عێراق؛ 80% داهاتی دەروازەكان ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی

لەدوانزە ساڵدا بڕی 450 ملیار دۆلار گەندەڵی كراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

هەرچەندە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو ساڵ پێش ئێستا بڕیاریدا سوپا بنێرێتە دەروازە سنوورییەكان و تایاسا جێبەجێ بكەن و رێگری لەزیادەڕەوی و گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی بكەن، بەجۆرێك سوپا رایگەیاند 10 دەروازەی زەمینی و چوار دەروازەی دەریایی لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدان و پارێزراون، بەڵام لەئەرزی واقیعدا پێناچێت هیچ یەكێك لەبڕیارەكانی كازمی و رێوشوێنەكانی سوپا جێبەجێكرابێت و هێشتا گەندەڵی و قاچاغچێتی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی لەدەروازە سنوورییەكان بوونی هەیەو بەردەوامە.

 

دەزگای عێراقی داهاتوو كە دەزگایەكە گرنگی بەبواری ئابووری دەدات لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاشكرایكردووە تەنیا لەساڵی ٢٠٢١دا عێراق سێ ترلیۆن دینار بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەروازە سنوورییەكان زیانی كردووە.

 

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیە لەساڵی ٢٠٢١ حەوت دەوڵەت رایانگەیاندووە كەقەبارەی هەناردەیان بۆ عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٧ ملیار دۆلار، كەچی لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق رایگەیاندووە تەواوی قەبارەی هاوردەی عێراق ١٦ ملیار دۆلار بووەو تەنیا حەوت ملیار دۆلار شمەك و كاڵا لەو حەوت دەوڵەتەوە هاوردەكراوە، بەمەش بڕی ٣٠ ملیار دۆلاری هاوردەی ئەو حەوت دەوڵەتە تۆمار نەكراوە، كەدیارە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەبەهای ئەو ٣٠ ملیار دۆلارە كەلوپەل و شمەك هاوردەی عێراق كراون و تۆمارنەكراون و گومرگیان نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی كە ئەگەر بێت و لەڕێگایەكی فەرمی هاتنە ناوەوەیان بۆ بكرایە بەهای گومرگەكەی سێ ترلیۆن دینار دەبوو بۆ حكومەت كەچی تۆمارنەكراوەو بەهەدەر دراوە.

 

پێگەی بازرگانی عێراق پێگەیەكی گرنگەو لەناوچەیەكی گرنگی ستراتیژییدایە كەمامەڵەی بازرگانی لەگەڵ شەش دەوڵەتی دراوسێدا دەكات كەئەوانیش (ئوردن، كوەیت، سعودیەو توركیاو سوریاو ئێرانە) ئەویش لەڕێگای ٢٢ دەروازەی فەرمی زەمینی و ئاوییەوە ساڵانە پارەیەكی بێشوماری لەڕێگای گومرگەوە دەستدەكەوێت كەچی سەرەڕای ئەوە هێشتا بەهۆی باڵادەستی گرووپە چەكدارییەكانەوە لەدەروازەكاندا عێراق كێشەی دارایی هەیە.

 

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بەهۆی نەمانی بەرهەمی ناوخۆییەوە، عێراق بووەتە بازاڕێك بۆ بەرهەمی هەناردەی وڵاتان و حزب و گرووپە چەكدارییەكانیش لەڕێگایەوە خەریكی بازرگانی و سەرانە سەندن و قاچاغچێتین و داهاتێكی گەورەی ساڵانەیان دەستدەكەوێت.

لەنوێترین لێدوانیدا (عەلی عەلاوی) وەزیری دەستلەكاركێشاوەی دارایی عێراق دەڵێت: گەندەڵكاران ساڵانە لەدەروازە سنورییەكان شەش بۆ حەوت ملیار دۆلاریان دەستدەكەوێت ئەویش بەهۆی تۆمارنەكردنی زۆرینەی كەلوپەل و شمەكی هاوردەكراو و باڵادەستی گرووپە چەكدارییەكان و قاچاغچێتییەوە.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش گەندەڵی و دزیكردن لەدەروازە سنوورییەكان وەهایكردووە كە بەتەنیا لەسەدا ١٠ بۆ ٢٠ی داهاتی ئەو دەروازانە بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و ئیدی ئەوەی دیكەی دەڕواتە گیرفانی میلیشیاكان و حزبەكان و كەسایەتیە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە ئەم گەندەڵی و دزییە بەجۆرێك دەكرێت كە حكومەت ناتوانێت بەسەریدا زاڵبێت و تووێژێكی سەرمایەداری گەورەی لەوڵاتدا درووستكردووە كە باڵادەستن و هەژمووندارن، شێوازەكەشی لەڕێگای بەرپرس و ئەفسەران و فەرمانبەرانی دەروازە سنوورییەكانەوە ئەنجامدەدرێت كەڕێگە بەهاتنە ناوەوەی خۆراكی بەسەرچوو، شمەك و  كاڵای قەدەغەكراو دەدەن یاخود لەڕێگەی وەرگرتنی بەرتیلەوە چاوپۆشی لەكۆمپانیاكان دەكەن بەئارەزووی خۆیان و بەبێ كوالێتی شمەک و کەلوپەلەكانیان هاوردە بكەن و دەستكاری ئامێرەكانی سۆنەرو یاری بەسیستەمی ژمێریاری دەروازەكان بكەن. ئەمە جگە لەهەبوونی رێگەی تایبەتی گرووپ و میلیشیاكانی سەر بەحزبە دەسەڵاتدارەكان كە لەدەروازە سنوورییەكاندا نیشتەجێن و سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتەكانیان لەو دەروازانەدایە.

 

بەپێی راپۆرتە حكومییەكان ئەم گرووپانە هێندە باڵادەستن لەماوەكانی رابووردوودا هەرچی ئەفسەرو بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆ یاخود دەروازە سنوورییەكان گەر رووبەڕوویان بووبێتەوە یاخود رێگەی لەكارەكانیان گرتبێت ئەوا لەكارەكەی دووریانخستووەتەوە یاخود گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی دیكە.

هاوكات هەر حزبەو گرووپێكی چەكداری كە لەدەروازە سنوورییەكاندان و هەریەكەو رۆڵ و ئەركێكی جیاوازی هەیە، بەجۆرێك هەندێك لەحزبەكان دەستیان لەقاچاغچێتی نەوتدا  هەیەو هەندێكی تریان لەئێرانەوە ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە، هەندێكی تریان سەرانە لەبازرگانان دەسێنن و هێنانی خۆراك و رێگاكانی دابەشكردنی بۆ خۆیان قۆرخ دەكەن، هەندێكی دیكەشیان رێگای تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ هێنان و بردنی شمەك و كاڵاو حكومەت دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە. بەپێی ئەو ئامارانەشی كەبڵاوكراونەتەوە لەماوەی ١٢ ساڵدا بەهۆی گەندەڵییەوە عێراق نزیكەی ٤٥٠ ملیار دۆلار زیانیكردووە. دۆخەكە لەو دەروازانە بەجۆرێكە تەنانەت لەهەندێك شوێندا بەئاشكرا بەو بازرگانانە دەڵێن كە كەلوپەل و شمەك دەهێن ئەگەر دەتانەوێت رێگایەكی كورت ببڕن ئەوا بڕۆن بۆ لای میلیشیاكان، یان حزبەكان.

 

بارودۆخەكە هەر بەتەنیا لەباشوورو ناوەڕاستی عێراق كارەساتبار نییە، بەڵكو لەدەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی ئەو شوێنانە حزب و كەسانی دەستڕۆیشتوو لەدەروازە سنوورییەكاندا باڵادەستن و بەشێكی زۆری داهاتەكانی ئەو دەروازانە نایەنەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەتی هەرێم.

 

هەرێمی كوردستان خاوەنی شەش دەروازەی سەرەكی زەمینییە لەگەڵ ئێران و توركیا و بەرپرسی دابینكردنی لەسەدا ٥٠ی پێداویستییەكانی خەڵكی هەرێمە لەخۆراك و كەلوپەلی بیناسازی و هتد.. كە لەگەڵ ئێران دەروازەكانی (حاجی عومران، پەروێزخان، باشماخ، گەرمك) ئەمەجگە لەچەند دەروازەیەكی بچووكی دیكە (كێلێ، شوشمێ، تەوێڵە، پشتە)، لەگەڵ توركیاش دەروازەی (ئیبراهیم خەلیل) و (سەرزێڕی) كە بەپێی زانیاری بڵاوكراوە قەبارەی بازرگانی ئیبراهیم خەلیل نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە لەساڵێكدا.

 

هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بەهۆی رادەستنەكردنی داهاتی ئەو دەروازانەو هێنانی كەلوپەلی رێگەپێنەدراو چەندین ساڵە كێشەیان لەنێواندایەو چارەسەرنەكراوە.

بەهەدەردانی پارە لەو دەروازانە بڵاوكراونەتەوە  لەسەدا ٧٠ی داهاتی ئەو دەروازانە ناگەڕێنەوە بۆ حكومەتی هەرێم  و دەڕوات بۆ گیرفانی حزبە باڵادەستەكانی هەرێم، هاوكات  نزیكەی ١٣ كۆمپانیاش لەو شوێنانە پارە وەردەگرن كە فەرمی نین و پارەكەیان نایەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەت.

 

هەرسەبارەت بە گەندەڵی لەدەروازەكانی عێراقدا، مستەفا كازمی بۆ ڕێگەگرتن لەگەندەڵی و بەهەدەردانی داهات دەروازە سنورییەكان بڕیاریداوە لەڕێگەی دەستەی نەزاهەوە سیستەمی ئەلیكترۆنی بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی دەروازەكان بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

لەئێستادا ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە تاچەندێك حكومەتی ناوەندی توانای كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانی هەیە و باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێت چونكە دەستنەگرتن بەسەر دەروازە سنوورییەكاندا بەمانای لاوازی و شكاندنی ئیرادەی دەوڵەت دێت و بەهێزبوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی میلیشیاو گرووپەچەكدارییەكانی دیكە دێت كە بەداهاتی ئەو دەروازانە چەك و ئەندامی نوێ وەردەگرن و ڕۆڵیان لەبڕیاری سیاسی و یەكلاكردنەوەی كێشەو گرفتەكانی وڵاتدا زیاتر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار