بازرگانان پشت لەبۆرسەو بانكەكانی ئێران دەكەن
پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ خۆپیشاندانەكان زیاتر دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەكانی بەرپرسانی ئێران لەخەڵك و سەركوتكردنی بەردەوامی هێزە ئەمنییەكان، كەچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی بازنەی ناڕەزایەتییەكانی ئێران فراوانتر دەبێت و توێژ و چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگا زیاتر بەشداری لەو سەرهەڵدانانەدا دەكەن كە لەدوای كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی خەڵكی سەقزەوە بەبیانوی نەبەستنی لەچكەوە سەریهەڵداوەو ٤٠ ڕۆژەی تێپەڕاندووە، هاوكات جگە لەڕووە ناوخۆییەكەی، لەئاستی دەرەوەو وڵاتانی ڕۆژئاوایشدا تا دێت پشتگیری خۆپیشاندەران زیاتر دەبێت، تەنانەت (جەستن ترودۆ)ی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا خودی خۆی بەشداری خۆپیشاندانێكی ئێرانییە ناڕازییەكانی دانیشتووی ئەو وڵاتەی كردو ڕایگەیاند لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئێران كەنەدا شوێنێك نییە بۆ پاراستنی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، هاوكات ئیدانەی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی كردو ڕایگەیاند ئەو بۆ پشتگیری لە ئێرانییەكان بەشداری خۆپیشاندانەكەی كردووە.
بڕیاروایە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی تشرینی دووەم حكومەتی ئەمەریكا پرسی خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەریەكە لە جاوید رەحمان نێردەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئێران، شیرین عەبادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و نازەنین زاغەری، ئەكتەری سینەما و چالاكڤان، لە كۆبوونەوەكەدا قسە بكەن.
ئاژانسی رۆیتەرز سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاویكردووەتەوە، «لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی باس لە سەركوتی ئەمدواییەی كچان و ژنان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ئێران دەكرێت.»
لەڕاگەیەندراوێكیشدا وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵات، كە هەموویان ژنن و بریتین لە وەزیرانی دەرەوەی ( فەرەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا، نیوزلەندا، نەرویج، ئایسلەند، كۆسۆڤۆ، لیبیا، لیختنشتاین، نەمسا، ئەندۆرا و ئەلبانیا) سەركۆنەی مامەڵەی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندەران دەكەن و بە «سەركوتكردنی مافی ژنان» تۆمەتباری دەكەن و دەڵێن: «وەكو خانمە وەزیرانی دەرەوە، هەست بە بەرپرسیارێتیی هاودەنگبوون لەگەڵ ژنانی ئێران دەكەین.»
هاوكات لەهەریەكە لە وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیسرائیل و ئیتاڵیا و چەندین ناوچەی دیكە بەهەزاران كەس بۆ پشتیوانی لەخۆپیشاندەرانی ئێرانی هاتنە سەر شەقامەكان و داوای ڕووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەسزا گەیاندنی بەرپرسانی ئەو كۆمارەیان كرد كە دەستیان بە خوێنی خۆپیشاندەران سوورە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە چلەی ماتەمینیی ژینا ئەمینیدا، ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند كە 14 كەسایەتی و سێ دامەزراوە دەگرێتەوە و بەرپرسن لە سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان. لەوبارەیەوە ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، «بەرپرسانی ئێران رووبەڕووی كێشەكانی دەستی خۆیان بووەنەتەوە، و بەردەوامیشە لە تۆمەتباركردنی ئەمریكا بە هاندانی خۆپێشاندەران. با روونبین، ئەم خۆپێشاندانانە لەبارەی خەڵكی ئێران و داواكارییەكانیانە، هاوكات ئێمە لە هەوڵی ئەوەشداین زۆر هۆشیاربین نەكەوینە داوی زانیارییە هەڵەكانی ئێران كە گوایە ئەمریكا لە پشت خۆپێشاندانەكانە.»
ئەمریكا مەترسی ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە ڕەنگە ئێرانییەكان سود لەئەزمونی ڕووسەكان ببینن بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و كارین جین پیەر، وتەبێژی كۆشكی سپی دەڵێت، «ئێمە نیگەرانین لەوەی كە لەوانەیە مۆسكۆ راوێژ بداتە ئێران لەسەر باشترین شێوازی ئیدارەدانی خۆپێشاندانەكان. ئەزموونی فراوانی رووسیا لە سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكان بەكاربێت.»
لەبەرامبەریشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر كەنعانی رایگەیاندووە، بە سەپاندنی سزا بەسەر كەسایەتی و دامەزراوە ئەمریكی و كەنەدییەكان وەڵامی ئەو سزایانە دەدەنەوە كە لە لایەن ئەمریكا و كەنەدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی و ئەو ناڕەزایەتیانەی كە دواتر لەو وڵاتە دەستییان پێكرد، بەسەر وڵاتەكەیدا سەپێندراون.
سەرەڕای بەردەوامی خۆپیشاندانەكانیش رۆژی شەممەی ڕابووردوو (٢٩ـی تشرینی یەكەم) حكومەتی ئێران چەند كەسێكی لە چالاكانی نارەزاییەكان دادگاییكردووەو تۆمەتی «فەساد لەسەر زەوی، دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی حكومەتی ئیسلامی»، داوەتە پاڵیان ، هاوكات پەرلەمانی ئێران ڕۆژی یەكشەممە( ٣٠ی تشرینی یەكەم ) دەنگی لەسەر پرۆژە یاساییەكدا بۆ زیادكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرباز و پۆلیسەكان بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان.
لەلایەكی ترەوە حكومەتی ئێران هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسانیشی دەستپێكردووە و تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ ڕۆژنامەنوسان كە لەدەرەوەی ئێران خولی ڕاهێنانیان بۆ چۆنیەتی ڕووخانی ڕژێم بینیووە، لەبەرامبەریشدا لەڕاگەیەندراوێكدا ٣٠٠ ڕۆژنامەنوس هەڵمەتێكیان بۆ ئازادكردنی هاوپیشەكانیان دەستپێكردووەو داوایانكردووە دەسەڵاتداران دەستگیركراوەكان ئازادبكات و ڕێگە لەكاری ڕۆژنامەنووسی نەگرێت.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش لەچەند ڕۆژی ڕابووردوودا زیاتر لە ٣٦٥٠ ملیار تمەنی ئێرانی لە بۆرسەكانی ئێران ڕاكێشراونەتەوەو تاوەكو ئێستا فرۆشتنی پشكەكەكان زیاتر لە پرۆسەی كڕێنی پشك و بازرگانان پشكەكانیان دەفرۆشن.
رۆژی ١٣ی ئەیلوول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی «پابەند نەبوون بە یاساكانی جلوبەرگی ئیسلامی» ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر كرد، دوای دەستگیركردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێكچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و رۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاك سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەش خۆپیشاندان دروست بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەكانی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای خۆپێشاندانەكانەوە تاوەكو ئێستا نزیكەی ٣٠٠ كەس كە زیاتر لە ٣٠ كەسیان منداڵبوون بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و خۆپیشاندانەكانیش بەردەوامییان هەیە.