفراوانن.
شەهاب حسێنی كە بەیەكێك لەئەكتەرە ناودارەكانی نزیك لەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەژمار دەكرێت بەپەیامێك ناڕەزایەتیی خۆی لەبەرامبەر كوشتنی خۆپیشاندەران و سەركوتی ناڕەزایەتییەكان دەربڕی و وتی ئەوەی ئێستا دەسەڵات دەیكات هاوشێوەی زەبروزەنگی ئۆمەوی و سەفەوی-یە، لەبەرامبەر ئەو پەیامەشدا تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران
سەرجەم ئەو ریكلام و بەرنامانەی ئەو ئەكتەرەی تێدا بەشداربوو، راگرت و هەموو ئەو وێنانەشی لەناو شاری تاران بوو، بەبڕیاری شارەوانی لابران.
هەندیك ئەكتەرو هونەرمەندی ژن لەئێران جگە لەپەیام، بەبڕینی پرچیان ناڕەزایەتییان بۆ مەرگی ژیناو كوشتنی خۆپیشاندەران دەربڕیوە.
عەلی كەریمی یاریزانی تۆپی پێ و ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران كەنیشتەجێی وڵاتی ئیماراتە بەپەیامێك ناڕەزایەتیی لەمەرگی ژینا ئەمینی راگەیاندو پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەكان دەبڕی لەبەرامبەریشدا دەسەڵات دەستی بەسەر ماڵ و موڵكی ئەو یاریزانە لەئێراندا گرت.
هاوكات دەیان یاریزانی دیكەی دیكە پشتیوانیان لەهەڵوێستەكەی كەریمی كردو ژمارەیەك یاریزانیش بڕیاریانداوە هەڵبژاردەی ئێران جێبهێڵن.
لەڕابردوودا چەند جارێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی فراوان لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران روویداوە، بەڵام هیچكات لە 40 ساڵی رابردودا بەو ئاستە هاوسۆزی و هاوپشتی چینە جیاوازەكانی ئەو كۆمەڵگایەی نەگرتووەتەوە، بۆیە مەرگی ژینا ئەمینی بووەتە هێمای بەهێزی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان.