بودجەی یەك ساڵی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق 345 ملیار دینارە

خەرجیی سێ سەرۆكایەتییەكە زیانێكی زۆر لەبودجەی گشتی دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

موچەو دەرماڵەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بودجەی گشتی بیماركردووە، شارەزایانی ئابووریش دەڵێن: بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات، لەساڵی رابردووشدا  كۆی بودجەو موچەی سەرۆكایەتی كۆمارو ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار بووە.

یەكێك لەو بابەتانەی كە لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێكی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و خولی نوێی پەرلەمانیدا دەبێتە بابەتی گەرمی میدیایی و شەقامی عێراقی، مەسەلەی موچەو دەرماڵەو خەرجی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەیە لەعێراقدا كە بەپێی شارەزایانی ئابووری بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات و هاوكات لەڕووی بەرزی و نزمی موچەشەوە لەگەڵ فەرمانبەرێكی ئاسایی نادادپەروەریی و نایەكسانییەكی زۆری تیادایەو جیاوازییەكی گەورەیان هەیە.
بەپێی ئەو داتایانەی ناوەندە ئابوورییەكان لەسەر بودجەی عێراق ساڵانە بڵاویدەكەنەوە موچەو دەرماڵەی هەریەكە لەسێ سەرۆكایەتییەكە بەمجۆرەیە:
موچەی بنەڕەتی سەرۆك كۆمار ٥٠ ملیۆن دینارە، كەبەرزترین رێژەی موچەی بنەڕەتییە لەعێراقدا، هاوكات ٤٠ ملیۆن دیناری وەك دەرماڵەی پۆست و بڕوانامەو بابەتەكانی دیكەی بۆ خەرجدەكرێت، كەكۆی هەمووی دەكاتە ٩٠ ملیۆن دیناری مانگانە، كە بۆ ساڵێكیش دەكاتە یەک ملیار و ٨٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش چوار ملیارو ٣٢٠ ملیۆن دینار.

ساڵانەو لەهەر چوار ساڵەكەشدا نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٩٠ هەزار دۆلار دەكات.
موچەو دەرماڵەی سەرۆك وەزیرانیش ٦٠ ملیۆن دیناری مانگانەیە، كە بۆ هەر ساڵێك دەكاتە ٧٢٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش دوو ملیارو ٨٨٠ ملیۆن دینارە. هاوكات موچەو دەرماڵەی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەشی بۆ هەریەكەیان ٥٥ ملیۆن دیناری مانگانەو ٦٦٠ ملیۆنی ساڵانە و دوو ملیار و ٦٤٠ ملیۆنی هەر چوار ساڵەكەیە.

موچەو دەرماڵەی هەر پەرلەمانتارێكیش ٢٥ ملیۆنی مانگانەیە، بۆ هەر وەزیرێكیش بڕی ٣٥ ملیۆن دیناری مانگانە وەك موچەو دەرماڵەی خەرجدەكرێت، ئەمە جگە لەو سەدان ملیار دینارەی مانگانەی كەوەك خانەنشینی بۆ سەرۆك و پەرلەمانتارو وەزیرەكانی پێشووتر خەرجدەكرێت، هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە كەمترین موچەی فەرمانبەرێك ١٧٠ هەزار دینارە.

بەبڕوای ئابووریناسانیش هیچ وڵاتێك نیە لەجیهاندا موچەی سەرۆك و وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسەكانی هێندەی عێراق زۆر بێت، لەكاتێكدا نزیكەی پێنج هەزار بەڕێوەبەری گشتیش لەوڵاتدا بوونی هەیە، كە ئەمانەش موچەو دەرماڵەو خەرجییان زۆر زۆرە، ئەمە جگە لەو چەندان لیواو فەوجەی كە بۆ پاراستنی سەرۆكەكان و بەرپرسانی دیكە موچە و بودجە لەبودجەی گشتیی عێراق وەردەگرن.

لەبودجەی ساڵی رابووردوودا (٢٠٢١) موچەی سەرۆكایەتی كۆمار گەیشتووەتە ٣٥ ملیارو ٦٣٩ ملیۆن دینار، موچەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش گەیشتووەتە ٢٢٨ ملیارو ١٤١ ملیۆن دینار، هەرچی موچەی ئەمیندارێتی گشتی و نووسینگەی سەرۆكایەتی وەزیرانیش گەیشتووەتە ٨١ ملیارو ١٧٦ ملیۆن دینار، كۆی هەموو ئەمانەش بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار لەبودجەی گشتیدا بووە. كۆی فەرمانبەرانی ئەو سەرۆكایەتیانەش ٥٩٢٦ فەرمانبەر بووە.

كۆی فەرمانبەران و موچەخۆرانی عێراقیش زیاتر لە حەوت ملیۆن فەرمانبەرو موچەخۆرە، كە موچەی ساڵانەیان زیاتر لە ٦٢ ملیار دۆلارە، بەپێی تازەترین ئاماری بانكی ناوەندی عێراقیش، بڕی یەدەگی نەختینەیی عێراق زیاتر لە ٨٥ ملیار دۆلارە، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی بەرزی نرخی نەوت و بەرزی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار تاكۆتایی ئەمساڵ بڕی یەدەگی نەختینەیی بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار