له ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)یه‌وه....به‌هاری ژینا؛ وه‌رچه‌رخان له‌ئێران‌و گۆڕانکاری له‌ناوچه‌که
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کاریگه‌ریی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی ته‌نها له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران نه‌بووه‌و به‌ڵکو له‌ئاستی جیهانیشدا زۆرترین کاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه، ئه‌و مه‌رگه به‌ئازاره، مژده‌ی ئازادیی پێیه‌و به‌بڕوای شاره‌زایانیش دوای شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ئێستا به‌هارێکی دیکه سه‌ریهه‌ڵداوه که‌نه‌ک ته‌نها بۆ ژنان و کچان به‌ڵکو په‌یامی مژده‌به‌خشی بۆ مرۆڤایه‌تیی پێیه.
نووسه‌ران و رۆشنبیرانی جیهان پێیان وایه مه‌رگی ژینا گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین راپه‌ڕینی دژی سته‌مکاریی له‌ئێران لێکه‌وتووه‌ته‌وه که‌دوور نییه زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته سته‌مکاره‌کانی وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ش بگرێته‌وه.
ئه‌گه‌رچی ژینا کچه کوردێکی خه‌ڵکی شاری سه‌قز له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو، به‌ڵام چیرۆکی ژینا به‌نووسین (ژینا گیان تۆ نامری ناوت ده‌بێت به ره‌مز) له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌که‌ی ده‌ستیپێکردو به‌دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) هه‌موو سنووره‌کانی جیهانی گرته‌وه.
کاردانه‌وه‌کان له‌دوای نزیکه‌ی مانگێکیش بۆ مه‌رگی ژینا به‌رده‌وامه‌و ره‌نگه ئاسانترین رێگه‌ش بۆ هاوپشتی و پشتیوانی ئه‌و پرچبڕینانه بێت که‌ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ژنانی ناودارو چالاکوانان و خه‌ڵکانی ئاسایی هه‌موو شوێنه‌کانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌و له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌و راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانانه‌یه که‌دژی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های ناوچه‌که ده‌گیرێته‌به‌رو ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌تارانه‌وه به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تائێستاش به‌رده‌وامه‌و دوای 27 رۆژ له‌مه‌رگی ژینا نزیکه‌ی 192 که‌س له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون، به‌ڵام له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هیچ کاتێک و به‌هیچ هۆکارێک ئه‌و هه‌موو سزا تونده به‌سه‌ر به‌رپرسانی باڵا‌و ناوه‌ندو دامه‌زراوه‌کانی ئێران‌دا نه‌سه‌پێنراوه که به‌هۆی مه‌رگی ژیناوه دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران سه‌پێنراوه.
به‌هاری ژینا له‌ترسه‌وه بۆ هیوا
ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئێران ئه‌زموونێکی 43 ساڵه‌ی هه‌یه له‌کۆنتڕۆڵ و سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی هێزی سه‌ربازیی و سزای قورس، بۆیه ره‌نگه له‌وڵاتێکی دیموکراتیک هیچ کاتێک ترس و دڵه‌راوکێ بۆ به‌شداریی له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی نه‌بێت، به‌ڵام له‌ده‌وڵه‌تێکى وه‌ک ئێران زۆر جیاوازه‌و مێژووی نزیکی خۆپیشاندانه‌کانی چه‌ند ساڵی رابردوو سه‌لماندویه‌تی ده‌یان که‌س به‌گولـله و چه‌کی جه‌نگی کوژراون و هێزه ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته خه‌ڵکی ناڕازییان به‌کوشتن ترساندووه‌و به به‌رده‌وامیش خۆپیشانده‌ران له‌و هێزانه سڵه‌میونه‌ته‌وه‌و ترسیان لێیان هه‌بووه.
مه‌رگی ژینا ترسی له‌دڵی ژنان و گه‌نجانی ئه‌و وڵاته کرد به‌توڕه‌یی و پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی جاران خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی رووبه‌ڕووی هێزه ئه‌منییه‌کان ده‌بنه‌وه‌و ژماره‌یه‌کیش له‌هێزه‌کانى سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات کوژران، شاره‌زایانی کۆمه‌ڵناسی ئێران حاشایان له‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه نه‌کردووه‌و ئاماژه‌یان به‌وه کردووه خۆپیشانده‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن چه‌ند تووڕه‌ن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌هه‌موو شێوەیه‌ک هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن و ته‌نانەت ژیانیشیان بۆ پاراستنی که‌سانی دیکه ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه، هه‌رئه‌وه‌ش وایکردووه ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌هێزه ئه‌منییه‌کان وره‌یان له‌ده‌ستبده‌ن و دوودڵبن له‌وه‌ی هێرش بکه‌نه‌سه‌ر خه‌ڵک.
زۆربه‌ی نووسه‌ران و رۆشنبیرانی نزیک له‌ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ڕێگه‌ی وتار‌و نووسینه‌کانیانه‌وه ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که تێبگه‌یه‌نن ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی ئێستا به‌هێز بێده‌نگ ناکرێت، به‌ڵکو ته‌نها بۆ ماوه‌یەکی کاتیی کۆنتڕۆڵ ده‌کرێت و دواتر وه‌ک ئاگری بن خۆڵه‌مێش بڵێسه ده‌ستێنێت.
خۆپیشانده‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران قۆناغی ترسیان ده‌رباز کردووه‌و له‌ئێستادا تووڕه‌ن و زۆربوونی هه‌ستی هاوبه‌ش و پشتیوانیی بۆ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه بووه‌ته هیوا، هیوایه‌ک بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتوانی ئه‌و جوگرافیایه.
ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی به‌مه‌رگی ژینا له (16/9/2022) ده‌ستیپێکرد به‌گه‌وره‌ترین کاردانه‌وه‌ی مێژووی 43 ساڵی رابردووی ئێران ناوده‌هێنرێت، بۆیه ژینا بۆنی به‌هاری پێیه، بۆنێک بۆ ژیان به‌بێ جیاوازیی ره‌چه‌ڵه‌ک و نه‌ته‌وه‌و جوگرافیا.
خۆپیشاندان و رووخانى ده‌سه‌ڵات له‌ئێران
له‌ساڵی 1978 دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌سه‌رتاسه‌ری خاکی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دژی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی راپه‌ڕین، ده‌رکه‌وت له‌ماوه‌ی ساڵانی 1962 تا 1978 به‌گشتی سێ هه‌زارو 164 که‌س له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا لەلایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانی ئه‌وکاته‌وه کوژراون و هه‌ر مه‌رگی ئه‌وان بووه هۆی کۆتایی به ته‌خت و به‌ختی پاشایه‌تیی و رووخانی رژێمی په‌هله‌وی.
به‌پێی ئاماره‌کانی ئه‌وکات له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 1978 له‌خۆپیشاندانه‌کانی دژی رژێمی پاشایه‌تی 532 که‌س کوژراون و ته‌نها له‌دوایین مانگی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا که‌کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی هێنرا 179 که‌س کوژران، له‌کاتێکدا له‌خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکی که‌مدا 189 خۆپیشانده‌رو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژران.
ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی حاشا له‌کوشتنی ژینا بکات ده‌یان که‌سی کوشتووه‌و دووریش نییه ئه‌و ژماره له‌کوژراوانه زۆر زیاتر بێت.
روحه‌ڵڵا خومه‌ینی، دامه‌زرێنی کۆماری ئیسلامی له‌و سه‌رده‌مه‌دا رایگه‌یاند: نزیکه‌ی 60 هه‌زار که‌س له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی دژی سیستمی پاشایه‌تیی کوژراون، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه مێژووییانه‌ی که پشتڕاست کراونه‌ته‌وه‌و عیماده‌دین باقی، مێژوونووسی ئێرانی ئاشکرایکردووه له‌ماوه‌ی 15 ساڵی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌که له‌دژی سیستمی پاشایه‌تی ته‌نها ناوی سێ هه‌زارو 164 که‌س وه‌ک کوژراوی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تۆمار کراوه، چونکه زۆرترین هه‌وڵدراوه خۆپیشانده‌ران نه‌کوژرێن و سوپای ئه‌وکاتی پاشایه‌تیش پشتگیریی خه‌ڵک و خۆپیشانده‌رانی کردووه.
ئه‌و ئامارانه‌ی که له‌سه‌رده‌می به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی یه‌که‌م ساڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراونه‌ته‌وه ئاماژه‌ن به‌کوژرانی سه‌دان که‌س و ته‌نها له‌یه‌که‌م مانگی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌گشتی له‌خۆپیشاندان و زیندان و ئه‌ندامانی رژێمی پێشووی پاشایه‌تی 582 که‌س کوژراون.
لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئاشکرای کردووه که ته‌نها له‌ساڵی 1979 زیاتر له‌دوو هه‌زارو 946 که‌س که‌دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه کوژراون، واته ئه‌وه‌ی رژێمی پاشایه‌تی له‌ماوه‌ی 15 ساڵدا خۆپیشانده‌رو نه‌یاری کوشتووه، کۆماری ئیسلامی له‌یه‌ک ساڵدا له‌و ژماره کوژراوه نزیکبووه‌ته‌وه.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی که به‌رپرسی ئه‌وکاتی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویکردووه‌ته‌وە له‌نێوان ساڵانی 1981 تاساڵی 1985 زیاتر له‌هه‌شت هه‌زار نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێوازی جیاواز له‌خۆپیشاندانه‌کان و له‌زیندانه‌کان کوژراون و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کیشیان له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه تیرۆرکراون، ئاشکراشیکردووه که‌زۆربه‌ی قوربانییه‌کان له‌سێداره دراون.
له‌یاسای ژماره 27ی ده‌ستوری کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر جۆره ده‌ربڕینێکی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان به‌بێ چه‌ک رێگه‌پێدراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 43 ساڵی رابردووی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌و وڵاته به‌دیده‌کرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌رکه‌وتووه.
ژنان پێشه‌نگی خۆپیشاندانه‌کانن
ژنان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌شاری سنه ته‌نها 25 رۆژ دوای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ساڵی 1979 دژی باڵاپۆشیی سه‌پێنراوو به‌زۆره‌ملێ وه‌ستانه‌وه‌و خۆپیشاندانیان کرد‌و له‌شاره گه‌وره‌کانی وه‌ک تاران و ته‌برێزیش ژنان و کچان دژی ئه‌و بڕیاره وه‌ستانه‌وه.
تاساڵی 1980 زیاترین ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌وکاته‌دا پارته نه‌یاره‌کان و کۆمۆنیسته‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ڕێکخستنی ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندانه‌کان.
به‌گشتی له‌ماوه‌ی 43 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا زیاتر له 59 خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی و به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چووه که زۆرینه‌ی ره‌هایان دژی یاسا‌و رێساکانی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسانی ئابووری و گرانیی بووه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هیچ ئامارێکی له‌ژماره‌ی کوژراوان و برینداران بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه ناتوانرێت به‌دیاریکراوى ژماره‌یه‌کی گشتی له‌قوربانیان بزانرێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی که‌بڵاوکراونه‌ته‌وه له‌هه‌ریه‌که له‌و خۆپیشاندانه که‌هه‌ندێکیان زیاتر له‌مانگێکیان خایاندووه، لانیکه‌م 100 بۆ 200 که‌س کوژراون و له‌هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا ژماره‌ی قوربانیان زۆر زیاتربوون.