ناڕەزایەتییەکان لە 55ەمین رۆژیدا بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

55 رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و گەنجانی چەند شارێکی رۆژهەڵات رژانە سەر شەقامەکان و لە تاران و رەشت و چەند شارێکی دیکەش بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون و هاوڵاتییەکی بیانی دیکەش لەو وڵاتە دەستگیر کرا.

بڕیارە رۆژی هەینی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی بۆ یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوبچێت و هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانیش کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. لە شاری مەهاباد رۆژی پێنجشەممە بۆ جاری 14یەم مانگرتن لە دو مانگی رابردودا بەڕیوچو و دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە نەکرانەوە. ئێوارەی پێنجشەممە گەنجانی شاری مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و بە کرتنەوەی ئاگر چەند شەقامێکی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و دژی دەسەڵاتی ئێران دروشمیان وتەوە. گەنجانی شاری مەریوان هاوشێوەی مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و لە چەند شوێنێکی ئەو شارە ئاگریان کردەوە دروشمیان وتەوە. گەنجانی شارۆچکەی (موچش) سەر بە شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەوی پێنجشەممە رژانە سەر شەقامەکان و تابلۆ و هێماکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەو شارۆچکەیە سوتاند.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵات بۆ رێگریی لە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کێشەی بڕینی ئاوی ماڵانی دروست کردوە و لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەو شارە ئاوی خواردن نەماوە. لە شاری مەشهەد بۆ رێگریی لە سوتاندنی پەیکەرەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران، پاسەوانی (24) کاتژمێریان بۆ دانرا ئەوەش لە کاتێکدایە پەیکەری ئەو فەرماندەیە لە زۆربەی شارەکانی ئێران سوتێنراوە و بە شێوازی جیاواز وێنەکانی و پەیکەرەکانی دەکرێنە ئامانجی گەنجانی ناڕازی.

هەر شەوی پێنجشەممە لە چەند شەقامێکی سەرەکیی تاران شۆفێران بە لێدانی هۆڕنی دورودرێژ ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە گۆڕستانی دارسەیران لە شاری مەریوان چلەی مەرگی موختار ئەحمەدی بەڕێوەچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەی (1/10/2022) شاری مەریوان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرابو. موختار ئەحمەدی تەمەنی 19 ساڵ بو کە بۆ بژێوی دەستفرۆشیی دەکرد.

مامۆستا فاتمە زەندکەریمی لەسەر گۆڕی مۆئمین زەندکەریمی کە لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردو شاری سنە کوژرا ، رایگەیاند خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان 43 ساڵ پێش ئێستاشەوە هەر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بون و لە ئێستادا خەڵکی شارەکانی ئێران هاوشانی کوردستان دژی ئەو دەسەڵاتە وەستاونەتەوە... لە شاری رەشت لە پارێزگای مازندەران گردبونەوەی نارەزایەتیی بەڕێوەچو هێزە ئەمنییەکانیش بە لێدان و بەکار‌هێنانی چەکی ساچمەیی بڵاوەیان بە ناڕەزایەتیی ئەو شارە کرد. گەنجانی ناڕەزای بە ئاهەنگ گێران و سەما کردن لە گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زانکۆی فیردەوسی شاری مەشهەد رێگە نەدرا بە خوێندکارانی ناڕازیی بچنە هۆڵی کۆبونەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی دژی وتەبێژی حکومەت کە سەردانی زانکۆکەی کردبو دەرنەبڕن.

خوێندکارێکی زانکۆ لە وتەبێژی حکومەتی ئێران دەپرسێت ئێوە کە بە لێدوانەکانتان پاساوتان هەیە بۆ هەموشتێک چ پاساوێکتان هەیە بۆ کوشتنی هەزار و 500 کەس لە ساڵی 2019؟.. دۆخی سەربازیی بەسەر شاری زاهیدان جێبەجێ دەکرێت و لە ترسی خۆپیشاندان ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لەو شارەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاوەیان پێدەکرا.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە رۆژی پێنجشەممە هاوڵاتییەکی دیکەی ئیسپانیا لە ئێران دەستگیر کراوە و ئەوەش دوەم هاوڵاتیی ئەو وڵاتەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیر کراون پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندبو 11 هاوڵاتیی بیانیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکردوە لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە هۆشدارییان داوە کە گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەو هاوڵاتییە بیانیانەشی کە لەو وڵاتەن بگەڕێنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار