هەڵبژاردنی پێشوەخت ناكۆكیی عێراقییەكانی قووڵتركردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

ساڵێكی تەواو بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا لەعێراق تێدەپەڕێت كە ناوی هەڵبژاردنی پێشوەختەبوو و كۆتایی بەدەسەڵاتی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) هێنا، كەچی هێشتا دەرئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە لەئەرزی واقیعدا جێبەجێنەكراوەو حكومەتی نوێش دروستنەكراوە.

هەڵبژاردنەكانی ١٠ی ١٠ی ساڵی ٢٠٢١ نەك هەر نەیتوانی كێشەو گرفتە پێشوەختەكانی عێراق چارەسەربكات كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانی تشرینەوە سەریانهەڵدابوو و هەڵبژاردنی لەپێناودا ئەنجامدرابوو، بەڵكو ئەمجارەیان بەتەواوەتی كۆمەڵگەی شیعەی بەسەر دوو بەرەی ناكۆكی سیاسییدا دابەشكرد كەئەوانیش بەرەی (رەوتی سەدر) و (چوارچێوەی هەماهەنگی) بوو، كەئەوە ساڵێكە لەمانۆڕ و سیناریۆو ململانێی سیاسی و خۆپیشاندان و تەنانەت تا(ڕادەی بەكارهێنانی چەكیش لەدژی یەكتری)دان و نەیانتوانیوە ئەو حكومەتە درووستبكەن كە لەژوورە تاریكەكانی خۆیاندا نەخشەیان بۆ كێشاوە.

دوای هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی سیادەی نێوان (سەدر، بارزانی، حەلبوسی)یش هەرچەندە چەندڕۆژ بەر لەئێستا باس لەوەكرا كەهاوپەیمانێتییەكی نوێ بەناوی (هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت) لەنێوان (بارزانی و حەلبوسی و چوارچێوەی هەماهەنگی) ئیمزادەكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بەفەرمی ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیە رانەگەیەنراوەو ئیمزا لەسەر كارنامەكەی نەكراوە، ئەمەش هەموو پێشبینی و لێدوان و ئەگەرەكانی ئەوەی كەوا بەمنزیكانە حكومەتی نوێ‌ درووستبكرێت بەدرۆخستووەتەوە.

(مورتەزا ساعیدی) پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح-ی سەر بە (هادی عامری) ئاشكرایكرد (بەڵگەنامەی بەغدا) كە لەلایەن (محەمەد حەلبوسی)یەوە ئامادەكراوە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە كەدەبێت گفتوگۆ لەنێوان (هاوپەیمانی ئیرادەی دەوڵەت) و ئەو هێزانە بكرێت كە لەدەرەوەی پەرلەمانن بەبێ هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی. 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: موقتەدا سەدر هیچ لارییەكی لەسەر دەستپێكردنەوەی كارەكانی پەرلەمان نییەو لەئێستاشدا هیچ گفتۆگۆیەك لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدردا نییە.

چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، خەزعەلی، عامری) جەخت لەوەدەكاتەوە، پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەگشت دەسەڵاتەكانیەوە رۆڵی گەورەی دەبێت، لەسەقامگیری ئاسایش و دابینكردنی خزمەتگوزاری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا.

هاوكات هەرچەندە تاڕادەیەك ئەو بنبەستە سیاسییەی بەهۆی پەكخستنی پەرلەمان و خۆپیشاندان و مانگرتنەكانی ناوچەی سەوزەوە درووستبووبوو كۆتایی هاتووە، بەڵام بەپێی بڕوای بەشێك لەو كەسانەی چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەكەن لەداهاتوودا ئەگەری سەرهەڵدانی چەند گرفتێك لەئارادایە، كەئەویش بابەتی موشەكبارانكردنی ناوە ناوەی ناوچەی سەوزە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە بەتایبەتتر دوایین ئەو موشەكانەی ئاراستەی ناوچەی سەوز كران پەیامێك بوون بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەبێ سەدر حكومەت درووستبكەن، ئەمە جگە لەوەی موقتەدا سەدر پەراوێزخستنی یەكجارەكی قبوڵناكات و دۆخەكەیان لێ تێكدەدات  ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كەهەرچەندە سەدر بڕیاری وازهێنانی لەكاری سیاسی داوە، بەڵام هێشتا رەوتەكەی یاریزانێكی سیاسی سەرەكییە لەعێراقدا.

 (جاسم محەمەد عەبود) سەرۆكی دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق رایگەیاندووە ئەو گرفتەی كەئێستا عێراقی پیادا تێپەڕدەبێت بەهۆی دەستورەوە نییە، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە نییە كە تایبەتمەندێتی دادگای فیدراڵی نییە، بەڵكو گرفتەكە لەجێبەجێنەكردنی دەستوورو خراپ بەكارهێنانیەتی.

عەبود ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئامانج لەدادگای فیدراڵی پاراستنی دەستوورو رێگەگرتنە لەپێشێلكردنی مادەكانی ئەو دەستوورە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش لەدەسەڵاتی دادگا نییە.

دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش بەپێی ئەم یاساییەی ئێستا بەركارە، سەرۆكی دادگای ئیتیحادی دەڵێت تاوەكو ئەو یاسایە هەموارنەكرێتەوە ناتوانرێت هیچ هەڵبژاردنێكی پێ ئەنجامبدرێت، چونكە چەندین مادەی لەلایەن دادگاوە هەڵوەشاوەتەوە.

ئێستاش دوای ساڵێك لەدەنگدانی پێشوەختەی هاووڵاتیانی عێراقی، زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییەكان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، بەڵام هەریەكەو بەپێی ئاراستەو بەرژەوەندییەكانی خۆی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، نەوەك بەپێی خواست و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار