پارتیو یەكێتیو گۆڕان تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژدەكەنەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
دوای رێكەوتنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە راگەیەنراوێكدا كەواژۆی هەرسێ ئەندامەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لەسەرە رۆژی چوارشەممە (5/10/2022)ی دیاریكرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی پێشنیازە یاسای (بەردەوام بوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان)، پسپۆڕێكی یاسای دەستوریش دەڵێت: دادگای فیدراڵی دەتوانێت بڕیاری درێژكردنەوە هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر بەگوێرەی دەستورو دوور لەسیاسەت بڕیار بدات.
رۆژی 6-11-2022 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت و لایەنە سیاسیەكان نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن، بڕیاریاندا تەمەنی پەرلەمان درێژبكەنەوە، فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ دژی درێژكردنەوەن.
بەپێی زانیارییەكان رۆژی 29-9-2022 لەپەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و پێكهاتەكان كە 11 كورسییان هەیە)، (85) واژۆیان كۆكردووەتەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی (پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) فراكسیۆنەكانی (یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، سەربەخۆكان و پێنج ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان) واژۆیان نەكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی واژۆكان كە كۆكراوەتەوە بۆ پێشنیازە یاسایەك بووە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی تائێستا زانراوە ، فراكسیۆنی پارتی (45) ئەندام و فراكسیۆنی یەكێتی (22) ئەندام و ، پێكهاتەكان (11) ئەندام واژۆیان كردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی چەند پەرلەمانتارێك بەهاوڵاتی-یان داوە، فراكسیۆنی گۆڕان (حەوت) ئەندام واژۆیان كردووەو (پێنج) ئەندام واژۆیان نەكردووە ئەوانیش بریتین (عەلی حەمە ساڵح، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، شایان عەسكەری).
سەبارەت بەو پرسە شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئەوان لەگەڵی نین چونكە پێشێلی ئەو گرێبەستەیە كە لەنێوان دەنگدەرو پەرلەمانتاران كراوە كەتەنها بۆ چوار ساڵ دەنگی پێدراوە، بۆیە پێشێلكارییەكی گەورەیە».
وتیشی:»درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان پێشێلكارییەكی گەورەیە لەیەكێك لەبنەماكانی دیموكراسی كەپێی دەوترێت دەنگدان، بەڵام یەكێتی و پارتی و گۆڕان بڕوای تەواویان بۆ دروستبووە كە دەنگەكانیان لەناو خەڵكدا داڕماوە و دۆخیان زۆر خراپە، بۆیە داوای ئەوە دەكەن كاتی تریان بدرێتێ تاچاكسازی بكەن لەكاتێكدا لەماوەی 31 ساڵ نەیانتوانیوە بیكەن ئێستا بەساڵ و دوو ساڵیش ناتوانن بیكەن».
هەر لەوبارەیەوە عومەر گوڵپی ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند:» كەس داوای لەئێمە نەكردووە تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەینەوە، چونكە ئەوان و خەڵكیش دەزانن ئێمە مەبدەئیەن دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دامەزراوەكانین، پێمان وایە دەبوو هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت».
وتیشی:»دەرفەت هەبوو هەم یاساكە هەموار بكرێت هەم بەڕێوەچوونی تەكنیكی هەڵبژاردنەكان چارەسەر بكرێت، بەهەمانشێوە هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كەمتمانە بۆ خەڵك بگێرێتەوە و خولی نوێ لەكاتی خۆیدا دەستبەكارببێت».
عومەر گوڵی دەڵێت:»ئەوەی ئاگادارم فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكان و بەشێك لەگۆڕان پشتگیری دەكەن و بەنیازن ساڵێك تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژ بكەنەوە».
هاوكات كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئێمە دژی ئەوەین تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانیش درێژ بكرێتەوە چونكە نایاساییەو پێشتریش رامانگەیاندووە كە لەدوای شەشی 11 ی ئەمساڵەوە دامەزراوەكانی هەرێم هیچ شەرعیەتیكیان نامێنێت».
پەرلەمانتارێكی یەكێتی كە ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت بۆ هاوڵاتی ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە 85 واژۆ بۆ درێژكردنەوەی وادەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵێك كۆكراوەتەوە و هەریەك لەفراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكان و زۆربەی پەرلەمانتارانی گۆڕانیش واژۆیان كردووە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:» درێژكردنەوەی وادەی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێنرێت و پێشمان وتراوە تا ئەوكاتە هیچ قسەیەكی لەسەر نەكەین».
هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و چەند پەرلەمانتارێكی ئەو فراكسیۆنە بەڵام هیچ كامیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە قسە بكەن.
هاوكات ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕانیش كە واژۆی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانیان نەكردووە ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە قسە بكەن.
لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسای دەستوری لەبارەی یاساییبوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەڕووی پرەنسیپەكانی شەرعیەت و دیموكراسی نەخێر هیچ پەرلەمانێك بۆی نییە ماوەی خۆی درێژ بكاتەوە».
سەبارەت بەوەی كە هیچ نمونەیەك هەیە كە تەمەنی پەرلەمان درێژ كرابێتەوە، لەتیف شێخ مستەفا وتی:»بەڵێ نموونە هەن بەڵام هیچیان لەوڵاتە دیموكراسییە چەسپیوەكان نین، بەڵكو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن وەك ئەوەی لە لوبنان لەهەشتاكان روویدا».
وتیشی: «بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان ئەگەر بدرێت نادەستوریە، یەكێك لە پایەكانی دیموكراتی نوێنەرایەتی هەڵبژاردنی نوێنەرەكانە بۆ ماوەیەكی دیاری كراو، دوای كۆتایی هاتنی ماوەكە، سیفەتی نوێنەرایەتی لەدەست دەدەن، چونكە دەنگدەران بۆ ئەو ماوەیە دەنگیان پێداون و كردویانن بەنوێنەری خۆیان».
حاكم شێخ لەتیف دەڵێت:»كاتێك لەساڵی 2009 پەرلەمانی كوردستان ماوەی خۆی درێژكردەوە بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا سكاڵایان تۆمار كرد، سكاڵاكە لەلایەن دادگای فیدراڵی و دەستەی كۆنی دادگا رەتكراوەیەوە، بەڵام هەر دادگای فیدراڵی لەساڵی 2021 و لەبڕیاری ژمارە 117 دەستەی نوێی دادگا بڕیارێكی تەواو پێچەوانەیدا سەبارەت بە بەردەوامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەدوای كۆتایی هاتنی ماوەكانیان و رایگەیاند كەپێچەوانەی دەستورو نوێنەرایەتی دیموكراتی و مافی دەنگدەرەو رێگاپێدراو نیە، جا بەگوێرەی ئەو بڕیارەیان بێت ئەگەر پەرلەمانی كوردستان بڕیاری درێژكردنەوەی خۆی داو تانەی لێدرا، دەبێ بریارەكە هەلبوەشێنێتەوە ئەگەر بەگوێرەی دەستور و دوور لەسیاسەت بریار بدات».
پەرلەمانی كوردستان ئێستا تەمەنی دەبێت بە (30 ساڵ)، لەم تەمەنەدا پەرلەمان (حەوت) جار تەمەنی خۆی درێژكردووەتەوەو ئێستا ئامادەكاری بۆ درێژكردنەوەی هەشتەم دەكات.
یەكەم درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا بوو، بەبڕیاری ژمارە (1)و بەواژۆی (جەوهەر نامیق سالم) سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، لە رۆژی 27/5/1995، تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە (ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی بوو).
دووەم درێژكردنەوە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لەڕۆژی 3/6/1996 بەواژۆی (نەژاد ئەحمەد عەزیز ئاغا) لەجیاتی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بۆ ماوەی (سێ) مانگ تەمەنی ئەنجومەنی نیشتمانی درێژكراوەتەوە.
سێیەم درێژكردنەوە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ رۆژ دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996، پەرلەمانی كوردستان بەواژۆی (جەوهەر نامیق سالم) بەبڕیاری ژمارە (2) لەڕۆژی 3/9/1996 تەمەنی پەرلەمانی بۆ ماوەی (2) ساڵ درێژكردەوە.
چوارەم درێژكردنەوە، ئەمجارە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەیەكی نادیار تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن درێژكرایەوە، پەرلەمان بەبڕیاری ژمارە (9) لە رۆژی 15/4/1998 كەواژۆی (جەوهەر نامیق سالم)ی لەسەرە تەمەنی خۆی درێژكردەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
لەدوای پرۆسەی ئاشتی، یەكێتیو پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكەی بە دەوری دەبێتو ناوی خولی پەرلەمانی كوردستانیشیان نا خولی گواستنەوە، هەر لەوكاتەشەوە ناوی (ئەنجومەنی نیشتمانی) گۆڕدرا بە (پەرلەمانی كوردستان)، پێنجەم درێژكردنەوە لە رۆژی 13/5/2009 پەرلەمانی كوردستان لەخولی دووەمدا تەمەنی خۆی درێژكردەوە، شەشەم درێژكردنەوە، پەرلەمانی كوردستان لەخولی سێیەمداو لەدانیشتنی رۆژی 30/6/2013 خولی هەڵبژاردنی بۆ ماوەی نزیكەی (سێ) مانگ درێژكردەوە، حەوتەم درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی خۆیدا لە 24/10/2017 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژكردەوە.