٥٣ شەو و رۆژ لە پێناو ئازادی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

53 رۆژە بە بێ وەستان مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە شەقام و زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و مامۆستای زانکۆش هۆشداریی دەدەن لەوەی کە بەشداریی ناڕەزایەتییەکان بکەن و داواش دەکرێت رۆژی چوارشەممە ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی و بەرفراوان بەڕێوبچێت.

رۆژی سێشەممە مانگرتن و گردبونەوە لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە و زانکۆکانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردەوە و هاوکات لە زۆربەی زانکۆکانی شاری تاران و مەشهەد و ئەسفەهان و شیراز ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو. لە شاری رەی لە پارێزگای تاران بەڕێوبەری خوێندگەی کچان بۆ رێگریی لە ناڕەزایەتیی خوێندکاران هێرش دەکاتە سەر خوێندکاران و دو خوێندکاریش بە سەختی بریندار دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.

لە شاری دیواندەرە لە رۆژهەلاتی کوردستان بەشداریی جەماوەریان کرد لە چلەی مەرگی فواد قەدیمی ، ئەو گەنجەی لە خۆپیشاندانەکانی رابردوی شارەکە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرابو. لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان رۆژی سێشەممە دوکان و بازاڕەکان وەک ناڕەزایەتیی نەکرانەوە و مانگرتن لە سەرتاسەری پارێزگاکە بەڕێوچو. خوێندکارانی شاری ئەهواز لە باشوری ئێران خۆپیشاندانیان کرد. لە شاری مەشهەد وێنەی گەورەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران وەک ناڕەزایەتیی سور کرا. لە شاری کرمان هێما و سیمبولەکانی دەسەڵاتی ئێران لە شارەکە سوتێنرا.

عەلی بەهادۆری جەهرۆمی؛ وتەبێژی حکومەتی ئێران ئێران رایگەیاند؛ نارەزایەتییەکانی ئێستای ناوخۆی وڵاتەکە لە ئەنجامی کەموکوڕییەکانی حکومەتی پێشوی وڵاتەکەدا بوە. ئەو حکومەتی پێشوی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە رێگەی بە دەربڕێنی ناڕەزایەتییەکان نەداوە و بە چاوێکی ئەمنی و ئاسایشیی لە ناڕەزایەتییەکانی روانیوە بۆیە لە ئێستادا ئەو ناڕەزایەتییانە بە شێوازی توند سەریانهەڵداوە. هاوشانی زۆربەی چین و توێژەکان لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گردبونەوە و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و ناوندنێکیش ئاشکرای دەکات لە 52 رۆژی ناڕەزایەتییەکان لانیکەم 550 کەس کوژراون. خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران داوای ئازادکردنی ئەو خوێندکارانە دەکەن کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و ژمارەیان لە هەزار کەس زیاترە.

هاوکات سەدان خوێندکاریش بەهۆی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە پڕۆسەی خوێندن بێبەش کراون و خوێندکاران داوای گەڕانەوەی ئەو هاوڕێیانەیان دەکەن کە وەک سزادان لە زانکۆ دروخراونەتەوە. سەرۆکایەتیی زانکۆکانی ئێران سەرەڕای قەدەغەکردنی دەمامک بڕیاری داوە بە زیادکردنی کامێراکانی چاودێریی و ئەوەش ناڕەزایەتیی و توڕەیی زیاتری خوێندکارانی لێکەوتوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە هاوشانی زانکۆکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە هەندێک ناوچە بەردەوامە و داوا لە خەڵک لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە کە بەشداریی لە چلەی مەرگی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بکەن وەک دەبڕینی ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنی خۆپیشاندەران. خوێندکارانی شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانیان کرد و شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارەیان کۆنتڕۆڵ کرد. لە شاری سنە هاوشێویەی 52 شەوی رابردو گەنجان لە زۆربەی گەرەگ و کۆڵانەکانی شارەکە ئاگریان کردەوە و دروشمینا دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە.

موجاهیدینی خەڵقی ئێران بڵاوی کردەوە لە 52 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا 550 کەس بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و نزیکەی 30 هەزار کەسیش دەستگیرکراون. موجاهیدن جەختی لەوە کردوەتەوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها کوژراوانی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بڵاو کردوەتەوە کە نزیکەی 40 کەسن بەڵام ژمارەی راستەقینەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاردوەتەوە و بڵاوی ناکاتەوە.

بڵاوکردنەوە ئامارەکانی موجاهیدن لە کاتێکدایە بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە 52 رۆژ ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا 321 کەس کوژراون و 14 هەزار و 823 کەسیش دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار