گەشتی ئیرشاد... دەسەڵاتی ئێران لەڕووخان نزیك دەكاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەدوای مەرگی ژینا ناوی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو لەمیدیاكانی جیهاندا بڵاوبووەوە بەپێی هەندێك بەراوردكاری بودجەی ئەو دامەزراوەیەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەندێك دامەزراوەی دیكەی وەك پەروەردەو هەندێك زانكۆی گەورەی وڵاتەكە زۆر زیاترە.
ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران كە وەك (گەشتی ئێرشاد) ناو دەهێنرێت لانیكەمی بودجەكەی دوو هێندەی (زانكۆی شەریف)ە لەو وڵاتەكە كە بە یەكێك لە زانكۆ گرینگەكانی جیهان لە ئاستی زانستیدا ئەژمار دەكرێت.
ئەگەرچی لە ئامارەكانی ئێراندا ریزبەندێكی تایبەت بە بودجەی ئەو بەشە لەپۆلیس جیا نەكراوەتەوە بەڵام بەپێی بەراوردەكان نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو پۆلیسە تەرخان دەكرێت كە بەراورد بەدامەزراوەكانی دیكەی ئێران بودجەیەكی زەبەلاحە.
ناوەندی ئاماری ئێران لەبودجەی ساڵی 2022 بڵاویكردووەتەوە كە بودجەی هێزەكانی پۆلیس بەگشتی 43 ترلیۆن و 237 ملیار تمەنە كە دەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 600 هەزار دۆلار بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە؛ لەكۆی بودجەی پۆلیس نزیكەی 2.5٪ی بۆ پۆلیسی ئەخلاق تەرخان دەكرێت.
بەرپرسانی پۆلیسی ئێران لە هەندێك لێدواندا ئاماژەیان بەوە كردووە كە لانیكەم یەك ترلیۆن و 80 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی پۆلیسی ئەخلاقە.
هەندێك لەسەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە كە بودجەی پۆلیسی ئەخلاق تەنها 2٪ی كۆی بودجەی پۆلیسە لەساڵیكدا كە لەو حاڵەتەشدا بڕی (867) ملیار تمەن بۆ ئەو بەشە لەپۆلیس تەرخانكراوە كەئەوەش دوو هێندەی بودجەی دامەزراوەی فریاگوزاریی سەرتاسەری هەموو ئێرانە.
ئەو 2٪ بودجەیەی پۆلیسی ئەخلاق هاوشانە لەگەڵ 50٪ی ئەو بودجەیەی كە لەچوارچێوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەبودجەی ساڵانەی ئێراندا دیاری دەكرێت و هاوكات دوو هێندە زیاترە لەبەشی ناوەندی پەروەردەو گەشەی هزری منداڵان و نەوجەوانان لەسەرتاسەری وڵاتەكە.
هاوكات بودجەكەی دوو هێندە زیاترە لەو بودجەیەی كە بۆ زانكۆی شەریف لەئێران تەرخان دەكرێت لەكاتێكدا ئەو زانكۆیە یەكێكە لەزانكۆ ئاست باڵاكانی ئێران و جیهانیش لەڕووی زانستی و تەكنیكییەوە.
پۆلیسی ئەخلاقی ئێران كەساڵی 2005 بەناوی (گەشتی ئیرشاد) دامەزراوە، ئاشكرای كردووە ساڵانە نزیكەی 15 هەزار كەسی دەستگیرو سزا داوەو لەو ژمارەیەش بەشێكیان تەنها ئاگاداركراونەتەوەو خولی پەروەردەیان بۆ كراوتەوە.
ئەگەرچی ئەركی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بۆ سەرتاسەری ئێرانە، بەڵام سەرنجی زیاتری ئەو بەشەی پۆلیس لەسەر تاران و شارە گەورەكانی ئێرانە.
بەوتەی بەرپرسانی پۆلیسی ئەخلاق تەنها لەیەك مانگی ساڵی 2006 لەناو شاری تاران هۆشداریی دراوە بە 63 هەزار و 693 كەس، كە بەوتەی ئەوان سەرپۆش و باڵاپۆشییان نەگونجاو بووە.
ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران روونیكردووەتەوە كە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی دراوە بەوان بۆیان هەیە هەر ئۆتۆمبێلێك بێزاریی بۆ خەڵك دروست بكات، رایگرن و ئەگەری شۆفێرانی ژن سەرپۆشیان نەگونجاو بێت ئۆتۆمبێلەكانیان لەگەراجی پۆلیسدا بەپێی ئەو سزایەی بۆیان دیاریی دەكرێت، رابگرن.
پۆلیسی ئەخلاق لەتاران تەنها لەیەك مانگدا هەزار و 149 ئۆتۆمبێكی بەبیانوی ئەوەی شۆفێرو سەرنشینەكانیان جلوبەرگ و سەرپۆشەكانیان گونجاو نەبووە سزا داوە.
ژینا ئەمینی ئەو كچە كوردەی خەڵكی سەقز كە لەكاتی سەردانی بۆ تاران بەبیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكانی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق دەستگیركراو داوتر گیانی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاترین قسە لەسەر ئەو پۆلیسە لەناوخۆی ئێران و جیهاندا دروستببێت و تەنانەت كاردانەوەكانی مەرگی ژینا بەوەشەوە نەوەستاوەتەوە و كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە لەرزە.