سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی: گەشەی عێراق 9%یە

ئابووریناسان: گەشەی ئابووریی عێراق تەنها ژمارەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەكاتێكدا هێشتا كێشمەكێشی سیاسی و ململانێی حزبە سیاسییەكان لەعێراقدا كۆتایی نەهاتووە، كەچی عێراق لەبوارێكی دیكەی ئابووریدا پلەیەكی پێشكەوتوو بەدەستدەهێنێت و دەبێتە پلەی یەكەم لەناو وڵاتانی عەرەبی و دووهەمین لەئاستی جیهانیدا لەپێشبینییەكانی گەشەی ئابووری بۆ ئەمساڵ، ئەمەش بەپێی دوایین راپۆرتی سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی كە لەم مانگەدا دەرچووە. 

سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی بڕوای وایە گەشەی ئابووری لەعێراق گەیشتووەتە لەسەدا 9.3، ئەویش بەهۆی زۆربوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوت و غازی سرووشتی، كەعێراق لەدوای سعودیەوە لەڕێكخراوی ئۆپیك بەپلەی دووەم دێت وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی نەوتی خاوو بەرهەمی رۆژانەی نەوتەكەی زیاتر لە ٤.٦ ملیۆن بەرمیلە.

مەزهەر محەممەد راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی کاربەڕێکەر بڕوای وایە ئابووری عێراق دوو خولی سەرەكی بڕیوە كەكاری كردووەتەسەر گەشەی ئابووری، یەكەمیان خولێكی سلبی بووە، ئەویش لەساڵی ٢٠٢٠ كەگەشەی ئابووری لەسەدا -١١ بووە، دواتر چووەتە ناو خولێكی ئیجابییەوە كەئێستایەو رێژەكەی لەسەدا ٩.٤. مەزهەر محەممەد بڕواشی وایە گەشەی ئابووری هەر بەتەنیا بەهۆی نەوتەوە نییە، بەڵكو لەبواری گواستنەوەو ئابووری ژمارەیی و نیشتەجێكردن و گەشەكردن و پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوە بەتایبەت لەناوچە ئازادكراوەكان و پشتگیری بانكی ناوەندی بۆ بابەتی قەرزپێدانی بۆ درووستكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و بونیادنان و قەرزدان بەگەنجان و پرۆژەكانی بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی كەڕێژەكەی گەیشتووەتە ١٥ ملیار دۆلار، هۆكاری بەدەستهێنانی ئەو گەشە ئابوورییەن كەسندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێكردووە.

بەبڕوای چاودێرانی ئابووریش زیادبوونی نرخی نەوت و ئاستی هەناردەكردن و سفركردنەوەی قەرزەكانی كوەیت و داشكاندنی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلار، وەهایكردووە دەیان ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت دەستەبەرببێت.

ئاماژەدان بەم ژمارەو ئامارانە لەكاتێكدایە بەشێك لەئابووریناسان پێیانوایە ئەم گەشەی ئابوورییە راستەقینە نیەو بۆ وڵاتێكی وەك عێراق كە پەیوەستە بەبەرزی نرخی نەوتەوە، لەهەرچی كاتێكدا نرخی نەوت داببەزێت گەشەی ئابووری رادەوەستێت، بەپێچەوانەوەشە راستە، چونكە لەڕاستیدا سێ جۆر گەشەی ئابووری هەیە یەكەمیان گەشەیەكی خۆكردە ئەمەش وەك ئەوەی لەوڵاتە پیشەسازییەكاندا هەیە، گەشەی پلان بۆداڕێژراو كەدەوڵەت پلانی بۆ دادەرێژێت ئەمەش وەك وڵاتە ئیشتراكییەكان، گەشەی نەوتیش، وەك ئەمەی عێراق، هەر بۆیە ئەوەی هەیە گوایە گەشەی ئابووری رێژەی لەسەدا نۆ-ی را-ستەقینە نیە.

گۆفاری گۆلوبال فاینێنس (Global Finance) ئەمریكیش بڕوای وایە ئەو ژمارانەی باس لەگەشەی ئابووری بۆ ساڵێك دەكەن لەوانەیە فریودەربێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی كەپشت بەنەوت دەبەستن، زۆرێك لەئابووری ئەو وڵاتانە زۆرجار بەخێراییەكی زۆر گەشە دەكەن، كەچی لەكاتی دابەزینی نرخی نەوت لەپڕ زۆر بەخێرایی و دراماتیكی دێنە خوارەوە. بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارانەی سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی لەكاتێدایە لەماوەكانی رابووردودا گەوەرترین هەواڵی دزی پارەكانی دەستەی باجی عێراق بڵاووبووەوە كە بڕەكەی زیاتر لەدوو ملیارو نیو دۆلارە، هاوكات ئەم گەشە ئابوورییە كە باسی لێوەدەكرێت لەژیانی واقیعی خەڵكدا رەنگی نەداوەتەوەو رێژەی هەژاری لەعێراقدا زیاتر لەسەدا ٢٠و رێژەی بێكاری زیاتر لەسەدا ٣٠یە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار