ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەنێوان دژایەتی‌و هەماهەنگیدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


ئەگەرچی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوخۆیدا بەسەر دوو باڵی محافزكاران (كۆنەپارێز) و (ریفۆرمخوازان)دا دابەشبووە و زۆرجار ئەم دوو باڵە بەتوندی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە بەڵام هیچ كامێكیان ناكۆك نین لەسەر سیستمی سیاسی كۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ لەئێران، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی سیستمی كۆماری ئیسلامی شەش لایەنی سەرەكین كە بەسەر 16 پارت و حزبی جیادا دابەشبوون، كەدیارترینیان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن. زۆربەی پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات پەیوەندییەكی توندییان لەگەڵ پارتە نەیارەكانی ئێران نییە، بەڵام لەناوخۆیاندا ناوەندێكی هاوكارییان بەناوی (ناوەندی هاوكاریی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزراندووە).

ریفۆرمخوازان خۆیان بە رەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی محافزكاران دەزانن و وەك رەوتێكی چاكسازیی ناو كۆماری ئیسلامی ناویان دەهێنرێت بەڵام لەپۆلێنبەندییەكاندا وەك ئۆپۆزسیۆن پێناسە ناكرێن.
بەگشتی لەئێستادا 17 حزبی سەر بەڕیفۆرمخوازان و محافزكاران لەئێران هەیە كەزۆربەیان لەچوارچێوەی بنەمای فكری كۆماری ئیسلامیدا دامەزراون و چالاكییان هەیە.


لەساڵی 1979و دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەئێران دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی 43 ساڵە كۆی دەسەڵاتەكانی ئەو وڵاتەی بەدەستەوە گرتووەو لەو ساتەشەوە دەیان هێزو گروپ و لایەنی سیاسیی كە رەنگە ژمارەیان لە 100 تێپەڕ بكات لەدەرەوەو ناوخۆی ئەو وڵاتە خۆیان بەئۆپۆزسیۆنی حەقیقی كۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەم دەدەن.


لەو ژمارەیە كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەزانن، تەنها هێزە كوردییەكان و (موجاهیدینی خەڵقی ئێران) و چەند پارتێكی كۆمۆنیست توانیویانە لە گۆڕەپانی ململانێكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بونی خۆیان بسەلمێنن كە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەش بە توندترین شێوە لە ساڵانی 1979 تا ساڵی 1988 روبەڕووییان بوەتەوە و لە ماوەی تەنها نۆ ساڵدا نزیكەی چوار هەزار كەسی لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو پارتانەی ئۆپۆزسیۆنی لە زیندانەكان گولـلەباران كرد و ژمارەیەكی بەرچاویشی لە سێدار دا.

ئۆپۆزسیۆنی پرژوبڵاوی ئێران
شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكیی لەدژی ئێران هەیە كە بەسەر 16 پارت و حزبی جیادا دابەشبوون.
یەكێك لەوانە بریتیە لە (ئەنجومەنی پاشایەتی ئێران) كە كار بۆ گەڕانەوەی سیستمی پاشایەتیی دەكات و زیاتر لەچوار حزب لەو چوارچێوەیەدا خۆیان ناساندوەو كارو چالاكییەكانیان رێكدەخەن.
یەكێكی تر لەو ئۆپۆزسیۆنانە،  (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران)ە كەدوای 16 ساڵ دابەشبوونی بەسەر دوو باڵدا یەكیانگرتەوەو ئێستا لەژێر ناوی یەك حزبدا خۆیان رێكخستووەتەوە،  كۆمەڵە كە لەئێستا بەسێ پارتی جیاواز كاردەكەن پێكدێن لە (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان، رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران)، (موجاهیدنی خەلقی ئێران) كە پێشتر بەشێك لەسەركردەكانی لەناو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا كاربەدەستبوون و ئێرانیش وەك (مونافیق) ناویان دەهنێت، (رێكخراوی هەنگاو بۆ ئازادیی چینی كرێكار) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك).


لەسەرجەم ئەو شەش لایەنەدا، كۆمەڵەو دیموكرات و پەژاك و  موجاهیدینی خەلق لەئێستادا زۆرترین چالاكییان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە.
هەموو ئەم پارتانە لەئێستادا چالاكیە سیاسییەكانیان لەدەرەوەی خاكی ئێران و هەندێكیشیان ناوبەناو چالاكیی سەربازیی لەناو خاكی وڵاتەكەدا دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدەدەن.
زۆربەی پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ پارتە نەیارەكانی ئێران نییە، بەڵام لەناوخۆیاندا ناوەندێكی هاوكارییان بە ناوی (ناوەندی هاوكاریی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزراندوە).


حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان
ساڵی (1985) دوای فشارەكانی سوپای پاسداران و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران هێزەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەتەواوەتی لەرۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لەناوچەكانی (سەفرە، زەرون، گەڵاڵە، مەعلومەو چەند ناوچەیەكی دیكە)ی باشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانە و دوای راپەڕینی ساڵی (1991)ی باشور، هێزەكانی سەر بەحزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەو خەباتی ئیسلامی بە تەواوەتی لەچەند بارەگا و ئۆردوگایەك لەكۆیە و زڕگوێز جێگیركران.


پارتی ئازادی كوردستان (پاك) كە مێژوو كارەكانیان بە حزب و پارتەكانی دیكەی رۆژهەڵات بەراورد ناكرێت و لە سنوری شێراو لەهەولێر جێگیربوون.


هەردوو لایەنی (حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران) و  كۆمەڵە بەدوو لایەنی (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) و (سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران) لەبەیاننامەیەكدا ساڵی (2018) پێكهێنانی ناوەندێكی هاوبەشیان بەناوی (ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان) راگەیاندووە و لەو چوارچێوەیەدا چالاكی و هەوڵەكانیان بۆ بەرەنگابوونەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رێكدەخەن.


كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 35 ساڵە دژی بنكەو بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەباشوری كوردستان هەڕەشەو هێرشی سەربازیی ئەنجام دەدات، محەمەد باقری، سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ئاماژەی بەوە كردووە حزبی دیموكراتی كوردستان بەئاگاداریی بەرپرسانی هەرێم بەڵێنی نووسراویان هەیە كە لەساڵی (1996)ەوە هیچ هێرشێكی سەربازیی لەخاكی ئێراندا ئەنجامنەدەن بەڵام ئەو حزبە لەژێر كاریگەریی پلانی ئەمەریكا دژی ئێران جموجۆڵەكانی لەساڵی (2017) دەستپێكردەوە بۆیە سوپای پاسداران بەهەموو شێویەك بەرەنگاریان دەبێتەوە.


دوای ئەو لێدوانە دەیان جار بنكەو بارەگاكانی كۆمەڵەو دیموكرات لەهەڵگوردو ناوچە سنورییەكانی نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستان تۆپباران كراوەو لەساڵی 2018 بەهێرشی موشەكی سوپای پاسداران لەكۆیە 16 كەس لە ئەندامانی سەركردایەتی و پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات شەهید بوون و لەدوایین هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای پاسداران بۆسەر بنكەی حدكا لەكۆیە و پاك لەشێراوای هەولێرو سێ لایەنی كۆمەڵە لەزڕگوێزو زڕگوێزەڵە و بانەگەورە زیاتر لە 18 شەهید و 62 برینداری لێكەوتەوە كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون.
هێرشەكانی سوپای پاسداران ئاماژەیەكی روونە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەر رووداوێكی ناوخۆیدا ترسی لەپێگەی ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار