په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى: موچه‌ى هیچ خانه‌نشینێک نابردرێت و ته‌نها سیفه‌ته‌که‌ى ده‌گۆڕێت

پرۆژه‌ یاساى چاکسازى سرده‌کرێت، حکومه‌ت و په‌رله‌مانیش لێک دوورده‌خاته‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
پرۆژه‌ یاساى چاکسازى  خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان، وه‌ک په‌رله‌مانتاران له‌ فراکسۆنه‌ جیاوازه‌کان باسى ده‌که‌ن کاره‌کانى ته‌واو بووه‌ لاى ئه‌وان و ته‌نها ئاماده‌بونى حکومه‌تى ماوه‌ و به‌ڵام له‌ئێستادا سڕکراوه‌، ئه‌ندامێکى فراکسۆنى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ "موچه‌ى هیچ خانه‌نشینێکى سه‌ربازى نابڕدرێت ته‌نها سیفه‌ته‌که‌ى ده‌گۆڕێت".

حکومه‌تى هه‌رێم پرۆژه‌ یاسایه‌کى ئاراسته‌ى په‌رله‌مان کردووه‌ تا بتوانێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ نزیکه‌ى سه‌د ملیار دینار بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ى برینى ده‌رماڵه‌ "ناشایسته‌کان" و یه‌کلاکردنه‌وه‌ى خانه‌نشینانى "نایاسایى" که‌ ده‌یان هه‌زار که‌س به‌و پله‌یه‌ خانه‌نشین کراون.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست"هاوڵاتى" که‌وتون هه‌زاران که‌س که‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت زیاتر له‌ 150 هه‌زار که‌س ببن به‌ پله‌ى جیاواز به‌"نایاسایى" وه‌ک په‌رله‌مانتاران باسى ده‌که‌ن خانه‌نشین کرابن له‌ساڵانى رابردوودا.

هاوڵاتى، له‌رێگه‌ى ئه‌م راپۆرته‌وه‌ ئاشکراى ده‌کات به‌پێى پرۆژه‌ یاسا ئاماده‌کراوه‌که‌ى په‌رله‌مانى کوردستان بێت موچه‌ى هیچ خانه‌نشینێک نابردرێت و ته‌نها سیفه‌ته‌که‌ى ده‌گۆڕێت، ئاماده‌ش نین ده‌رماڵه‌ى چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان ببرن که‌ حکومه‌ت خۆى بریارى له‌سه‌ر داوه‌.

رێواز فایه‌ق، ئه‌ندامى فراکسۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌په‌رله‌مان ئیشه‌کان و ئاماده‌کارى بۆ په‌سه‌ندکردنى یاساى چاکسازى خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان ته‌واو کراوه‌و راپۆرتى هاوبه‌شى لیژنه‌ى یاسایى و دارایی واژۆى ئه‌ندامانى هه‌ردوو لیژنه‌که‌ى له‌سه‌ره‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى کراوه‌، سه‌رۆکایه‌تى ده‌توانێت سبه‌ى داواى کۆبونه‌وه‌ بکات، به‌ڵام کۆبونه‌وه‌ى یاساى چاکسازى به‌بێ حکومه‌ت ناکرێت.

رێواز فایه‌ق هۆکاره‌کانى باس کردو وتیشى"حکومه‌ت خۆى پرۆژه‌که‌ى ناردووه‌،  ئێمه‌ هه‌ندێ ئه‌رکى دارایمان خستۆته‌ سه‌ر حکومه‌ت بۆ نمونه‌ نابێت که‌مترین موچه‌ 400 هه‌زار که‌متربێت و له‌رۆژى جێبه‌جێکردنى یاساکه‌وه‌ پاشه‌که‌وت له‌سه‌ر موچه‌ هه‌ڵبگیرێت، چونکه‌ حکومه‌ت ئه‌وه‌ى پێوتین یاساکه‌ په‌سه‌ند بکه‌ن پاشه‌که‌وت هه‌ڵده‌گیرێت، ژماره‌ى حسابى بۆ هه‌موو موچه‌ خۆران دروست بکرێت له‌وێ ئه‌و پاره‌یه‌ى هه‌یانه‌ لاى حکومه‌ت بۆیان بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و حسابه‌".

ئه‌م درۆ‌و بانگه‌شه‌یه‌ى که‌ ده‌کرێت که‌ موچه‌ى خانه‌نشینى ده‌بردرێت و

پاشه‌که‌وت لا ده‌به‌ن و ئه‌وه‌نه‌ ملیار دینار ده‌گه‌رێته‌وه‌ هه‌ر هه‌مووى درۆیه‌ و موچه‌ نابردێت

په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ موچه‌ى هیچ خانه‌نشینێک نابردرێت هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ پله‌ى جیاوازى وه‌ک وه‌زیر وه‌کیل وه‌زیرو راوێژکارو به‌رێوه‌به‌رى گشتى و لیوا و عه‌مید و عه‌قید و رائید خانه‌نشین کراون.

رێواز  فایه‌ق، وتى" موچه‌ى که‌س نابردرێت، یه‌کێ به‌ وه‌کیل وه‌زیر خانه‌نشین کراوه‌ن خۆى وه‌کیل وه‌زیر نه‌بوه‌ ده‌یکه‌نه‌ عه‌میدى عه‌سکه‌رى، پێشمه‌رگه‌ى کۆن بووه‌ خۆ ناینێرنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بڵێن تۆ موچه‌ وه‌رناگرێت، ئه‌م درۆ‌و بانگه‌شه‌یه‌ى که‌ ده‌کرێت که‌ موچه‌ى خانه‌نشینى ده‌بردرێت و پاشه‌که‌وت لا ده‌به‌نو ئه‌وه‌نه‌ ملیار دینار ده‌گه‌رێته‌وه‌ هه‌ر هه‌مووى درۆیه‌ و موچه‌ نابردێت له‌وه‌زیره‌وه‌ ده‌کرێته‌ لیوا له‌ وه‌کیل وه‌زیره‌وه‌ ده‌کرێته‌ عه‌میدى سه‌ربازى".

په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ حکومه‌ت خۆى ده‌رماڵه‌ى دیارى کردووه‌ بۆ چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان له‌کاتى پاره‌ زۆریدا" من سیاسیم خه‌ڵک ناکه‌مه‌ دوژمنى خۆم، حکومه‌ت خۆى کردویه‌تى نه‌یهێشتوه‌ ببێته‌ پیاوه‌تى بۆ من و په‌رله‌مان، که‌ کردویه‌تى پێى راگه‌یاندوین بیکه‌نه‌ یاسا باببێته‌ سه‌روه‌رى بۆ په‌رله‌مان، با حکومه‌ت خۆى بریارى له‌سه‌ر بدات".

هه‌روه‌ها رێواز ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ هه‌ندێ پاره‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام ئه‌و مه‌بله‌غه‌ى حکومه‌ت باسى ده‌کات ناگه‌رێته‌وه‌"ئه‌م پرۆژه‌یه‌ سرکراوه‌و حکومه‌ت ده‌ڵێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت نایه‌مه‌ په‌رله‌مان، ئێمه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌مانه‌وێت، په‌رله‌مان و حکومه‌ت له‌م پرۆژه‌یاسایه‌دا لێک دورین".
په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى، ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ که‌ راسپێردراون ئاسانکارى بکه‌ن بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌ک ده‌بێت تێپه‌رێندرێت که‌ په‌رله‌مان تێدا "ناشریین" نه‌بێت.

ئه‌ندامێکى فراکسۆنى پارتى، پێیوایه‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ى په‌رله‌مان ئاماده‌ى کردووه‌ له‌سه‌ر پرسى چاکسازى خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان بۆچونى حکومه‌تى بۆ وه‌رنه‌گیراوه‌و ئه‌وه‌ش کێشه‌که‌ى دروست کردووه‌.

شوان شێخ ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسۆنى پارتى له‌ لیژنه‌ى یاسایى له‌لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى وت"ئه‌وکاته‌ش وه‌زیرى دارایى و تیمه‌که‌ى به‌شداریان کرد له‌ په‌رله‌مان، یه‌کێک له‌کێشه‌کان ئه‌وه‌بوو که‌ موچه‌ى خانه‌نشینان بکرێته‌ 400 هه‌زار دینار له‌تواناماندا نییه‌ بیده‌ین، ئه‌وه‌بوو جارێکى تر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گه‌رایه‌وه‌و به‌راستى وه‌کو فراکسۆنه‌کانیش له‌به‌ر موزایه‌ده‌ى سیاسى هه‌ندێ شتمان ئیزافه‌ کردووه‌ که‌ حکومه‌ت له‌توانایدا نییه‌".

ناوبراو پێشیوابوو هه‌تا ته‌وافوق دروست نه‌کرێت له‌نێوان فراکسۆنه‌کان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ناتوانرێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ تێپه‌رێندرێت" راى حکومه‌ت وه‌ربگیرێت بۆ پرۆژه‌که‌ نه‌ک به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا که‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ى کردووه‌ به‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت".

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یاسایه‌ى خانه‌نشینى سرکراوه‌و حکومه‌ت ده‌ڵێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت نایه‌مه‌ په‌رله‌مان

"به‌پێى یاسا رێزلێنان بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کرێت که‌ حکومه‌تیان نه‌بینیوه‌و به‌ پله‌ى وه‌زیرو بیرکارى وه‌زیرو راوێژکارو به‌رێوه‌به‌رى گشتى خانه‌نشین بوون ئه‌وکات، به‌پێى یاسا ئه‌و پله‌یه‌ى حه‌قى خۆیه‌تى پێى بدرێت، به‌ڵام وه‌کو وه‌زیر خانه‌نشین نه‌کرێت"، په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتى واى وت.
ئه‌ندامێکى فراکسۆنى گۆڕان، ده‌ڵێت تۆپه‌که‌ له‌ ساحه‌ى حکومه‌تدایه‌و چاوه‌رێى هاتنى حکومه‌ت ده‌که‌ن بۆ په‌رله‌مان.

به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسۆنى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى وت"به‌رنامه‌مان هه‌یه‌و داوامان له‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کردووه‌ پرۆژه‌ یاساى خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان بخرێته‌ به‌رنامه‌ى کاره‌وه‌، به‌ڵام به‌و گۆرانکاریانه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ داوامان کردووه‌".

بریاره‌ له‌ 30/9/2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجام بدرێت، به‌و پێیه‌ بێت حکومه‌ت ده‌بێت جارێکى تر پرۆژه‌که‌ ره‌وانه‌ى خولى پێنجه‌مى نوێى په‌رله‌مان بکاته‌وه‌ بۆ گفتوگۆو په‌سه‌ندکردنى، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێ ده‌نگۆى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌ ئارادایه‌ و نازانرێت که‌ى یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌.

به‌هار پێشیوابوو ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌کاتى خۆیدا بکرێت قورسه‌ له‌م خوله‌دا په‌سه‌ند بکرێت، چونکه‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ ده‌کات و ره‌ندگده‌داته‌وه‌ له‌م خوله‌ى په‌رله‌ماندا له‌نێو فراکسۆنه‌کاندا"باوه‌رناکه‌م پرۆژه‌یه‌کى ئاوا بهێندرێته‌وه‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان له‌یه‌کێتى و پارتى ئه‌وانه‌ى زۆرترین زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن هه‌وادارى پارتى و یه‌کێتین، ئه‌وانن به‌ نایاسایى خانه‌نشینى سه‌ربازى و حکومیان کردووه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار