لهڕۆژنامهی (هاوڵاتی)ییهوه...خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لەعێراقدا مشتومڕ دروستدەكات... مەرجی قورس دانراوە بۆ ئەو كەسانەی لەخزمەتی سەربازی هەڵدێن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەرچەندە وابڕیاربوو لەدانیشتنی رۆژی یەكشەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ بكات، بەڵام پرۆژە یاسای (خزمەتی ئاڵا) كە بەسەربازیی زۆرەملێ ناسراوە خوێندنەوەی بۆ نەكراو دواخرا.
ئەم پرۆژە یاسایە كە لەساڵی ٢٠٢١و لەسەردەمی كابینەكەی مستەفا كازمی ئامادەكراوەو لە ٦٦ ماددەو ٨٨ لاپەڕە پێكدێت، لەنێوان لایەنگران و ئەوانەی دژی وەستاونەتەوە مشتومڕێكی زۆری دروستكردووەو تەنانەت ناكۆكی و مشتومڕەكانیشی گەیشتووەتە شەقامی عێراق و هاووڵاتیانی لەنێوان دوو بەرەدا دابەشكردووە كەبەشێكیان بۆ دۆخی ئێستای عێراق و ئەو ململانێ مەزهەبی و بێكارییەی گەنجان لەئارادایە بەباشی دەزانن و بەشێكی دیكەشیان بەگەڕانەوەی سیماكانی دەسەڵاتە سەركوتكارەكانی پێشووی عێراق وەسفی دەكەن.
بەپێی پرۆژەیاساكە خزمەتی سەربازی بۆ هەر گەنجێك كە تەمەنی لەنێوان ١٨ ساڵی بۆ ٣٥ ساڵی دەبێت و ماوەكەی لەنێوان 18 مانگ تاوەكو سێ مانگ دەبێت، لەدوای پەسندكردنی پرۆژەیاساكە كە لەدوای دوو ساڵ جێبەجێدەكرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەشی كەبڵاوكراونەتەوە ئەگەر بێت و ئەم یاسایە جێبەجێبكرێت ئەوا ١٤ تەمەن دەگرێتەوەو نزیكەی دوو ملیۆن كەس دەچنە خزمەتی سەربازی.
هەر بەگوێرەی یاساكە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بەمجۆرەیە: بۆ ئەوانەی بڕوانامەیان نییە 18 مانگ دەبێت، بۆ ئەوانەی ئامادەییان تەواوكردووە 12 مانگ، دەرچوانی كۆلێژو پەیمانگا نۆ مانگ، هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر شەش مانگ، هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا، سێ مانگ دەبێت. دەربارەی موچەی سەربازەكانیش بەگوێرەی پرۆژەیاساكە لەنێوان 600 بۆ 700 هەزار دینارە، لەبارەی ئەوەی ئەگەر كەسێك نەچێتە خزمەتی سەربازی، ئەوا بەبڕی 250 هەزار دینار تاوەكو پێنج ملیۆن دینار وەكو سزای پێبژاردن سزا دەدرێت، یاخود بەسزای ساڵێك تا سێ ساڵ زیندانی دەكرێت.
هەر بەپێی پرۆژە یاساكە ئەوەی كەكێشەی تەندروستی هەیەو ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە سێ ساڵ لەسەر یەك نەیتوانی سەربازی بكات دەبەخشرێن، هاوكات تاقانەكانیش دەبەخشرێن.
هەر بەپێی یاساكە هەر پیاوێكی عێراقی كە ١٩ ساڵی تەواوكردبێت و هێشتا نەگەیشتبێتە ٤٥ ساڵی ناتوانێت سەفەری دەرەوە بكات جگە لەوانەی بۆ خوێندن گەشت دەكەن ئەگەر بێت و خزمەتی سەربازی ئەنجامنەدابێت یاخود نەبەخشرابێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەشی كە بڵاوكراونەتەوە جگە لەسوننەكان كە پشتگیری ئەم پرۆژەیاسایە دەكەن (بەخودی سەرۆكی پەرلەمانیشەوە)، بەشێكی زۆری هێزە شیعییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە كوردییەكان دژی تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایەن.
هاوكات بەشێكی زۆری ئابوریناسان بڕوایان وایە دروستكردنی سوپایەكی زەبەلاح بارگرانییەكی گەورە دەخاتەسەر بوودجەی عێراق و ئەوەی ئەم وڵاتە پێویستییەتی درووستكردنی كارگەو دابینكردنی هەلی كارە نەك سوپا، لەبەرامبەردا بەشێكی دیكە لەهاووڵاتیان بڕوایان وایە بۆ نەمانی تائیفەگەری و یەكسانی و دادپەروەری لەسوپادا پێویستە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بگەڕێتەوە.
خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لەعێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان كەتیایدا بەزۆر گەنجانیان دەبردە سوپاكانیانەوە، بەڵام لەعێراقدا ئەمە زۆر بەچاكی جێبەجێ نەدەكرا، ئەویش بەهۆی یاخیبوونی خێڵەكان و پەیوەستنەبوونیان بەیاساكانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆیە زۆرجار لەبەرامبەردا لەبری خزمەتی سەربازی پارە دەدرا بەدەوڵەت و بەمەش خێڵەكان گەنجەكانی خۆیان نەدەناردە ریزی سوپاوە.
لەساڵی ١٩٣٥ەوە لەعێراقدا سەربازیی زۆرەملێ بوونی هەبووە تاوەكو ساڵی ٢٠٠٣ كە لەلایەن حاكمی مەدەنی ئەمریكی (پۆڵ برێمەر)ەوە هەڵوەشایەوەو تائێستاش پرۆسەی سەربازیی خۆبەخشییەو زۆرەملێی نییە.