پوتن هەنگاوی یەكەم بۆ زیندووكردنەوەی یەكێتیی سۆڤیەت دەنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژی 30ی مانگی رابوردوو، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا لكاندنی چوار هەرێمی ئۆكرانیای بەوڵاتەكەیەوە راگەیاند، ئەم هەنگاوە كە هەندێك لەچاودێران بەپێشهاتێكی مەترسیدار ناوی دەبەن دوای سەركەوتنی دژەهێرشی سوپای ئۆكرانیا دێت لەكۆنترۆڵكردنەوەی بەشێكی ئەو خاكەی لەماوەی حەوت مانگی شەڕدا لەدەستیداوە.
لەمەراسیمێكدا كە بەوبۆنەیەوە لەكۆشكی سەرۆكایەتی كرملین لەمۆسكۆی پایتەختی روسیا بەڕێوەچوو، پوتن رایگەیاند: بە ئۆكرانیاو وڵاتانی خۆرئاوا دەڵێت لەمڕۆوە هاوڵاتیانی هەر چوار هەرێمی دۆنێسكو لۆهانسكو زاپۆریسیاو خێرسۆن بۆ هەتا هەتایە دەبنە هاونیشنتمانی روسیا.
راگەیاندنی لكاندنی ئەو چوار هەرێمە بە روسیاوە، دوای ریفراندۆمێك هات لەو ناوچانە. كە بەگوێرەی ئەنجامەكانی زۆرینەی هەر زۆرەی بەشداربووان لەگەڵا ئەوەدان بخرێنە سەر روسیا.
ریفراندۆمەكە لەلایەن ئۆكرانیاو سەرجەم وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاوە رەتكرایەوە.
سازدانی ریفراندۆمو راگەیاندنی لكاندنی ئەو چوار هەرێمەی ئۆكرانیا كە بەتەواوی لەلایەن سوپای روسیاوە كۆنترۆڵنەكراون بە روسیاوە، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی دەیان گوندو شارۆچكەو هەردوو شاری ستراتیژی ئیزیومو كوپیانسك بوو لە زنجیرە هێرشێكی پێچەوانەی سوپای ئۆكرانیادا بوو لەسەرەتای مانگی رابوردو لەخۆرهەڵاتو باشور.
بە رای چاودێران ئەم هەنگاوەی مۆسكۆش لەترسی كۆنترۆڵكردنەوەی هەردوو هەرێمی دۆنێسكو لۆهانسك بوو كە پوتن مشتی لێخۆشكردوە بیكاتە لانیكەمی دەستكەوتی هێرشەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا.
بڕیاری لكاندنی چوار هەرێمی تری ئۆكرانیا كۆپیەكی كاربۆنی لكاندنی كرێمییە بە روسیاوە لەساڵی 2014.
جیاوازی هەردوو لكاندنەكە ئەوەیە، ئەوەی 2014 بە خوێنێكی كەمو پێكدادانێكی زۆر كورتخایەنی سەربازیی بەدەستهات، لەكاتێكدا بڕیاری لكاندنی چوار هەرێمەكە لەگەرمەی شەڕی روسیاو ئۆكرانیادایە.
بایەخی ئەو چوار هەرێمە
كۆی روبەری ئەو چوار هەرێمەی لەلایەن مۆسكۆوە بڕیاری لكاندنیان كراوە، زیاترە لە 90 هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە كە دەكاتە 15 لەسەدی كۆی روبەری وڵاتی ئۆكرانیا. هەرێمی دۆنێسك بەناوەندی پیشەسازی ئۆكرانیا ناسراوە. 20 لەسەدی بەرهەمی پیشەسازی لەو هەرێمە بەرهەمهێنراوە تا ساڵی 2014 ئەوە لەكاتێكدا ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتیو چوارەم گەورەترین كانی خەڵوزی بەردین لەئەوروپا دەكەوێتە ئەو هەرێمە.
لۆهانسك ناوەندێكی بازرگانی گرنگەو زەویی زۆری بەپیتی كشتوكاڵی هەیە. هەروەها هەرێمی زاپۆریزیسا ناوەندی بەرهەمێنانی وزەی ئۆكرانیاو 25% بەرهەمی كارەبا لەو هەرێمە بەرهەم دەهێنرێت.
خاوەنی سێ سەنتەری بەرهەمهێنانی وزەیە كەئەوانیش سەنتەری ئەتۆمی زاپۆریزیسیا، كە گەورەترین كورەی ئەتۆمیە لەئەوروپا. وێستگەی هایدرۆكارەبای دنێپێرۆ وێستگەی بای بەرهەمهینانی كارەبای یۆتیڤۆیە، بەندەری خێرسۆنیش ناوچەیەكی گرنگی بازرگانیو كشتوكاڵییە، جگە لەبایەخی ئابوریی ئەم هەرێمانە. لكاندنی هەرێمەكان روسیا دەكاتە خاوەنی دەریای ئازۆڤ.
كاردانەوەكان دوای بڕیاری لكاندنەوەی چوار هەرێمەكە
لەیەكەم كاردانەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر هەنگاوەكەی مۆسكۆ، روسیا ڤیتۆی لەدژی پرۆژەبڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش بەكارهێنا. پرۆژەبڕیارەكە ئیمزاكردنی مەرسومەكەی پوتن بۆ لكاندنی ئەو هەرێمانەی رەتدەكردەوەو داوای كۆتاییهاتنی شەڕی روسیاو ئۆكرانیای دەكرد.
جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكاش هۆشداریدا لەوەی وڵاتەكەی سزای ئابوری زیاتر بەسەر بەرپرسانو كۆمپانیاكانی روسیادا دەسەپێنێت.
بایدن رایگەیاند: ئەمریكا بەرگری لەهەموو بستەخاكێكی وڵاتانی ئەندام لەناتۆ دەكاتو داوای لەسەرۆكی روسیا كرد لێكدانەوەی هەڵە بۆ ئەو هۆشدارییەی نەكات.
ئەمریكا بڕیاریشیدا بەبەهای 1.1ملیار دۆلار كەلوپەلی سەربازیی تر رەوانەی ئۆكرانیا بكات. بەمەش كۆی هاوكارییە سەربازییەكانی واشنتۆن بۆ كییەڤ لەماوەی حەوت مانگی هێرشی روسیاوە گەیشتۆتە 16.2 ملیار دۆلار.
وڵاتانی ئەندام لەیەكێتی ئەوروپا بەكۆی دەنگ بڕیاری لكاندنی چوار هەرێمەكەی ئۆكرانیا بە روسیاوە رەتدەكەنەوە سەرەڕای ناكۆكیان لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنێكی هاوبەش لەدژی هێرشەكەی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.
شكستی سەربازیی زیاتری روسیا
لەدوای بڕیارەكەی ڤلادیمێر پوتن بە لكاندنی نزیكەی 15% خاكی ئۆكرانیا بەوڵاتەكەیەوە، شكستی سوپای روسیا لەبەرەكانی جەنگ درێژەی هەیە. سەركەوتنی دژەهێرشی سوپای ئۆكرانیا كە لەمانگی رابوردوەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە داگیركراوەكانی رۆژهەڵاتو باشور بەردەوامە. رۆژی یەكشەممە سوپای ئۆكرانیا كۆنترۆڵكردنەوەی شاری ستراتیژی لیمانی لەهەرێمی خێرسۆن كۆنترۆڵكردەوە. بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری روسیا لەترسی گەمارۆدانی سەربازەكانیان، فەرمانیانداوە بە پاشەكشە لەو شارە ستراتیژییە. پاشەكشە بێت یان ناچاركردن بێت بەپاشەكشە، پێشڕەوی دژەهێرشی ئۆكرانیا لەناوچەكانی رۆژهەڵاتو باشور بەردەوامە. بەرپرسانی كییەڤ تەنیا یەك وەڵامیان بۆ هەنگاوەكەی پوتن هەیە ئەویش كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی خاكی وڵاتەكەیانە.