پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەكۆتایی نزیكدەبێتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوە حكومەتێكی ئینتیقالی بێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هێمن مەحموود
دواجار دوای ساڵێك چاوەڕوانی و چەندین رووداوی چاوەڕواننەكراو كەگەیشتە ئاستی بەكارهێنانی چەك لەدژی یەكتری، دوای دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار بۆ پشكی كورد، محەمەد شیاع سودانی كاندیدی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن (لەتیف رەشید)ی سەرۆك كۆماری نوێی عێراقەوە راسپێردرا، بەشێك لەچاودێرانیش پێیان وایە كابینەكەی سودانی حكومەتێكی ئینتیقالی دەبێت، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوەو دەڵێت: كابینەكە لانی كەم سێ ساڵ تەمەنی دەبێت.
سودانی دوای راسپاردنی لەیەكەم لێدوانیدا بەڵێنیدا پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز پێشكەش بكات كە توانای بنیاتنانی وڵاتی هەبێت و رایگەیاند: بەڵێن بەعێراقییەكان دەدەم بە پێكهێنانی كابینەی نوێ بەزووترین كات چاوەڕوانییەكانیان بەدی بێنم، هەروەها حكومەتێكی بەهێز پێكدەهێنین كە توانای بنیاتنانی وڵات و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بنیاتنانی هاوسەنگی نێودەوڵەتیی هەبێت.
دەربارەی كاتی راگەیاندنی كابینەكەش، هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد:داوایان لەپەرلەمان كردووە رۆژی شەممەی داهاتوو 22ی تشرینی یەكەم پەرلەمانی عێراق دەنگ بەكابینەكەی سودانی بدات بەهەموو وەزیرەكانیەوە.
عەلی حسێن سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بە سایتی ئەلمەعلومەی راگەیاندوە، بەفەرمی لەهەفتەی داهاتودا كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی رادەگەیەنرێت و ئەو ناوانەشی بڵاوكراونەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان دوورن لەڕاستیەوە، وتیشی: سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هیچ ناوێك ئاشكراناكات تا ئەوكاتەی كابینەی حكومەتەكەی تەواو دەكات و بەفەرمی رایدەگەیەنێت، ئاماژەی بەوەشكرد سودانی پێوەری خۆی داناوە بۆ ئەو كەسایەتیانەی هەڵیاندەبژێرێت و كاندید دەكرێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاریی كە تەكنۆكرات دەبن.
وتیشی: سودانی ماوەی مانگێكی لەبەردەمدایە بۆ راگەیاندنی كابینەكەی و پێشكەشكردنی بەپەرلەمان، هەروەها نەخشەڕێگایەك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی وەزارەتەكان بەتایبەتی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری ئامادەكراوە و لەگەڵ هێزە شیعی و سوونیەكان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەشی كەدزەیان پێكراوە پشكی لایەنەكان لەكابینە وەزارییەكەی سودانی بەم شێوەیەیە، لایەنە شیعیەكان؛ وەزارەتەكانی (كشتوكاڵ، گواستنەوە، ناوخۆ، تەندروستی، نەوت، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، دارایی، سەرچاوە ئاوییەكان، خوێندنی باڵا، كارەبا، پەیوەندییەكان)و پشكی سوننەكان؛ وەزارەتەكانی (بەرگری، پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی و كانزاكان، بازرگانی، رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوار) و پشكی لایەنە كوردییەكانیش؛ وەزارەتەكانی (دەرەوە، داد، ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، ژینگە) دەبێت.
هاوكات جاسم محەمەد، وەزیر لەكابنەی پێشوو ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق كۆبووەتەوەو دابەشكردنی وەزارەتەكانیان لەنێوان پێكهاتەكان تاووتوێكردووە، بەوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرۆك كۆمار سێ جێگری دەبێت و سەرۆك وەزیرانیش هیچ جێگرێكی نابێت.
دابەشكردنی وەزیرەكان بەپێی خاڵ دەبێت و هەر پەرلەمانتارێك بەخاڵێك ئەژمار دەكرێت، وەزیرێكی سیادی 13 خاڵ دەبێت و وەزیری خزمەتگوزاری هەشت خاڵی بۆ دیاریكراوە.
سەبارەت بەڕێكاری دابەشكردنی پۆستەكانیش، ئەندامەكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: «پشت بەژمارەی كورسییەكانی هەر لایەنێك دەبەسترێت، بۆ نموونە ئەگەر هەر لایەنێك فراكسیۆنەكەی گەیشتە 50 كورسی ئەوا چوار وەزارەتی دەبێت. ئەوانەی 10 كورسی و كەمتر و زیاتر لە 10 كورسیان هەبێت پۆستێكیان دەبێت، واتە پۆستەكان و وەزارەتەكان بەو شێوەیە دابەشكراون. جێگری سەرۆك كۆمارو وەزارەتی سیادی و پۆستی سیادی ئەمانە هەریەكەیان كێشیان زیاترە، واتە كورسی زیاتر دەبەن بەراورد بەپۆستی دیكە.»
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان لیژنەیەكی تەكنیكی بۆ دیاریكردنی كاندیدانی كابینەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكدەهێندرێت و بەشێك لەكاندیدەكان لەلایەن كوتلە سیاسییەكان و بەشێكی دیكەیان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوەوە دەدرێنە لیژنەكە.
سەبارەت بەتەمەنی كابینەكەی سودانی كە بەشێك لەچاودێران پێیان وایە حكومەتێكی ئینتیقالی دەبێت، چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوە حكومەتی ئینتیقالی بێت و دەڵێت لانی كەم سێ ساڵ تەمەنی دەبێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: كابینەی داهاتوو گرنگی زۆر بە بابەتی هەڵبژاردن و یاساكەی دەدات، بەڵام حكومەتی ئینتیقالی نابێت، چونكە بەلایەنی كەم تەمەنی دەگاتە سێ ساڵ، هاوكات هەموو دەسەڵاتێكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی دەبێت.
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێـتی فەتح لای خۆیەوە داوایكردووە هەموو لایەك هاوكارییەكی تەواوی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراودا هەبێت بۆ تەواوكردنی كابینەكەی و هەڵبژاردنی وەزیرەكانی لەسەر بنەمای پیشەیی.
ئەوەشی تائێستا بەفەرمی رەتیكردۆتەوە بەشداری لەكابینەكەی سودانیدا بكات، رەوتی سەدرو رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمە، كە بەفەرمی رایانگەیاندووە بەشداری ئەو حكومەتە ناكەن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەشی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دزەیان پێكراوە فشاری ئێرانییەكان بۆ سەر چوارچێوەكە دەستیپێكردووە ئەویش بەئامانجی ئەوەی لەگەڵ رەوتی سەدردا جۆرێك ئارامی درووستبكرێت و چەند وەزارەتێكیان بۆ پێشنیازكراوە، بەڵام ئەستەمە سەدر بەمە رازی بێت.
هاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی هەر لەتەوەری ئاشتبوونەوە لەگەڵ رەوتی سەدر، پێشنیازی كاتێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەخاتە بەردەم سەدرییەكان، بەڵام پێش ئەوە پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوەو كۆمیسیۆنێكی نوێ بۆ هەڵبژاردن درووستبكرێت، كە ئەمەش لانی كەم ساڵێك زیاتر دەبات.
هاوكات لەلایەن خۆیەوە ئەیاد عەللاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانێتی نیشتیمانی، لەراگەیەندراوێكدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كردووە، ئەو هەڵانە راستبكاتەوە كە حكومەتەكانی پێشوو كردوویانە، وتیشی ئەركی حكومەتی داهاتوو ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراقدا.
دەربارەی پشكی كوردیش لەكابینە چاوەڕوانكراوەكەی سودانی، فراكسیۆنی پارتی لەبەغدا پێی وایە دەبێت كورد چوار وەزارەتی بدرێتێ، یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری بردووەو دەبێت پێگەی پارتی لەو وەزارەتانە لەبەرچاو بگیرێت.
سەباح سوبحی پەرلەمانتاری پارتی لەبەغدا دەڵێت لەكابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سودانی، كورد داوای چوار وەزارەت دەكات كە دوو وەزارەتیان سیادی دەبێت ئەوانیش دارایی و دەرەوە دەبن. دەشڵێت، سەرۆك كۆمار بەركەوتەی یەكێتییەو پیرۆزباییان لێدەكەین، هەروەك لەپۆستە وەزارییەكاندا دەبێت پێگەی پارتی لەبەرچاو بگیرێت.
هاوكات باس لەوەدەكرێت كه هەردوو وەزارەتی (دارایی و نەوت) بە كورد نەدرێت و رەنگە یەك وەزارەتی سیادی(دەرەوە) و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاری بەكورد بدرێت، كە لەمەشدا لەنێوان حزبە كوردییەكاندا دابەشدەكرێت.
ئەوەشی چاوەڕواندەكرێت لەدابەشكردنی وەزارەتە سیادییەكانی دیكەدا (بەرگری، دارایی، پلاندانان، ناوخۆ، نەوت) لایەنە شیعەو سونییەكان ناكۆكییەكانیان بەدیاربكەوێت، چونكە هەر لایەن و گرووپێك داوای پشكی زیاتر بۆ خۆیان دەكەن.
لەئێستاشدا شەقامی عێراقی كه بەدەستی چەندین گرفتی كەڵەكەبووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و دارییەوە دەناڵێنێت، لەچاوەڕوانی راگەیاندنی كابینەكەی محەممەد شیاع سودانین تا بزانن چییان بۆ دەگۆڕێت، ئەوەشی ئەوە دیاری دەكات تەنیا كاتەو هیچی تر، كه ئایا حكومەتەكەی سودانیش بەدەردی حكومەتەكانی پێش خۆی دەچێت یان نا؟.