عێراق؛ پێنج كۆمپانیای وەهمی 2.5 ملیار دۆلارەكەیان بردووە
وردەكاریی دزینی پارەكەی دەستەی باجی عێراق ئاشكرادەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەر لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوت و وەزیری دارایی بەوەكالەت بەتویتێك گەندەڵی و دزییەكی گەورەی لەپارەی دەستەی باجی عێراق ئاشكراكردو دوابەدوای ئەوەش بەڵگەنامەكانی تایبەت بەو پرسە گەیشتنە میدیاو بڵاوكرانەوە.
بەڵگەنامەكان باسیان لەدزینی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیۆن دیناری دەستەی باجی عێراق دەكرد كە لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهەمییەوە لەڕێگای چەكی بانكییەوە ئەنجامدراوە.
سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش لەدوای بڵاوبوونەوەی دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت كەپێشكەشی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقی كردووە و تێیدا باس لەدزینی ئەو بڕە پارەیە دەكات.
بەگوتەی ئیحسان عەبدولجەبار، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا زیجیرەیەك كاری ساختەكاری، بردنی پارە، هەواڵەكردنی چەندین بڕە پارە بۆ كۆمپانیای نوێ كراون، كە نە پەیوەندی و نە مافیان لەبەدەستهێنانی ئەو پارانەدا نەبووە، كە بڕەكەی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) بووە.
بەگوێرەی نامەكەی وەزیری نەوت، پرۆسەی دزینی ئەو دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلارە لەنێوان 1ی ئەیلوولی 2021 تاوەكو 15ی ئابی 2022 بووە، ئەو وەزیرە دەڵێت، «هەوڵێك نەدراوە بۆ بنكۆڵكردن و گەڕان، دزییەكە ئاشكرا و بەشێوەیەكی رەها بووە».
دەستەی دەستپاكیی عێراقیش لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە لێكۆڵینەوەیان لەهۆكاری دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیە كردووەو بەردەوامیش دەبن لەلێكۆڵینەوە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر رایگەیاندووە «لەبارەی دۆسیەی ئەو پارەیەی لەدەستی باج لەوەزارەتی دارایی راكێشراوە، پێویستە لەو بارودۆخە بكۆڵدرێتەوە كە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناو جومگەكانی ئەو دەستەیەدا، كە لەئەنجامدا بووەتەهۆی ئەوەی باڵ بەسەر ونبوونی دارایی گشتیدا بكێشێت، ئەم كارەش بەر لەحكوومەتی ئێستادا ئەنجامدراوە.»
لەلایەن خۆشیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رایگەیاند «رێگە نادەین پارەی عێراقییەكان بەهەدەر بدرێت، وەك ئەوەی لەدەستەی گشتی باجەكانی سەر بەبانكی رافیدەین روویداوە.» هاوكات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند: «ئەو كارە بەئاسانی تێناپەڕێت و سزای توندی ئەوانە دەدرێت كە لەو دۆسیەوە گلاون».
بانكی رافیدەینیش رایگەیاندووە ئەوان هیچ پەیوەندییەكانیان بەو بابەتەوە نییەو ئەوەی باسدەكرێت پەیوەندیی بەدەستەی باج و هەژمارە بانكییهكانی خۆیانەوە هەیە.
لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراقیش بانگهێشتی وەزیری دارایی دەستلەكاركێشاوەو جێگری وەزیرو بەرپرسانی بانكی رافیدەین و دەستەی باجی كردووە بۆ لێكۆڵینەوەو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بڕوای وایە پارەی بەهەدەردراو زۆر زیاتر بێت لەو بڕەی كە باسی لێوەدەكرێت.
گەندەڵیەكە لەسەردەمی عەلی عەلاوی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشوتری دارایی عێراق روویداوە، ئەو پێشتر رایگەیاند: حكومەت نەیتوانیوە رێگە لەگەندەڵی بگرێت، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهمی بەناوەكانی( فائت، ئەلحوت، ریاح بەغداد، موبدیعون، بادیە) بەهاوكاری چەند فەرمانبەرێكی وەزارەتی دارایی بڕی سێ ترلیۆن و 700 ملیۆن دیناریان بە٢٤٧ چەكی بانكی دەستەی گشتی باج لەبانكی رافیدەین راكێشاوەو ئەو بڕە پارە زۆرەی براوە هی كۆمپانیا گەورەكانەو وەك باج لەلایەن حكومەتەوە وەرگیراون.
دادگای كەرخ لەبەغدادیش لەسەر ئەو گەندەڵیە گەورەیە ژمارەیەك بەرپرس و فەرمانبەری دەستەی باج و بانكی رافیدەینی بۆ لێكۆڵینەوە بانگكردو چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم دۆسییە كەسانی گەورەتری تێوەبگلێت.