له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌.. عێراق؛ میلیشیاكان چاویان لەپۆستە ئەمنی‌و هەواڵگرییەكانە

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مه‌حموود

ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت دوو جار بۆ تێپەڕاندنی كابینەی نوێی حكومەت شكستی هێناوە، بەڵام مالكی دەڵێت بەمزووانە حكومەتی نوێی عێراق، متمانەی پێدەدرێت، یەكێتی و پارتی لەلایەنی كوردیەوە لەسەر دابەشكردنی وەزارەتەكان ناكۆكن، محه‌ممه‌د شیاع سوودانیش به‌فه‌رمی داوای له‌په‌رله‌مان کردووه‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ده‌نگ به‌کابینه‌که‌ی بدات، سوننەكان لەسەر وەزارەتی بەرگری و شیعەكانیش لەسەر پۆستی وەزارەتی نەوت ناكۆكن، شیعەكان بۆ چارەسەری ناكۆكییەكانیان پرسەكەیان داوەتە دەستی  محەممەد شیاع سودانی، هاوكات میلیشیاكانی نزیك لەئێران لەهەوڵدان پۆستی بەرپرسی هەواڵگری بۆ خۆیان ببەن و پێیانوایە لەدوای هاتنی ئەمریكاوە بۆ عێراق ئەو پۆستە لای كەسێكی نزیك لەخۆرئاواییەكان بووە، هاوكات محمەد تۆفیق عەلاوی دەڵێت: یەكێك لەسەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو پێی گوتووە، خۆپێشاندەران دێنە نێو ماڵەكانمانەوە لەناوچەی سەوزو بەشەقامەكاندا راماندەكێشن.
هەرچەندە هەفتەی پێشووتر هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوایكرد لەسەرۆكی پەرلەمان رۆژی شەممەی رابووردوو دیاری بكرێت بۆ دەنگدانی پەرلەمان لەسەر متمانەپێدان بەكابینەكەی (محەممەد شیاع سوودانی)، بەڵام هەوڵ و داواكەیان بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر پۆستە وەزارییەكان شكستی هێناو دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامنەدرا، ئەمەش لەكاتێكدایە جگە لەململانێی حزبە سیاسییەكان لەسەر پۆستەكان، میلیشیا چەكدارییە شیعەكانیش هەوڵی وەرگرتنی پۆستە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی ناو حكومەت دەدەن كە ساڵانێكە بەدەستیانەوە نییەو بەدەست ئەو كەسانەوەیە كە لەسەر ئەمریكییەكان حیساب دەكرێن.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دیاری نەكراوەو دیارنییە كەی بۆ دەنگدان بەكابینەی نوێی حكومەت كۆدەبێتەوە، چونكە فراكسیۆنەكان لەنێوان خۆیاندا لەسەر پۆستەكان رێكنەكەوتوون و هێشتا رێككەوتن لەسەر وەزارەتەكان نەكراوە، بەتایبەت وەزارەتی نەوت، هەروەها لەنێو پێكهاتەكانیشدا رای جیاواز هەیەو رێكنەكەوتوون. 
كەناڵی (روسیا تودەی) لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردووەتەوە ناكۆكی بەهێز لەنێوان محەمەد شیاع سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پۆستە وەزارییەكان هەیەو سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو زۆربەی كاندیدانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستە وەزارییەكان رەتكردووەتەوە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وتووە سوودانی داوای لەچوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، كاندیدەكانی بۆ پۆستە وەزارییەكان بەكەسانی دیكە بگۆڕێت، هەربۆیە پێشكەشكردنی دیباجەی حكومەتەكەی بەپەرلەمان دواكەوتووە.
نوسینگەی سودانی، ئاشكرایكردووە ئەو كاندیدانەی كە هەڵبژێردراون بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، ناوەكانیان رادەگەیەندرێت، بەڵام پاش تەواوبوونی چاوپێكەوتنەكان و دڵنیابوون لەپێگەی بەربژێرەكان لەڕووی یاساییەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو كەچاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكاندا لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە ئەنجامدەدرێت، كە لەكۆمەڵێك راوێژكار پێكدێت و لەلایەن سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
هاوكات نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێـتی دەوڵەتی یاساو یەكێك لەسەركردە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنوێترین لێدوانی خۆیدا رایگەیاندووە، بەمزووانە حكوومەتی نوێی عێراق، متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەهێنێت كە نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتەی گەلی عێراق تیایدا بەشدارن و داوایشی كردووە كە لەم قۆناغەی ئێستاداو لەپێناو پتەوتركردنی ئاسایش و سەقامگیری سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، پاڵپشتی لەعێراق بكرێت.
وەك ئاشكرایە دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەت لەعێراقێكی پڕ لەگرووپی سیاسی جیاوازو نەتەوەو مەزهەبی ئاینی جیاوازو بیروبۆچوونی سیاسی جیاواز جیاوازو ناكۆك، هێندە كارێكی ئاسان نەبووەو هەمیشە كابینەكانی پێشووتر بەتەواوەتی پێكەوە هەمووی رانەگەیەنراوە، بەڵكو چەند وەزارەتێك ماوەتەوە یاخود لەڕێگای بریكارەوە بەڕێوەبراوە تاوەكو كاندیدی دڵخوازی هەمووانی بۆ دەستنیشانكراوە.
جگە لەپۆستە وەزارییەكانیش، پۆستە ئەمنییەكانیش ناكۆكی لەناو هێزو گرووپە شیعیەكاندا درووستكردووەو دەیانەوێت دەست بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكاندا بگرن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ میدیاكان دزەیان پێكراوە، (بزووتنەوەی حقوق)ی نزیك عەسائیبی ئەهلی حەق بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی كە یەكێكە لەگەورەترین میلیشیا چەكدارییەكانی نزیك لەئێران، داوادەكات لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لەپشكە وەزارییەكان، هەردوو پۆستی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و هەواڵگری بدرێتێ، بەڵام كەتائیبی حزبوڵا كە ئەویش میلیشیایەكی چەكداری نزیك لەئێرانە واز لەوەرگرتنی ئەو دوو پۆستە ناهێنێت و داوایان دەكات.
هاوكات كەتائیبی حزبوڵا داوا دەكات هاوڵاتی فاڵح فەیاز)ی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەپۆستەكەی دووربخرێتەوە و هاوڵاتی عەبدولعەزیز مەحمەداوی) سەرۆك ئەركانی حەشد، كە نزیكە لەمیلیشیا چەكدارییەكانی سەر بەئێران بخرێتە شوێنەكەی، بەڵام تائێستا یەكلایی نەبووەتەوەو پێویستی بەڕەزامەندی زۆرینە هەیە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆش ململانێ لەنێوان هاوڵاتی فەیاز) و دوو كاندیدی تردا هەیە.
لەماوەی ساڵانی رابووردووشدا پۆستی بەرپرسی هەواڵگری عێراق هەمیشە نزیك لەڕۆژئاواو دوور لەئێرانییەكان بووە، هەربۆیە ئێستا ئەو میلیشیایانە چاویان لەوەرگرتنی ئەو پۆستەیە.
هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە بەپێی لێدوانی مەحمود حەیانی نزیك لەهاوپەیمانێتی فەتح‌، نرخی هەر وەزارەتێكی سیادی گەیشتووەتە ٧٥ ملیۆن دۆلار، بەڵام نرخی وەزارەتێكی خزمەتگوزار كەمترە، ئاماژەشی بەوەكردووە بۆ نموونە نرخی وەزارەتی بەرگری گەیشتووەتە ٧٥ ملیۆن دۆلار، بەڵام تائێستا نرخی وەزارەتی ناوخۆ دیارینەكراوە.
لەئێستاشدا بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراونەتەوە هەرچی لایەنە شیعەكان و سوننەكان و كوردییەكان هەیە، ناكۆكییان لەسەر پۆستەكان بۆ درووستبووەو هەریەكەو داوای پشكی زیاترو كاندیدی دیاریكراوی خۆی دەكات كەدابنرێت.
لایەنە شیعەكان كە پشكیان لەحكومەتەكەی سوودانیدا ١٢ وەزارەتەو سێ لەوانیش وەزارەتی سیادین كە ئەوانیش وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و ناوخۆیین، دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی، هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری، داوای وەزارەتی نەوت دەكەن و دەیانەوێت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئاڵوگۆڕی پێبكرێت، كە لەماوەكانی رابووردوودا ئەو وەزارەتە لەپشكی بەدر بووە، بۆ چارەسەری ئەم ناكۆكییەكەش پرسەكە دراوەتە دەست محەممەد شیاع سوودانی بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی وەزارەتەكان بەگوێرەی كورسیی لایەنەكان كە بۆ هەر وەزارتێكی سیادی لەنێوان 12 بۆ 16 كورسییە.
 دەربارەی ناكۆكی سوننەكانیش هاوپەیمانیی عەزم بەسەرۆكایەتیی موسەننا سامەرائی، داوای پۆستی وەزارەتی بەرگری دەكات و كاندیدەكەیان خالید عوبەیدییە. لەبەرامبەردا هاوپەیمانیی سەروەری بەسەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی، سوورن لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستەو ناسر غەنام بەربژێریانە. ئەوەش وایكردووە هاوپەیمانیی عەزم بڵێت، ئەگەر ئەو پۆستەو چەند پۆستێكی دیكەیان پێنەدرێت، ئەوا دەبێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان پێبدرێت. 
دەربارەی پشكی كوردیش، لەو چوار وەزارەتەی (دەرەوە، ئاوەدانكردنەوە، دادو ژینگە)ن كەبریارە بدرێت بەیەكێتی و پارتی، یەكێتی و پارتی تەنیا لەسەر یەك وەزارەت ناكۆكن، پارتی دەڵێت سێ وەزارەت پشكی منە، چونكە یەكێتی سەرۆك كۆماری بردووە، یەكێتیش دەڵێت پشكی من دوو وەزارەتە.
لەلایەكی ترەوە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لەسەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كردووە، وەزارەتێكی خزمەتگوزاری یان پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار بەپێكهاتەی توركمان بدرێت، وتیشی: داوا دەكەین وەزارەتێك بەپێكهاتەی توركمان بدرێت، بەو پێیەی كابینەی نوێ، كابینەیەكی خزمەتگوزارییە، داوامان لەسەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئەوەیە، وەزارەتێكی خزمەتگوزاری یان دوو وەزارەت یان جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پێكهاتەی توركمان دەستنیشان بكات.
محمەد تۆفیق عەلاوی وەزیری پێشووی گواستنەوەو راسپێردراوی پێشووتر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەنووسنێكدا ئاشكرای كردووە یەكێك لەسەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی عێراق پێی گوتووە، «خۆپێشاندەران دێنە نێو ماڵەكانمانەوە لەناوچەی سەوزو بەشەقامەكاندا راماندەكێشن.» دەشڵێت، «ترسم لەوە هەیە پشێوی سەرهەڵبدات و سەرەتایەك بێت بۆ جەنگی نێوخۆیی».
جێگای ئاماژەیە رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لەتیف رەشید وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردراو دواتریش محەمەد شیاع سوودانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ كەپێویستە لەماوەی ٣٠ رۆژدا كابینە وزارییەكەی پێكبهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار